رووداو دیجیتاڵ
قوتەیبە جەنابی، دەرهێنەری ناسراوی عێراقی، لەبارەی ئاستەنگەکانی بەردەم سینەمای عێراقی دەڵێت، سینەما تەنیا پارە نییە، بەڵکو پیشەسازییەکی تەواوە و پێویستی بە ژێرخان و ئازادییە.
جەنابی، لە دووەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەمایی بەغدا ئامادەبوو و بە گەشبینییەوە باسی لە داهاتووی سینەمای وڵاتەکەی کرد و بە گوڵێک چواندی کە تەنیا پێویستی بە "ئاودان و بایەخپێدانە" تاوەکو گەشە بکات و بگاتە ئاستی جیهانی.
لەبارەی هۆکارەکانی پاشەکشەی سینەما لە عێراق بە مەعد فەیاز، نێردراوی رووداو بۆ فیستیڤاڵەکەی راگەیاند: "هۆکارەکان تێکەڵن. بێگومان سینەما پیشەسازییە و پێویستی بە سەرمایە، قوتابخانەی هونەری، ئازادی و هۆڵی سینەمایە. هەموو ئەمانەی دەوێت، چونکە پیشەسازییە. بێگومان پاڵپشتی شتێکی سەرەکییە و بنکەیەک و کەسانی پیشەگەرت بۆ دروست دەکات".
قوتەیبە جەنابی جەختی لەوە کردەوە کە عێراق خاوەن بەهرەی گەورەیە و نموونەی گوڵی هێنایەوە و گوتی: "ئەگەر گوڵێک بهێنیت و بیخەیتە مەرکانێک و ئاوی بدەیت، بێگومان گەشە دەکات و گەورە دەبێت. عێراق خۆی ناوازەیە لە بواری شیعر، رۆمان، گۆرانی و شێوەکاریدا و زۆر شتی دیکە. سینەما کاری بەکۆمەڵ و پاڵپشتیی دەوێت. ئەگەر پاڵپشتی دابین بکرێت، بێگومان فیلمی عێراقی دەبێتە کێبڕکێکار و ئامادەبوونی لە سینەمای جیهانیدا دەبێت".
دووەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەمایی بەغدا بەردەوامە و تۆڕی میدیایی رووداو رووماڵی چالاکییەکانی دەکات.
دووەمین فێستیڤاڵی سینەمایی بەغدا، کە بە ناوی محەممەد شوکری جەمیل، دەرهێنەری دیاری عێراقی کراوە، لەلایەن سەندیکای هونەرمەندانی عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری، گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق رێکخراوە و تاوەکو 21ـی ئەیلوول بەردەوام دەبێت.
لە فێستیڤاڵەکەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەستێرە عەرەبەکان و سینەماکارانی عێراق، رەخنەگر و میدیاکاران و میوانانی بیانی ئامادەن. شاندی وڵاتانی وەک سعودیە، کوەیت، تونس، میسر، لوبنان، ئوردن، سووریا و مەغریب بەشدارن و فیلمەکان لە چەندین بەشی جیاوازدا نمایش دەکرێن، لەوانە فیلمی درێژی سینەمایی، کورتەفیلم، بەڵگەفیلم و ئەنیمەیشن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ