رووداو دیجیتاڵ
مەحموود غەیاس، هونەرمەندی ناسراوی عێراقی، بۆ وێنەگرتنی نوێترین ڤیدیۆکلیپی بە ناوی "الدراعة"، شاری ئاکرێی هەڵبژاردووە، هۆکارەکەشی بۆ کەشوهەوا و سرووشتەکەی دەگەڕێنێتەوە. هاوکات غەیاس، راگەیاند، پڕۆژەیەکی دوێتی لەگەڵ ئەلەند حازم، هونەرمەندی کورد لەبەردەستدایە.
مەحموود غەیاس، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، سوپاسی ئامادەبوونی تیمەکانی رووداوی لە شوێنی وێنەگرتنی کلیپەکە و ستۆدیۆکانی کۆمپانیای ئەوتار کرد و رایگەیاند: "دوایین کاری هونەری کە وێنەمان گرت ناوی 'الدراعة'یە، پەنا بەخوا ئەم مانگە بڵاودەبێتەوە و بە دڵتان دەبێت".
سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئاکرێ بۆ وێنەگرتنی کلیپەکە، غەیاس ئاماژەی بەوە کرد، پێشنیازی دەرهێنەر بووە و گوتی: "راستییەکەی پێشنیازی دەرهێنەر بوو، چونکە ئەو شارەیە کە لەگەڵ کەشی گۆرانییەکەدا دەگونجێت. وەک دەزانن شاری ئاکرێ تایبەتمەندی و کەلەپووری خۆی هەیە و کەشوهەوایەکی تایبەت بە خۆی هەیە".
ئەو گۆرانیبێژە عێراقییە، ئاکرێ بە شارێکی پڕ لە ژیان و خاوەن مێژوویەکی دوو هەزار ساڵە ناودەبات و دەڵێت، کەشی گۆرانییەکە میللییە و شاری ئاکرێش بە خەڵکە میللییەکەی ناسراوە. غەیاس، ستایشی دەرهێنەری کلیپەکەی، بەڕا تەیارە، کرد و گوتی: "وێنەیەکی جوان دەبینن، چووین کەشوهەوای ئەوێمان بینی، شوێنی شاخ و سرووشتێکی پاک، دەبینن چەند لەگەڵ کەشی گۆرانییەکەدا گونجاوە".
مەحموود غەیاس، پلانی داهاتووی خۆی بۆ رووداو ئاشکرا کرد و رایگەیاند، کار لەسەر بەرهەمێکی هاوبەش دەکەن لەگەڵ هونەرمەندی کورد ئەلەند حازم و گوتی: "پەنا بەخوا هەماهەنگییەک هەیە لەنێوان من و هونەرمەند ئەلەند حازم، کار لەسەر دوێتێکی عەرەبی-کوردی دەکەین، تێیدا کەلەپووری عەرەبیی باشووری عێراق لەگەڵ کەلەپووری هەرێمی کوردستان ئاوێتە دەکەین".
ڤیدیۆکلیپەکە لە دەرهێنانی بەڕا تەیارە و بە پرۆدیوسەری قادر چەپکە، کاری مەیکئەپی لەلایەن محەممەد سابیر کراوە.
مەحموود غەیاس، خاوەنی ملیۆنان بینەرە لە یوتیوب و یەکێک لە کلیپەکانی بەناوی "ربي رزقني" زیاتر لە 272 ملیۆن بینەری هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ