ئۆزی ئۆزبۆرن ئەفسانەی میوزیکی هەیڤی مێتەڵ کۆچی دواییکرد

23-07-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن ئۆزی ئۆزبۆرن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئۆزی ئۆزبۆرن، گۆرانیبێژی گرووپی بلاک ساباس، کە بە دەنگە گڕ و کاریگەرەکەی بووە ناسنامەیەک بۆ میوزیکی هەیڤی مێتەڵ، تەنیا چەند هەفتەیەک دوای کۆنسێرتە مێژوویی و ماڵئاواییەکەی، لە تەمەنی 76 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
 
ماڵباتی ئەو هونەرمەندە لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی سێشەممە 22ـی تەمموزی  2025 بڵاویکردووەتەوە، تێیدا هاتووە: "بە خەمێکی قووڵەوە کە وشە ناتوانێت گوزارشتی لێبکات، رایدەگەیەنین کە ئۆزی ئۆزبۆرنی خۆشەویستمان ئەم بەیانییە -سێشەممە- کۆچی دواییکرد. لەگەڵ هاوژینەکەی بوو و بە خۆشەویستی دەورە درابوو. داوا لە هەمووان دەکەین لەم کاتەدا رێز لە تایبەتمەندیی خێزانەکەمان بگرن."
 
کۆچی دوایی ئەو هونەرمەندە بەریتانییە دوای ماوەیەکی کەم دێت لە بەڕێوەچوونی ئەو کۆنسێرتەی کە بە "گەورەترین نمایشی هەیڤی مێتەڵ لە مێژوودا" ناسێندرا. لە رۆژی شەممە 5ـی تەممووزی 2025، ئۆزبۆرن بۆ دوایین جار لەسەر شانۆ دەرکەوت، کاتێک لە کۆنسێرتێکی مێژووییدا بە ناونیشانی "گەڕانەوە بۆ سەرەتا" لە یاریگەی یانەی ئەستۆن ڤێلا لە شاری بێرمنگهامی بەریتانیا، دوای 20 ساڵ لەگەڵ سەرجەم ئەندامە سەرەکییەکانی گرووپی "بلاک ساباس" دەرکەوتەوە.
 
لە کۆنسێرتەکەدا ئۆزبۆرن سەرەتا چەند بەرهەمێکی خۆی پێشکێشکرد، دواتر هاوڕێکانی لە گرووپەکە چەند بەرهەمێکی هاوبەشیان پێشکێشکرد.
 

کۆنسێرتەکە لە کاتێکدا بوو کە ئۆزبۆرن رووبەڕووی چەندین کێشەی تەندروستیی سەخت ببووەوە. لە 2020 ئاشکرای کرد، تووشی نەخۆشیی پارکینسۆن بووە، لە 2023 بەهۆی نەشتەرگەرییەکی قورسی بڕبڕەی پشتەوە، ناچار بوو سەرجەم گەشتە هونەرییەکانی رابگرێت. ئەم کێشانە دەگەڕانەوە بۆ رووداوێکی ماتۆڕسکیل لە 2003، کە برینەکانی لە 2019 بەهۆی کەوتنێک لە ماڵەوە سەختتر ببوون.
 

گرووپی "بلاک ساباس" لە 1968 لە بێرمنگهام دامەزراوە، بە یەکێک لە کاریگەرترین گرووپەکانی مێژووی مێتەڵ دەناسرێت. یەکەم ئەلبوومی لە 1970 چووە ریزی 10 باشترین ئەلبوومەکانی بەریتانیا و رێگەیان بۆ شۆڕشێک لە میوزیکی رۆکدا خۆشکرد. گرووپەکە زیاتر لە 75 ملیۆن ئەلبوومی لە سەرانسەری جیهاندا فرۆشراوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە