جۆنی دێپ: کەسە نزیکەکانم مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا کردووم

24-06-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن جۆنی دێپ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

جۆنی دێپ، ئەکتەری ئەمریکی، لە نوێترین لێدوانیدا لەبارەی سەردەمی دادگاییکردنی لە کاتی جیابوونەوەی لە ئەمبەر هێرد، رایگەیاند: "دڵسۆزیم کۆتا شتە کەس بتوانێت گومانی لێ بکات".
 
دێپ، لە هەڤپەڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی "سەندەی تایمز"، باس لەوە دەکات چۆن خۆی وەک بووکەڵەی تاقیکردنەوە لە بزووتنەوەی "MeToo" بینیوە، کاتێک هاوژینی پێشووی بە توندوتیژیی خێزانی تۆمەتباری کرد. 
 
هەروەها ئاشکرای کرد، کەسانێکی نزیک لە خۆی، لە کاتی دادگاییکردنیدا؛ مامەڵەی خراپیان لەگەڵیدا کردووە. گوتیشی، سەرباری شۆکبوونی بە مامەڵەکردنی ئەو کەسانە، بەڵام بە بڕوای ئەو دەکرێت متمانە بە هەندێ شت بکرێت.
 
ئەو ئەکتەرە تەمەن 62 ساڵە، ئەوەشی خستەڕوو: "دڵسۆزیم دوایین شتە کەس بتوانێت گومانی لێ بکات.. 30 ساڵ لەگەڵ یەک بریکار کارم کرد، بەڵام ئەو لە دادگە باسی لەوە کرد کە مامەڵەکردن لەگەڵ من چەندە سەختە.. ئەوە شتێکی ترسناکە، ئەو ساختەچییانەی درۆت لەگەڵ دەکەن و ئاهەنگت لەگەڵ دەگێڕن".
 
گوتیشی: "پێت دەڵێم چی ئازارم دەدات.. کەسانێک هەن، بیر لە سێ کەسیان دەکەمەوە، خراپ مامەڵەیان لەگەڵدا کردم، ئەوان ماوەیەکی زۆر لە ژیانمدا بوون". 
 
هەروەها گوتی: "بڕوانن، من تێدەگەم لەوانەی نەیانتوانیوە بەرگریم لێ بکەن، چونکە ئەوەی زۆر لێی دەترسن ئەوەیە کە بڕیاری دروست بدەن.. من وەکو بووکەڵەی تاقیکردنەوەی رووبەڕوبوونەوەی بزووتنەوەی "me too"  بوومەوە، ئەوە پێش هارڤی واینستین بوو". ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "باشترە ھەستیتەوە و ببینیت کێ لە دەورووبەرتە".
 
لەلایەکی دیکەوە، بەم دواییە گفتوگۆ لەگەڵ دێپ کراوە بۆ ئەوەی لە بەشی شەشەمی زنجیرە فیلمی "Pirates of the Caribbean"ـە رۆڵبگێڕێت. 
 
جۆنی دێپ، لە 9ـی تەمموزی 1963 لە ئەمریکا لە دایکبووە، ئەکتەر، بەرهەمهێنەر، نیگارکێش و میوزسیانە، یەکێک لە ناسراوترین ئەکتەرەکانی جیهانە، براوەی چەندین خەڵاتە، لەوانە گۆڵدن گڵۆب و خەڵاتی سەندیکای ئەکتەرانی شاشە، هەروەها بۆ سێ خەڵاتی ئۆسکار و دوو خەڵاتی بافتا بەربژێرکراوە.
 
یەکەم دەرکەوتنی ئەو ئەکتەرە لەرێگەی فیلمی "Elm Street" بوو لە 1984، دواتر لە زنجیرەی "21 Jump Street" رۆڵی گێراوە، لە 1987 تاوەکو 1990 بەردەوام بوو و هۆکاری بەناوبانگبوونی بوو.
 
لە نەوەدەکاندا زیاتر لە فیلمە سەربەخۆکاندا رۆڵی گێڕاوە، لەوانە فیلمی " What's Eating Gilbert Grape" و فیلمی "Benny and Joon" لە 1993، دواتریش لە فیلمی "Dead Man" لە 1995، هەروەها لە فیلمی "Donnie Briscoe" لە 1997 و "Loathing in Las Vegas" لە 1998.
 
فیلمەکانی ئەو ئەکتەرە پڕداهاتن، کۆی داهاتی فیلمەکانی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور زیاتر لە 3.7 ملیار دۆلارە، بە گشتی لە سینەماکانی جیهانیشدا زیاتر لە 10 ملیار دۆلار بووە، لە 2012 بەهۆی وەرگرتنی زۆرترین کرێ بۆ فیلمەکانی، ناوی لە کتێبی گینس تۆمارکرا.
 
ناوبانگیی جیهانی ئەو ئەکتەرە لە رێگەی کارەکتەری کاپتن جاک سپارۆ بوو لە زنجیرە فیلمی سینەمایی "Pirates of the Caribbean'" کە لە چوار بەشیدا رۆڵی سەرەکی گێڕاوە و بە یەکێک لە بەرهەمە پڕداهاتەکان لە مێژووی سینەمادا دەناسرێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ماتیۆ پێری، ئەکتەری ئەمریکی - کەنەدی

پزیشکێک بەهۆی مردنی ئەستێرەیەکی (Friends) زیندانیکرا و سێی دیکەش دادگەیی دەکرێن

پزیشکێکی ویلایەتی کالیفۆرنیا کە ماددەی 'کیتامین'ـی بۆ ماتیۆ پێری، ئەستێرەی زنجیرەی (Friends) دابینکردبوو، سزای 30 مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا؛ بەمەش بووە یەکەم کەس لە دۆسییەی گیانلەدەستدانی ئەو ئەکتەرە سزا بدرێت.