رووداو دیجیتاڵ
مەروان داوود، نووسەر و رۆژنامەڤانی کوردی ئێزدی، لە کتێبێکدا بەناوی (ئاوازێن هێژیران)، تیشک دەخاتە سەر ژیان و هونەری 23 گۆرانیبێژی کۆچکردووی دەڤەری شنگال و رۆڵیان لە پاراستنی فۆلکلۆری کوردی دا دەخاتەڕوو.
مەروان داوود بە رووداوی راگەیاند: "کتێبەکە هەوڵێکە بۆ بەبەڵگەکردنی میوزیک و گۆرانییەکانی فۆلکلۆری دەڤەری شنگال، هەروەها نیشاندانی ئەو ئاستە بەرزەی کە هونەرمەندانی ئەم ناوچەیە تێیدا رۆڵیان هەبووە لە پاراستنی رەسەنایەتی گۆرانی کوردی دا".
کتێبەکە لە 127 لاپەڕە پێکهاتووە و دەزگای (پالۆ) چاپ و بڵاویکردووەتەوە، ژیاننامەی وردی 23 هونەرمەندی شنگال لەخۆدەگرێت، لەوانەش خدر فەقیر، پیر مچۆ و برۆیێ شەرقی.
نووسەری پەرتووکەکە ئاماژە بەوەش دەکات، چیای شنگال تەنیا شوێنێکی جوگرافی نییە، بەڵکو "گەنجینەیەکی دەوڵەمەندی گۆرانیی رەسەنی کوردییە"، لە رێگەی ئەم لێکۆڵینەوەیەوە ویستوویەتی ئەو مێژووە دەنگبێژییە بپارێزێت کە خزمەتێکی گەورەی بە کولتووری نەتەوەیی کردووە.
مەروان داوود، خەڵکی شنگالە و دەرچووی بەشی زمانی کوردییە لە زانکۆی دهۆک، وەک رۆژنامەڤان لە چەندین دەزگای میدیایی کاری کردووە و خاوەنی چەندین وتار و نووسینە بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی. بەرهەمی (ئاوازێن هێژیران) نوێترین هەوڵییەتی لە بواری هونەر بۆ بە بەڵگەکردنی مێژووی هونەریی ناوچەکەی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ