رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەندێکی کوردی دیاسپۆرا، گەڕاوەتەوە زێدی خۆی کە دێرسمی باکووری کوردستانە و بەدواداچوون بۆ کولتوور و نەریتی خۆی دەکات.
چوار ساڵ لەمەوبەر کاتێک هونەرمەند حوسێن ئومایسز لە بەلجیکا سەردانی دێرسمی کرد، سەرسامی شاخ و ئاو و سرووشتی پارێزگاکەی بوو، ئێستا بە پرۆژەیەکەوە گەڕاوەتەوە.
حوسێن ئومایسز دەڵێت: "بە هاوڕێکانمم گوت لە کوردستان، لە دێرسم، رووبارێک هەیە بە ناوی مونزور، خەڵکی ئەوێ هێشتا لەگەڵ سرووشتدا دەژین و پەیوەندییەکی راستەوخۆیان هەیە، چونکە باوەڕییان ئایینێکی سرووشتە، واتە دارەکان پیرۆزن، بەرد پیرۆزە، ئاویش پیرۆزە، ئەوان چیرۆکی خۆیان لەسەر ئەمانە دەگێڕنەوە، ئاو تەنیا ئاو نییە، و دار و بەردەکان ئەو شتانە نین کە وا دەردەکەون، گوتم من دەمەوێت لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەم، چونکە زاناییەک لەوێ هەیە."
ئەو هونەرمەندە شێوازی سەرنجڕاکێش بەکاردەهێنێت، بە بەکارهێنانی دەنگی رووباری مونزور و دەنگەکانی دیکەی ناو سرووشت، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و سرووشت بەهێزتر بکاتەوە.
ئایتەن یەشیلتاش، هاونیشتمانییەکی دێرسمە و دڵێت: "لە مونزور، لەسەررووباری مونزور، لەسەر دۆشەکێک لەگەڵ ئاوی مونزور رژام. ئەزموونێکی نایاب بوو. من و مونزور قسەمان کرد و برینەکانمان دەرمان کرد، ئازارەکانمان بەش کرد."
فەتییە تۆسوون، هاونیشتمانییەکی دیکەی دێرسمە و لەمبارەیەوە دەڵێت: "لەگەڵ مونزور جارێكی دیکە پەیوەندیمان نوێکردەوە، چەند رۆژێک لەمەوبەر، لە ئاوی مونزور هەوێنی ماستمان دروستکرد. بۆ من شتێکی نوێ بوو. پێشتر بیستبوومان کە گەورەکانمان دروستیان کردووە. بەڵام بۆ من یەکەمجار بوو".
حوسێن ئومایسز، روونیشیکردەوە، ئامانجی پڕۆژەکەی پاراستنی بەها کولتووریی و پیرۆزییەکانی باوەڕی عەلەوییەکانە، بە هونەرەکەی ئەو زانستە بە زیندوویی دەهێڵێتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "ژنێک گوتی لە رابردوودا ئاومان لە رووباری مونزور دەهێنا و بەو ئاوەو ماستی دروست دەکرد. بۆ من زۆر سەرنجڕاکێش بوو، هەرگیز نەمبیستبوو ماست بە ئاو دروست بکرێت، ژمارەیەک گوندنشین مەنجەڵ و خاولیان هێنا و چووینە لای ئەو ستوونەی کە بە پیرۆز دادەنرێت، ئاومان هێنا و شیرمان پێ هەوێن دەکرد، بە خۆش و خرۆشەوە تا بەیانی چاوەڕێمان کرد. بەرەبەیانیش بینیمان کە ماستەکەمان بووە."
حوسێن ئومایسز کوڕی بنەماڵەیەکی دێرسمە کە کۆچیان کردووە بۆ پارێزگای چۆرومی تورکیا، دواتر لە بەلجیکا نیشتەجێ بوون.
دوای ئەوەی پڕۆژەکەی سەبارەت بە رووباری مونزور پەسند کراوە، لە 2024ـدا هاتووەتە دێرسم و لە کارەکانی بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ