رووداو دیجیتاڵ
"سوخمە پۆش" بەرهەمێکی فۆلکلۆری کەلهوڕییە و لەلایەن ژمارەیەک گۆرانیبێژ گوتراوەتەوە، ئەمجارە هونەرمەند هەماوەند لهۆنی بە دەنگی خۆی تۆماری کردووە و بۆ یەکەمجار لە رێگەی رووداو بڵاودەکرێتەوە.
هەماوەند لهۆنی بە رووداوی راگەیاند، "سوخمە پۆش" یەکێک لە تراکەکانی ئەلبوومی "هەنسکی مانگ"ـە و دووەم تراکی ئەلبوومەکەیەتی بڵاوی دەکاتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەلبوومەکە هەشت تراکە، تێیدا کار لەسەر میوزیکی چەند ناوچەیەکی چوار پارچەی کوردستان کراوە، لەوانەش هەورامی و کەلهوڕی. گوتیشی، ڤیدیۆکلیپەکە لە نێو سرووشت هەورامان و هەڵەبجە وێنەگیراوە و لە دەرهێنانی بەهجەت نسارییە.
کاری میوزیکی بەرهەمەکە لەلایەن سیامەک فەڕوخ سرێشتی کراوە و لە تاران تۆمارکراوە، محەممەد مەزهەر بە ئامێری زەڕب، گۆران ئەمیر و بەناز بەها بە ئامێری سێتار و شەمیان یاسین بە دەف تێیدا بەشدارن.
هونەرمەند هەماوەند لهۆنی، جگە لە گۆرانیگوتن، ژەنیاری هەردوو ئامێری تار و سێتارە و خاوەنی چەندین ئەلبووم و گۆرانی تاکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ