رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی نوێی ئەمریکا لەگەڵ میلانیا ترەمپی هاوژینی و خانمەی یەکەمی وڵاتەکە، لەگەڵ گۆرانییەکی ئێلڤیس پرێسلی سەمایەکی رۆمانسییان پێشکێشکرد.
سەماکردنەکە لە چوارچێوەی ئاهەنگی "Commander in Chief Ball" بوو و بەبۆنەی دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێی ئەمریکا بوو و تایبەت بە سەربازانی ئەمریکی بوو، رۆژی دووشەممە 20ـی کانوونی یەکەمی 2025 (بە کاتی ئەمریکا) و ئەمڕۆ سێشەممە 21ـی کانوونی دووەم (بە کاتی کوردستان) لە واشنتن بەڕێوەچوو.
ترەمپ بۆ دەستبکاربوونی وەک سەرۆکی نوێی ئەمریکا، بەشداری لە سێ ئاهەنگەکدا کرد، یەکەمیان بەناوی "Commander in Chief Ball"، دووەمیان بەناوی "Liberty Ball" و سێیەمیان بەناوی "Starlight Ball" بوو.
دۆناڵد ترەمپ و هاوژینەکەی سەمایان لەگەڵ گۆرانیی"An American Trilogy" ـی ئێلیڤس پرێسلی، گۆرانیبێژی کۆچکردووی ئەمریکی کرد. هەروەها جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و هاوژینەکەی لەگەڵ گۆرانییەکەدا سەمایان کرد.
هەر لە ئاهەنگەکەدا ژمارەیەک گرووپی میوزیکی و هونەرمەندان بەشداربوون، دیارترینیان گرووپی "Rascal Flatts" و پارکەر مکالۆم، گۆرانیبێژی کانتریی ئەمریکی بوون.
"An American Trilogy" یەکێک لە گۆرانییە بەناوبانگەکانی پرێسلییە و لە ئەلبوومی "As Recorded at Madison Square Garden"ـدایە و لە 1972 بڵاوکراوەتەوە.
ئێلڤیس پرێسلی، لە 8ـی کانوونی دووەمی 1935 لە ئەمریکا لەدایکبووە، لە 1977 کۆچی دواییکردووە، جگە لە گۆرانیگوتن، تێکستی گۆرانی نووسیوە و ئەکتەر بووە، بە یەکێک لە هێما کولتوورییەکانی سەدەی بیستەم دەناسرێت، هۆگرانی نازناوی "شای رۆک ئاند رۆڵ" و "شا"ـیان پێبەخشیوە.
ئەو هونەرمەند لە 31 فیلمدا رۆڵگێڕاوە و خاوەنی 784 گۆرانییە و هەزار و 684 کۆنسێرتی سازکردووە، دەستپێکی کاری هونەریی بۆ 1954 دەگەڕێتەوە، جگە لە رۆک ئاند رۆڵ، بە چەندین رەنگی دیکە گۆرانی گوتووە، لەوانەش پەپ و کانتری.
پرێسلی، بە یەکێک لە هونەرمەندە پڕفرۆشەکان لە جیهاندا دەناسرێت، زیاتر لە 500 ملیۆن کۆپی لە بەرهەمەکانی لەسەر ئاستی جیهاندا فرۆشراون، براوەی سێ خەڵاتی گرامییە، جگە لە خەڵاتێکی دیکەی گرامی بۆ تەمەنێک لە کاری هونەری کە ئەوکات تەمەنی تەنیا 36 ساڵ بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ