جێنیفەر لۆپێز ئەلبوومێکی نوێی ڤیدیۆیی بڵاودەکاتەوە

21-01-2024
پەسار فایەق
پۆستەری ئەلبوومی 'This is Me...Now'
پۆستەری ئەلبوومی 'This is Me...Now'
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جێنیفەر لۆپێز، هونەرمەندی ئەمریکی ترەیلەری نوێترین ئەلبوومی گۆرانیی بەناوی 'This is Me...Now' بڵاوکردەوە کە بەرهەمێکی ڤیدیۆییە.
 
ئەلبوومەکە لە شێوەی فیلمێکی ڤیدیۆیی بەرهەمهاتووە و ماوەکەی 65 خولەکە و لە دەرهێنانی دەیڤ مێیرزە کە پێشتر کاری بۆ ژمارەیەک لە هونەرمەندە ناسراوەکانی جیهان کردووە، لەوانە تایلەر سویفت، هاری ستایڵز و گرووپی کۆڵدپلەی.
 
بڕیارە ئەلبووم و فیلمە نوێیەکەی ئەو هونەرمەندە لە 16 شوباتی داهاتوو بڵاوبکرێتەوە.
 
لۆپێز (54 ساڵ) رایگەیاندووە، گەڕانەوە بۆ لای بێن ئێفلیک و پێکهێنانی ژیانی هاوژینی، ئیلهامبەخش بووە بۆ ئەلبوومە نوێیەکەی. 
 
ئەو گۆرانیبێژە لە 2002 تاوەکو 2004 پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ بێن ئێفلیک، ئەکتەر و دەرهێنەری ئەمریکی هەبوو و  لە 2021 دووبارە پەیوەندییان دروستکردەوە و ژیانی هاوژینییان پێکهێنا.
 
لۆپێز، زیاتر لە 80 ملیۆن کۆپی لە بەرهەمەکانی فرۆشراون و چوار گۆرانیی لە لیستی سەت گۆرانیی بیلبۆرد هۆتدا هەیە.
 
ئەو هونەرمەند بەر لە دە رۆژدا، یەکێک لە گۆرانییەکانی نێو ئەلبوومەکەی بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بەناوی 'Can't Get Enough' بڵاوکردەوە، جگە لە گۆرانیگوتن، چەندین سەمای تایبەت لەخۆدەگرێت.
 
لۆپێز، لە پەخشێکی راستەوخۆدا لە یوتیوب لەبارەی بەرهەمەکەوە رایگەیاند، ئەو حەزی لە گۆرانی خۆشەویستییە، بەڵام پێویستی بە شتێکە کە بتوانێت ئەنجامی بدات.
 
بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکلیپەکە، ناساندن و ئامادەکاری بوو بۆ بڵاوکردنەوەی ئەلبوومەکە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە