رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی کەسێک هێرشی کردە سەر سەیف عەلی خان، ئەکتەری بۆلیوودی و برینداری کرد، پۆلیس کەسێک بەو تۆمەتە دەستگیر کردووە.
پۆلیسی هیندستان، رۆژی یەکشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2025 کەسێکی تەمەن 30 ساڵی دەستگیر کردووە، گومان دەکرێت ئەو کەسە بێت کە هێرشی کردووەتە سەر خان.
هێرشکردنە سەر سەیف عەلی خان لە ماڵەکەیدا، بۆ هونەرمەندان و پیشەسازی سینەما لە مۆمبای شۆکهێنەر بوو و مژاری لاوازی ئاسایشی شارەکە خراوەتە بەرباس.
هێرشکردنە سەر ئەو ئەکتەرە بە چەقۆ، لە بەرەبەیانی پێنجشەممە 16ـی کانوونی دووەمی 2025 لە ماڵەکەیدا لە ناوچەی باندرا لە شاری مۆمبای هیندستان بوو، دوو برینی قووڵ بوون، یەکێکیان لە نزیک بڕبڕەی پشتییەت بوو، بەهۆیەوە نەشتەرگەری بە پەلەی بۆ کراوە و مەترسی لەسەر ژیانی نەماوە.
بەپێی راپۆرتە سەرەتاییەکان لە هەمان رۆژدا بڵابوونەوە، کەسێک کە ناسنامەکەی ئاشکرا نەبووە، چووەتە نێو ماڵی ئەو ئەستێرەیە و رووبەڕووبوونەوە لە نێوانیاندا دروست بوو و بەشێک لە ئەندامانی خێزانەکەی لە ماڵ بوونە.
ئەو کات پۆلیسی مۆمبای زانیارییەکانی پشتراستکردەوە و رایگەیاندبوو، لێکۆڵینەوەی چڕ دەستپێدەکەن بۆ دەستگیرکردنی تاوانبارەکە.
پۆلیس رایگەیاندووە، گومانلێکراو خەڵکی بەنگلادشە و بە نایاسایی هاتووەتە نێو خاکی هیندستان و ناوی لە "محەممەد شەریف ئیسلام بۆ بیجۆی داس گۆڕیوە"، بەپێی لێکۆڵێنەوە سەرەتاییەکان، ئەو کەسەیە کە چووەتە نێو ماڵی سەیف عەلی خان.
پۆلیس ئەوەشی ئاشکرا کردووە، تۆمەتبار پێنج بۆ شەش مانگ لە دەوروبەری مۆمبای ژیاوە.
سەیف عەلی خان، لە 16ـی ئابی 1970 لە هیندستان لەدایکبووە، لە زیاتر لە 70 فیلمدا رۆڵی گێڕاوە و دامەزرێنەر و خاوەنی کۆمپانیای "Illuminati Films"یە، هاوژینی کارینا کاپوور، ئەستێرەی سینەمای بۆلیوودە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ