رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە هونەرمەند شوکر خەیات دەکات و دەڵێت، "به ده‌نگ و هونه‌ر و شاره‌زايى و به‌هره‌ى له مه‌قامدا، خزمه‌تێكى زۆرى پێشكه‌ش به هونه‌رى كوردى كردووه."
هونەرمەند شوکر خەیات کاژێر 11:00ـی شەوی هەینی، 18-08-2023، لە نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر کۆچی دواییکرد. ئەمڕۆ شەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کۆچی دوایی ئەو هونەرمەندە، سەرەخۆشی لە خانه‌واده و كه‌سوكارى و ته‌واوى هونه‌رمه‌ندان کرد و رایگەیاند، "هاوخه‌ميانم." گوتیشی، "له خواى مه‌زن داواكارم گيانى خوالێخۆشبوو به به‌زه‌يى و ميهره‌بانيى خۆى شاد بكات."
شوکر خەیات لە 1940 لە گوندی قەڵخانلوی ناوچەی داوێ لە گەرمیان لەدایکبووە، ناوی تەواوی شوكر محەممەد قادرە، بەهۆی پیشەکەیەوە بە شوكر خەیات دەناسرێت، تاوەکو تەمەنی 12 ساڵی لە گوندەکەی ژیاوە، پاشان ماڵیان بۆ گەڕەكی شوریجەی كەركووك گواستراوەتەوە.
شوکر خەیات لە 1955ـەوە گۆرانی گوتووە و وەک دەنگخۆشێک ناسرا، لە 1967 ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و پێنج كچ و سێ كوڕی هەیە. لە 1969 بۆ یەکەمجار بە گوتنەوەی گۆرانیی 'یار غەزاڵ و سەوزە سەوزە'ـی سەید عەلی ئەسغەری كوردستانی، هونەرمەندی کورد، ناوبانگی پەیداکرد و لەگەڵ نەی ژەن ئەحمەد داودە، گۆرانی و مەقامی تۆمارکردووە.
لە تەمەنێکی زوو، شارەزاییەکی زۆری لە مەقامات پەیداکردووە، لەوانە مەقامی ئەڵڵاوەیسی، قەتار، ئای ئای، سێگا، چوارگا، نەهاوەند، عەجەم، حیجاز و سەبا و چەند جۆرێکی دیکە و خاوەنی زیاتر لە سەت بەرهەمە.
نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، "هونه‌رمه‌ند شوكر خه‌يات به ده‌نگ و هونه‌ر و شاره‌زايى و به‌هره‌ى له مه‌قامدا، خزمه‌تێكى زۆرى پێشكه‌ش به هونه‌رى كوردى كردووه و ژماره‌يه‌كى زۆر له به‌رهه‌مى جوان و ئه‌رشيفێكى ده‌وڵه‌مه‌ندى مه‌قام و گۆرانى له دواى خۆى جێهێشت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ