رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند ناتالیا سەران، نوێترین بەرهەمی بەناوی "کەڤۆک" بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکردەوە کە لە تێکست و ئاوازی هونەرمەند حەسەن شەریفە.
ناتالیا سەران، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کەڤۆک" نوێترین بەرهەمیەتی و لە تێکست و ئاوازی هونەرمەند حەسەن شەریفە و پێشکێشکی بەو کردووە، پێشتریش بە دەنگی ئەو هونەرمەندە بڵاونەکراوەتەوە.
رێناس میران، کاری ڤیدیۆکلیپی بەرهەمەکەی کردووە، لە بەرلین وێنەگیراوە و لە کەناڵی تایبەتیی ناتالیا سەران لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە.
ناتالیا، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە لە ئاهەنگێکدا لە بەرلین بەشداربووە. گوتیشی، چەند بەرهەمێکی دیکەی لە چەند وڵاتێکی جیاواز وێنەگرتووە و لە ماوەی داهاتوودا بڵاویان دەکاتەوە.
ئەو هونەرمەندە کوردە بەم دواییە چەند ڤیدیۆکلیپێکی دیکەی بڵاوکردەوە، لەوانەش بەرهەمێک لەبارەی باوک و بەرهەمێک لەبارەی نەورۆز.
ناتالیا سەران، پێشتر بەرهەمەکانی بەناوی هۆزان ناتالیا بڵاوکردووەتەوە، دەستپێکی کاری هونەریی لە ئۆکراینا بووە، دواتر رووی لە ئەڵمانیا کردووە و 23 ساڵە لەو وڵاتە دەژی، بەهۆی خوێندنەوە هەشت ساڵ لە کاری هونەری دوورکەوتووەتەوە، دواتر بە بڵاوکردنەوەی چەند بەرهەمێک؛ دەستی بە چالاکییەکانی کردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ