لە فیلمی (New Money)ـەوە؛ ئەگەر 50 ملیۆن یۆرۆت هەبێت چی دەکەیت؟

20-11-2025
پەسار فایەق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فیلمی (New Money) کە پێنجەمین بەرهەمی درێژی راین رانوو، دەرهێنەری ئیستۆنییە، لە فێستیڤاڵی فیلمی (شەوە رەشەکانی تالین - PÖFF) نمایشکرا و لە رێگەی کۆمیدیاوە پرسیارێکی گرنگ لە بینەر دەکات: "ئەگەر 50 ملیۆن یۆرۆت هەبێت، چی دەکەیت؟".
 
فیلمەکە ئێوارەی سێشەممە 18ـی تشرینی دووەمی 2025، لە چوارچێوەی رکابەریی وڵاتانی بەڵتیک لە 29یەمین خولی فێستیڤاڵەکەدا بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی نمایشکرا و هۆڵەکە پڕ بوو لە بینەر و بە پێشوازییەکی گەرم و پێکەنینەوە تەماشای فیلمەکەیان کرد.
 
ئەم بەرهەمە بەدواداچوونێکە بۆ فیلمی پێشووی هەمان دەرهێنەر بەناوی (Free Money) کە ساڵی 2023 بەرهەم هاتووە. هەریەک لە مارت پیوس و ستێفی پان دووبارە لە رۆڵی دوو کارەکتەر بەناوەکانی تاڤی و لیسا دەگەڕێنەوە.
 
چیرۆکی فیلمەکە باس لەوە دەکات؛ لیسا کە مامۆستایە و تاڤی کە پسپۆڕێکی بواری ئایتییە، دوای ئەوەی لە رێگەی بیتکۆینەوە دەبنە خاوەنی 50 ملیۆن یۆرۆ (نزیکەی 58 ملیۆن دۆلار)، بڕیار دەدەن لە پێناو هاندانی گەنجان بۆ هۆشیاری دارایی، نهێنییەکەیان لە هەڤپەڤینێکی میدیاییدا ئاشکرا بکەن، بەڵام ئەم راشکاوییە دەبێتە هۆی ئەوەی رووبەڕووی لێشاوی سووکایەتی، پێشنیاری نەشیاو و تەنانەت باندە فێڵبازەکانیش ببنەوە.
 
راین رانوو، دەرهێنەری فیلمەکە سەبارەت بە پەیوەندی نێوان ئەم فیلمە و فیلمی پێشووی گوتی: "لە راستیدا ئەمە بەشێکی تەواوکەری راستەوخۆ نییە، بەڵام کاتێک فیلمی پێشووم دروستکرد، زۆر سەرسام بووم بەو دوو کارەکتەرە و بیرم لەوە کردەوە کە رەنگە باش بێت کاتی زیاتریان لەگەڵ بەسەر بەرم، بۆیە سیناریۆکەم نووسی و ئەکتەرەکانیش پێشوازییان لێ کرد".
 

دەرهێنەرەکە ئاماژەی بەوەش کرد، پەیامی سەرەکی فیلمەکە بریتییە لەوەی "پارەی زیاتر، کێشەی زیاترە".
 
فیلمەکە لەلایەن کۆمپانیای (Tallifornia)ـەوە بەرهەم هێنراوە، بەشێک لە دیمەنەکانی لە شاری مەیامی وێنەگیراون. لەبارەی ئەگەری بەرهەمهێنانی بەشی سێیەم، دەرهێنەر ئاشکرای کرد، "چەندین بیرۆکەی باش لە ئارادان" بۆ فراوانکردنی جیهانی چیرۆکەکە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە