رووداو دیجیتاڵ
تەنیا زنجیرە فیلمی "Mission: Impossible" لە شانازییەکانی تۆم کروز، ئەکتەری ئەمریکی نییە، بەڵکو زنجیرە فیلمێکی دیکەی کە بەهۆیەوە ناوبانگی پەیداکردووە "Top Gun"ـە و ئێستا کار لەسەر بەشی سێیەمی دەکات.
راگەیاندنی بەرهەمهێنانی وەرزی سێیەمی زنجیرە فیلمەکە، لە هەمان رۆژی بڵاوکردنەوەی فیلمی "Mission: Impossible – The Final Reckoning" بوو لە 21ـی ئایاری 2025 لە سینەماکانی بەریتانیا.
کروز رایگەیاند، بەرهەمهێنانی "3 Top Gun" ئێستا لە قۆناغی دیاریکردنی ئاڕاستەی چیرۆکەکەدان. گوتیشی :"ئێمە بیر لە چەندین چیرۆکی جیاواز دەکەینەوە و قسەیان لەسەر دەکەین و ئەوەی دەتوانین بیکەین و ئەوەی کە گونجاوە دەیکەن، بەتایبەتی کە 35 ساڵی پێچوو تاوەکو گەیشتم بە چیرۆکی فیلمی "Top Gun: Maverick"، لەبەر ئەوە من لەگەڵ تیمەکەم کار لەسەر هەموو چیرۆکە گونجاوەکان دەکەم".
ئەو ئەکتەرە سینەماییە کە بە سەرکێشیکردن لە فیلمەکانیدا ناوبانگی پەیداکردووە، بەم دواییە رایگەیاند، "Mission: Impossible – The Final Reckoning" بەشی هەشتەمی زنجیرە فیلمی "Mission: Impossible"، دوایین بەشی دەبێت.
"Top Gun" فیلمێکی دراما و ئەکشنی ئەمریکییە، بەشی یەکەمی لە 1986 بڵاوکرایەوە، دەرهێنەری تۆنی سکۆت و بەرهەمی کۆمپانیای پارامۆنت پیکچەرزە، بودجەی بەرهەمهێنانی 15 ملیۆن دۆلار بوو و داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 356 ملیۆن دۆلار بوو. لە 2022 بەشی دووەمی بەناوی "Top Gun: Maverick" بڵاوکرایەوە.
کروز، رۆڵی ماڤێریک ئەفسەری هێزی دەریایی دەگێڕێت، کە فڕۆکەوانێکی دەریاییە و لەناو کەشتی فڕۆکەهەڵگری (USS) کاردەکات.
تۆم کروز، لە 3ـی تەممووزی 1962 لە دایکبووە، ئەکتەر و بەرهەمهێنەری ئەمریکییە، یەکێک لەو ئەکتەرانەیە کە زۆترین کرێ بۆ بەشداربوون لە هەر بەرهەمێکدا وەردەگرێت.
کروز، براوەی چەندین خەڵاتی سینەماییە، لەوانە سێ خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب و بەربژێری چوار خەڵاتی بافتا و سێ خەڵاتی ئۆسکارە، فیلمەکانی زیاتر لە چوار ملیار دۆلاری لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور و زیاتر لە 10 ملیار و 100 ملیۆن دۆلاری لە سینەماکانی جیهاندا بەدەستهێناوە.
لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوودا، رووی لە سینەما کردووە و رۆڵی پاڵەوانیەتی لە چەندین فیلمدا گێڕاوە، لەوانە فیلمی کۆمێدی "Business" لە 1986 و فیلمی "Born on the 4th of July" لە 1988.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ