فیلمە کۆمیدییەکەی کێندریک لامار جارێکی دیکە دواخرا

22-11-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن کێندریک لامار
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وادەی نمایشکردنی فیلمە کۆمیدییەکەی کێندریک لامار، راپەری جیهانی و دروستکەرانی زنجیرەی بەنێوبانگی (South Park) بۆ جارێکی دیکە دواخرا و کاتێکی نوێ بۆ بڵاوکردنەوەی رانەگەیێندراوە.
 
بڕیار بوو فیلمەکە لە 4ـی تەممووزی 2025 پێشان بدرێت، دواتر خرایە 20ـی ئاداری 2026، بەڵام ئێستا جارێکی دیکە دواخراوەتەوە.
 
کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی فیلمەکە (Park County) و (pgLang) لە راگەیێندراوێکدا پشتڕاستیان کردووەتەوە و دەڵێن: "راستە، ئێمە جارێکی دیکە وادەکە دەگۆڕین؛ بە سەختی کار لەسەر تەواوکردنی فیلمەکە دەکەین".
 
پێشتر هۆکاری دواخستنی فیلمەکە دەگەڕایەوە بۆ تێکەڵبوونی خشتەی کارەکان لەگەڵ گەشتە هونەرییەکەی کێندریک لامار لەگەڵ گۆرانیبێژ (SZA)، هەروەها سەرقاڵبوونی ترێی پارکەر و مات ستۆن بە زنجیرەی (South Park)ـەوە. تاوەکو ئێستا وادەی نوێی پێشاندانی فیلمەکە لە سینەماکان ئاشکرا نەکراوە.
 
پڕۆژە سینەماییەکە هێشتا ناوی بۆ دیاری نەکراوە، کێندریک لامار و دەیڤ فری لەرێگەی کۆمپانیای (pgLang) و مات ستۆن و ترێی پارکەر لەرێگەی (Park County)ـەوە کاری بەرهەمهێنانی بۆ دەکەن.
 
بەرهەمهێنەرانی فیلمەکە، پارکەر و ستۆن، ساڵی 1997 زنجیرەی ئەنیمەیشنی کۆمیدی (South Park)ـیان دروستکردووە کە ئێستا وەرزی 28ـەمی پەخش دەکرێت.
 
کێندریک لامار ساڵێکی پڕ دەستکەوتی هەبووە، بەشێوەیەک کە بەشداریی لە ئاهەنگی سوپەر بۆڵ کرد، لە رێوڕيسمی خەڵاتەکانی گرامی 2025ـدا پێنج خەڵاتی بەدەستهێنا، ئەمساڵیش بۆ نۆ خەڵات بەربژێرە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە