لە ساڵیادی بنیاتنانی سنە فێستیڤاڵێکی فۆتۆگرافی بەڕێوەچوو

05-05-2025
پەسار فایەق
فۆتۆگرافەر یونس محەممەد لەگەڵ بەشێک لە فۆتۆگرافەرانی بەشداربووی فێشتیڤاڵ
فۆتۆگرافەر یونس محەممەد لەگەڵ بەشێک لە فۆتۆگرافەرانی بەشداربووی فێشتیڤاڵ
نیشانەکردن یونس محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە چوارچێوەی چالاکییەکانی هەفتەی سنە، سێیەمین فێستیڤاڵی نیشتمانیی وێنەی سنە بەڕێوەچوو و فۆتۆگرافەر یونس محەممەد، وۆرکشۆپێکی لەبارەی وێنەی جەنگی بەڕێوەبرد و هەڵسەنگاندنی بۆ وێنەی فۆتۆگرافەران کرد.
 
فێستیڤاڵەکە لە 29ـی نیسان تاوەکو 3ـی ئایاری 2025 لە سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو و 35 فۆتۆگرافەر تێیدا بەشداربوون و زیاتر لە 120 فۆتۆگرافەر داواکارییان بۆ بەشداربوون لەو چالاکییە هونەرییەدا پێشکێشکردبوو. 
 
یونس محەممەد، فۆتۆگرافەری کورد، بە رووداوی گوت، وەک فۆتۆگرافەرێک لە هەرێمی کوردستان، بانگهێشتی فێستیڤاڵی نیشتمانیی وێنەی سنە کراوە و لەگەڵ سێ فۆتۆگرافەری دیکە، لە لیژنەی دادوەریی فێستیڤاڵ بووە و هەڵسەنگاندنیان بۆ وێنەی فۆتۆگرافەرەکان کرد کە لە سەرتاسەری ئاستی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەشداربوون.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، جگە لەوەی وەک ئەندام لە لیژنەی دادوەریی فێستیڤاڵ بووە، وۆرکشۆپێکی لەبارەی بە بەڵگەکردنی وێنەی جەنگی بۆ بەشێک لە فۆتۆگرافەرە بەشداربووەکانی فێستیڤاڵ پێشکێشکردووە.
 
بە بۆنەی تێپەڕینی 389 ساڵ بەسەر بنیاتنانی شاری سنە، چالاکی جیاواز لە سنووری ئەو شارە سازکران، یەکێک لەوانە فێستیڤاڵی نیشتمانیی وێنەی سنە بوو. 
 
سنە لە 1636 لەلایەن سلێمان خانی ئەردەلان بنیاتنراوە و لە 2018ـەوە بە فەرمی یادی ئەو رۆژە دەکرێتەوە.
 

یونس محەممەد، لە 1968 لە دهۆک لە دایکبووە، لە ئێران ژیاوە و ئێستا لە هەولێرە نیشتەجێیە، کار بۆ دامەزراوە و ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان دەکات، بەشێک لە فۆتۆکانی لەسەر ئاستی جیهاندا بڵاوبوونەتەوە، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندییان بە پێشمەرگە و شەڕی دژی داعشەوە هەبووە.
 
ئەو کاتەی لە ئێران ژیاوە، بەشێک لە فۆتۆکانی لە پێشانگەکانی ئەو وڵاتە خراونەتەڕوو، کومەڵە وێنەیەکی بەناونیشانی "بەناوی ئایین" خەڵاتی یەکەمی وێنەی ساڵی وەرگرتووە. تاوەکو ئێستا بەشداری لە چەندین پێشانگەی فۆتۆگرافی لە نێوخۆیی و نێودەوڵەتیدا کردووە و زیاتر لە 15 خەڵاتی لە پێشبڕکێیە نێودەوڵەتییەکاندا بەدەستهێناوە.
 
لە کۆتایی 2021ـدا، لە کێبڕکێی نێودەوڵەتیی خەڵاتی وێنەی تۆکیۆ، خەڵاتی سێیەم و برۆنزی بەشی رۆژنامەڤانی و شەڕی بەدەستهێناوە کە بە پڕۆژەی بریندارانی شەڕی داعش بەشداربوو. لە کۆتایی هەمان ساڵدا، خەڵاتی سێیەمی باشترین وێنەکانی ساڵی رێکخراوی یونسێفی بەدەستهێنا.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە