رووداو - سلێمانی
بڕیارە بەم نزیکانە هونەرمەند هەڵوێست محەممەد ڤیدیۆ کلیپێکی نوێ بڵاوبکاتەوە و دەیەوێت بگاتە ئاستی ڤیدیۆ کلیپی (گوڵێ)ی زەکەریا عەبدوڵڵا.
لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو هەڵوێست محەممەد، گوتی: بەمنزیکانە نوێترین کاری هونەریی بڵاودەکەمەوە، کە یەکێکە لە تراکەکانی فیلمی پەیکەری دڵ. هەڵوێست ناوی ڤیدۆکلیپەکە ئاشکراناکات، بەڵام دەڵێت: پێشبینیدەکەم، هەنگاوێکی باشبێت بۆ ڤیدیۆ کلیپی گۆرانی کوردی.
هەڵوێست محەممەد سەرسامیی خۆی بە ڤیدیۆ کلیپی گوڵێی زەکەریا عەبدوڵڵا دەردەبڕێت و دەڵێت: "دەمەوێت ئەم ڤیدیۆ کلیپەم بگاتە ئاستی ڤیدیۆکلیپی گوڵێ"، هەروەها لەوبڕوایەدایە، هێشتا "هیچ ڤیدیۆ کلیپێکی کوردی نەگەیشتووەتە ئاستی ئەو بەرهەمەی زەکەریا".
بە گوتەی هەڵوێست، ئەم ڤیدیۆ کلیپە نوێیەی ستافێکی پڕۆفیشناڵی تورک کارەکانی بۆکردووە، تێکستی گۆرانییەکە هی خۆیەتی، یەکێکە لە تراکەکانی فیلمی پەیکەری دڵ کە لە 12 تراک پێکهاتووە و تاوەکو ئێستا دوو تراکی دیکەی کراوە بە ڤیدیۆ کلیپ، عەلی شەریفزادە، کاری میوزیکی بۆکردووە، لەلایەن (ئێلتان نوری) کاری وێنەگرتنی بۆ کراوە و سیناریۆی ڤیدیۆ کلیپەکە هەڵقوڵاوی تێکستی گۆرانییەکەیە.
هەڵوێست محەممەد لە شاری هەڵەبجە لە دایکبووە، دانیشتووی شاری سلێمانییە، دەرچووی کۆلیژی ئەندازیارییە، ماوەی چەند ساڵێکە دەستیکردووە بە کاری هونەری و چەندین گۆرانی و ڤیدیۆ کلیپی هەیە، خاوەنی یەک ئەلبومی گۆرانییە بە ناوی ( IQD700).
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ