رووداو دیجیتاڵ
کێڤن سپەیسی، ئەکتەری ئەمریکی، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی 78ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان، خەڵاتی درەوشاوەیی لە سینەما و تەلەڤزیۆن پێبەخشرا.
خەڵاتەکە ئێوارەی سێشەممە 21ـی ئایاری 2025 لە ئاهەنگی "جیهانێکی باشتر" لە شاری کانی فەرەنسا، بەو ئەکتەرە جیهانییە بەخشرا.
رێکخەرانی بەخشینی خەڵاتەکە، رێزگرتن لە سپەیسی، بۆ لێهاتوویی هونەریی بۆ ماوەی چەند دەیە و کاریگەریی بەردەوامی لە سینەما و هونەر گەڕاندەوە.
خەڵاتکردنی سپەیسی، بە وێستگەیەکی گرنگ لە ژیانیدا هەژمار دەکرێت، لە دوای ئەوەی بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی لە 2023 دادگەیی کرا و بێتاوان دەرچوو.
کێڤن سپەیسی، لە دوای وەرگرتنی خەڵاتەکە دڵخۆشی خۆی پێشاندا و سوپاسی سندوقی "جیهانێکی باشتر"ـی کرد بۆ بەخشینی خەڵاتەکە، گوتیشی: "کێ رۆژێک خەیاڵی ئەوەی دەکرد، رێزگرتن لە کەسێکی بێتاوان کە چووەتە هەموو هۆڵەکانی دادگە، بوێرییە؟".
دواتر سوپاسی ئیڤان لۆینشتاین، هاوڕێی نزیکی و بەڕێوەبەری کارەکانی کرد کە بەردەوام لەم چەند ساڵە سەختەی دواییدا، رێنمایی کردووە.
ئەو ئەکتەر و بەرهەمهێنەر سینەمایی و تەلەڤزیۆنی کە براوەی خەڵاتی ئۆسکارە بۆ باشترین ئەکتەر، پێشتر بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر چوار پیاو، رووبەڕووی دادگە کرایەوە.
لە تەممووزی 2023 دەستەی سوێندخواردن لە لەندەن، ئەو ئەکتەرەی بێ تاوان ناساند، لە دوای ئەوەی چوار پیاو تۆمەتی دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسیان خستە پاڵی.
سپەیسی لە رێگەی فیلمی "The Usual Suspects" خەڵاتی ئۆسکاری وەک باشترین ئەکتەری سەرەکی بردووەتەوە.
کێڤن سپەیسی، ئەکتەر و بەرهەمهێنەری سینەمایی ئەمریکی لە 2004 تاوەکو 2015 بەڕێوەبەری شانۆی ئۆلد ڤیک بوو، دانی بەوە ناوە لەو کاتە هەستی بۆ پیاوانی تەمەن 20 ساڵ هەبووە.
هەر بە هۆی ئەو سکاڵایانەی لە دژی ئەو ئەکتەرە ئەمریکییە تۆمارکراون، تۆڕی نێتفلێکس، سپەیسی لە زنجیرەی "House of Cards" لە 2017 دوورخستەوە و مەترسی لەسەر داهاتووی لە بواری نواندندا دروستکرد.
هەروەها دادگەی فیدراڵیی نیویۆرک، داوای لەو ئەکتەرە کردبوو لە دادگە ئامادە بێت، لە دوای ئەوەی ئەنتۆنی راپ، ئەکتەر و گۆرانیبێژی ئەمریکی، تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی خستە پاڵ کە بەر لە سێ دەیە روویداوە و ئەوکات ئەو گۆرانیبێژە تەمەنی 14 ساڵ بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ