ئارنۆڵد شوارزنێگەر پەیامێک ئاڕاستەی ڤلادیمێر پووتین دەکات

19-03-2022
پەسار فایەق
نیشانەکردن ئارنۆڵد شوارزنێگەر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئارنۆڵد شوارزنێگەر، ئەکتەری نەمسایی – ئەمریکی، پەیامێکی ڤیدیۆیی ئاڕاستەی ڤلادیمێر پووتین کردووە، تێیدا داوای راگرتنی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا دەکات و هێرشەکە بە 'کارەساتی مرۆیی' دەناسێنێت.
 
ئەو ئەکتەرە تەمەن 74 ساڵە، لە پەیامەکەدا خۆشەویستی خۆی بۆ گەلی رووسیا نیشاندەدات، بەڵام رەخنە لە پووتین و کرێملین دەگرێت.
 
لە پەیامەکەدا هاتووە: "بە سەرۆک پووتین دەڵێم، ئەو جەنگەت دەستپێکرد، تۆ سەرپەرشتی دەکەیت و دەتوانیت ئەو جەنگە بوەستێنیت". 
 
هەروەها پرسیاری "تەنیا لێتان دەپرسم، بۆچی لە پێناو خواستەکانتان ئەو گەنجانە دەکەنە قوربانی" ئاڕاستەی سەرۆکی رووسیا و کرێملین کردووە.
 
ماوەی پەیامە ڤیدیۆییەکە نۆ خولەکە و ئامانجی لە بڵاوکردنەوەی لەلایەن ئەو هونەرمەندەوە، دروستکردنی فشارە بۆ سەر ڤلادیمێر پووتین بۆ راگرتنی هێرشی ئەو وڵاتە بۆ سەر ئۆکراینا.
 
ئەو ئەکتەرە کە بۆ ماوەیەک رووی لە کاری سیاسی کردبووە و حاکمی ویلایەتی کالیفۆرنیا بوو، هەر لە پەیامەکەدا دەڵێت: "هیچ کەسێک نایەوێت رەخنەگرتن لە حکومەتەکەی ببیستێت، من لەوە تێدەگەم، بەڵام بەهۆی ئەوەی هاوڕێیەکی کۆنی گەلی رووسیام، هیواخوازم بیسەری ئەوەبن کە پێویستە بیڵێم". هەروەها دەڵێت "بە هەمان ترسی راستگۆیانەوە قسە دەکەم، وەک چۆن لەگەڵ گەلی ئەمریکا کردم کە هەوڵێکی یاخیانە لە 6 کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو هەبوو، کاتێک جموجۆڵێکی بێزارکەر لە پایتەختی ئەمریکا هەبوو بۆ هەڵوەشاندندەوەی حکومەتەکەمان".
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە: "وەک دەبینن، ئۆکراینا ئەم جەنگەی دەستپێنەکردووە، نە ناسیۆنالیستەکان و نە نازییەکان دەستیان بەو جەنگە نەکردووە، بەڵکو ئەوانەن کە لە دەسەڵاتن لە کرێملین، ئەمە جەنگی گەلی رووسیا نییە، لە راستیدا، رێگەم پێبدەن پێتان رابگەیێنم لەوەی کە پێویستە بیزانن، 141 وڵات لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگی لەسەر ئەوە دا کە رووسیا دەستدرێژیکەرە و داوای کشاندنەوەی هێزەکانیان لێی کردووە، لە هەموو جیهاندا چوار وڵات دەنگیان لە بەرژەوەندی رووسیادا، ئەمەیە راستییەکە".
 
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "بەهۆی رەفتارەکانی رووسیا لە ئۆکراینا، جیهان بە روویدا گۆڕا، بەهۆی موشەک و بۆمبی رووسییەوە، باڵەخانەکانی شار داڕمێندران، تەنانەت نەخۆشخانەی منداڵان و نەخۆشخانەی لە دایکبوون و سێ ملیۆن پەنابەری ئۆکراینی وڵاتەکەیان جێهیشتووە، هەموویان ژن، منداڵ و کەسانی بە ساڵاچوون و ژمارەیەکی زۆریش دەیانەوێت بچنە دەرەوە، ئەمە کێشەیەکی مرۆییە، بەهۆی وەحشیگەرییەکەی، ئێستا رووسیا لە کۆمەڵگەی نەتەوەکان دابڕاوە، تەنانەت تۆش راستییەکی لەبارەی ئاکامەکانی ئەو جەنگە لەسەر رووسیا پێ ناگوترێت، داوای لێبوردن دەکەم کوشتنی هەزاران سەربازی رووسیتان پێ رابگەیێنم".
 
هەر لە پەیامە ڤیدیۆیەکەدا کە بە زمانی ئینگلیزییە و ژێرنووسی رووسی بۆ کراوە، هاتووە: "بڕێکی زۆری کەرستە و کەلوپەلی رووسییەکان لە ناوبراون و بە جێهێڵراون، شوێنەواری ئەو وێرانکارییە بەهۆی بۆمبەکانی رووسیا کە رووبەڕووی خەڵکی بێ تاوان بووەتەوە، جیهانی بە رادەیەک توڕەکردووە کە قوڕسترین سزا ئابوورییەکان بخەنە سەر وڵاتەکەت، ئەوانەی کە شایەنی ئەو نەهامەتییە نین، لە کاتی جەنگدا رووبەڕووی دەبنەوە، حکومەتی رووسیا تەنیا درۆی لەگەڵ خەڵەکەکەی نەکردووە، بەڵکو لەگەڵ سەربازەکانیشی".
 
هەروەها دەڵێت: "بە بەشێک لە سەربازەکان گوتراوە کە لە دەژی نازییەکان دەجەنگن، بە هەندێکیان گوتراوە کە ئۆکراینا وەک پاڵەوان پێشوازیان لێدەکەن، هیچ کام لەمانە راست نین".
 
ئارنۆڵد شوارزنێگەر، لە 30-7-1947 لە نەمسا لە دایکبووە، یاریزانی لەشجوانی بووە، دواتر لە ئەمریکا رووی لە سینەما و سیاسەت کردووە، 38مین حاکمی کالیفۆرنیا بوو، دەستپێکی کاری هونەریی وەک ئەکتەرێکی فیلمە ئەکشنەکان ناوبانگی پەیداکرد و لە بەرهەمە بەناوبانگەکانی زنجیر فیلمی 'The Terminator' کە لە پێنج بەشدا بەرهەمهاتووە.
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە