یوسف تاڵیب نوێترین بەرهەمی لە رێگەی (دیاسپۆرا)ـی رووداو بڵاودەکاتەوە

20-09-2025
هێمن عەبدوڵڵا
هونەرمەند یوسف تاڵیب لە بەرنامەی (دیاسپۆرا)ـی رووداو
هونەرمەند یوسف تاڵیب لە بەرنامەی (دیاسپۆرا)ـی رووداو
نیشانەکردن یوسف تاڵیب
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هونەرمەند یوسف تاڵیب کاری کەم بەڵام پوخت دەکات، کە تەماشای دەکەیت، سەروسیمایەکی نوورانیی هەیە، دەنگیشی نەوازشی گوێ و هەستەکانت دەکات، ئەمڕۆژانە گۆرانییەکی نوێیی بەناوی (مەحروومی یار) بڵاودەکاتەوە کە چیرۆکێکی پڕ لە سۆز و هەست لە پشتەوەیە، دوای نزیکەی 16 ساڵ لە خەیاڵ و کۆچی ژیانی هونەرمەند، ئێستا دەگاتە دەست بیسەرانی.
 
یوسف تاڵیب، میوانی بەرنامەی (دیاسپۆرا)ـی رووداو بوو و باسی چۆنیەتی بەرهەمهێنانی بەرهەمەکەی کرد و گوتی "15 بۆ 16 ساڵ دەبێت من لە خەیاڵمدایە کار لەسەر ئەم گۆرانییە بکەم". ئەو چیرۆکی باوکی گێڕایەوە کە لە کاتی نەخۆشییەکەیدا داوای لێکردووە وەسیەتنامەیەکی بۆ بنووسێت، دوای ماوەیەک و دوای کەمێک باشبوونی تەندروستی باوکی، دیوانی سافی هیرانی بە دەستەوە دەگرێت و هۆنراوەی (مەحروومی یار) سەرنجی رادەکێشێت، هەر لەو کاتەدا میلۆدییەکی جوانی بۆ دادەنێت، بەڵام بەهۆی کۆچی بۆ ئەورووپا نەیتوانی کاری لەسەری بکات.
 
یوسف تاڵیب سەرەتا چووەتە سویسرا، دواتر بەریتانیا، لەوێ لە رێگەی سەید عەلی جابرییەوە پەیوەندی بە تەوحیدی عەزیز لە ئەسفەهان دەکات، تەوحیدی میلۆدییەکە تۆمار دەکات و بەشێوەیەکی جوانتر دەستکاری دەکات، کە بووە هۆی بەرهەمهێنانی ئەم بەرهەمەی.
 
سەبارەت بە کەم دەرکەوتنەکانی، یوسف تاڵیب روونیکردەوە: "کەم دەرکەوتن باشترە لە زۆر دەرکەوتن و لە زوو لەناوچوون". ئەو ئاماژەی بەوەدا ئەم بەرهەمە ماوەیەکی زۆر کاری لەسەر کراوە و گومان لەوە نییە بۆ ست ساڵ دەمێنێتەوە، هۆکارێکی دیکەی کەم دەرکەوتنی گەڕاندەوە بۆ بارودۆخی پەنابەرێتی و نەبوونی سپۆنسەر کە وایکردووە هونەرمەندان نەتوانن زوو زوو بەرهەم بڵاوبکەنەوە.
 
هونەرمەند جەختی لەسەر گرنگی هۆنراوەی کلاسیک کردەوە و گوتی "هۆنراوەی کلاسیکی زۆر دەوڵەمەندە، سیناریۆیەکی جوانە، وێنەیە، هەرچیت بوێت بتەوێ لە هۆنراوەیەکی کلاسیکدا بەدی بکەی؛ بێگومان بەدییەکەی، ئینجا لە رووی زمان و واتا و وێنەوە دەوڵەمەندە و بە ئاسانی دەچێتە نێو هەستی گوێگرانەوە، چونکە راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ ژیانی کۆمەڵگەدا دەکات".
 
ئاماژەی بەوەشدا کە بەشێک لە هۆنراوەکان کاتێک دەکرێن بە گۆرانی، وەک فیلمێکی سینەمایی دەبینرێن و کاریگەرییەکی زۆر لەسەر دەروونی بینەر دروست دەکەن، بەهۆی ئەو رۆحیەتە عیرفانییەی تێیدایە لەگەڵ میوزیکی کلاسیکدا زۆر باش دێتەوە، هەر بۆیە ئەویش زۆرترین کاری لەگەڵ ئامێرە کلاسیکییەکاندا هەیە و زیاتر کار لەسەر هۆنراوەی کلاسیک و ستایلی عیرفانی دەکات.
 
یوسف تاڵیب مژدەی نوێی بۆ هەوادارانی هەبوو و رایگەیاند "چەندان میلۆدی دیکەم هەیە و ئامادەن کاریان لەسەر بکەم". گوتیشی "هونەری من بەردەوام پڕە لە ئاوازی نەبیستراو و پڕە لە هۆنراوەی جوان و لە گۆرانی نەبینراو و نەبیستراو".
 
کارەکە بە سەرپەرشتیی هونەرمەند تەوحید وەحید کراوە، کە ئاوازدانەر، ژەنیار و گۆرانیبێژێکی ناسراوە و لەگەڵ هونەرمەندانی وەک شەهرامی نازری کاردەکات.
 
تەوحید وەحید بە رووداوی راگەیاند: "لەبارەی گۆرانیی (مەحروومی یار)، لە بیرمە بەڕێز یوسف تاڵبی گۆرانیبێژ؛ نزیکەی چەند ساڵێک لەمەوبەر پەیوەندیی پێوە کردم و داوای گۆرانی (مەحروومی یار)ـی لێکردم کە لەسەر شیعری شاعیری ناوداری کورد، سافی هیرانی، ئاوازێکی بۆ دابنێم، بێگومان ئەو خۆی لەسەر بەشێک لە شیعرەکە بە حەز و سەلیقەی خۆی ئاوازێکی دانابوو کە بە بڕوای من ئەو ئاوازە لەگەڵ شیعرەکەدا گونجاو و کاریگەر بوو، منیش ئەو ئاوازەم فراوانتر کرد و گۆرانی (مەحروومی یار)ـم بەرهەمهێنا، ئەم گۆرانییە لەسەر پلەی سی بێمۆڵ مینۆر دانراوە، ئەگەر بمەوێت لەگەڵ میوزیکی رەسەن و دەستگایی ئێرانیدا بەراوردی بکەم، دەبێت بڵێم زۆرترین نزیکیی لەگەڵ ئاوازی ئەفشاری و تەنانەت دەستگای نەوادا هەیە، هەروەها گۆرانی (مەحروومی یار) بۆ ئۆرکێسترایەک رێکخراوە کە لە ئامێری کلاسیکی، کەلەپووری و رۆژئاوایی پێکهاتووە، هیوادارم چێژ لە بینین و بیستنی ئەم بەرهەمە وەربگرن".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە