رووداو دیجیتاڵ
ئێڵتن جۆن، گۆرانیبێژی ناسراوی بەریتانی، هاوخەمیی قووڵی خۆی بۆ کۆچی دوایی ئۆزی ئۆزبۆرن، ئەفسانەی میوزیکی هەیڤی مێتەڵ دەربڕی و بە "هاوڕێیەکی ئازیز" و "ئەفسانەیەکی راستەقینە" ناساندوویەتی.
ئێڵتن جۆن لە پۆستێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام، وێنەیەکی خۆی و ئۆزی ئۆزبۆرنی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی: "زۆر خەمباربووم بە بیستنی هەواڵی کۆچی دوایی ئۆزی ئۆزبۆرن. ئەو هاوڕێیەکی ئازیز و رێچکەشکێنێکی گەورە بوو کە پێگەی خۆی لەنێو ئەفسانەکانی رۆکدا چەسپاند؛ ئەفسانەیەکی راستەقینە بوو".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ئۆزبۆرن یەکێک لە قسەخۆشترین کەسەکان بووە کە لە ژیاندا ناسیوویەتی. گوتیشی: "زۆر بیری دەکەم".
هەروەها سەرەخۆشی و خۆشەویستیی خۆی ئاڕاستەی شارۆنی هاوژینی ئەو هونەرمەندە و ماڵباتەکەی کردووە.
پەیامەکەی ئێڵتن جۆن، رێزگرتنێکە لە پێگە و کاریگەریی گەورەی ئۆزی ئۆزبۆرن لە جیهانی میوزیکدا.
ئۆزی ئۆزبۆرن، گۆرانیبێژی بەریتانی، رۆژی سێشەممە 22ـی تەمموزی 2025، لە تەمەنی 76 ساڵیدا کۆچی دواییکرد، لە 5ـی هەمان مانگ، کۆنسێرتی ماڵئاوایی لە بێرمینگهامی بەریتانیا پێشکێشکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ