جۆنی دێپ و مادلین کلاین لە فیلمێکدا رۆڵدەگێڕن

10-02-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن Day Drinker جۆنی دێپ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە دوای راگەیاندنی بەرهەمهێنانی فیلمی "Day Drinker" کە جۆنی دێپ رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت، مادلین کلاین، ئەکتەری ئەمریکی، چووە نێو ستافی فیلمەکەوە.
 
فیلمەکە لە دەرهێنانی مارک وێبە و پێشتر ناوی پەنالوپی کروز، وەک یەکێک لە ئەکتەرە بەشداربووەکان راگەیێندرابوو.
 
جگە لە ناوی سێ ئەکتەر و دەرهێنەری بەرهەمەکە، وردەکاری دیکە لەبارەی بەرهەمهێنانی فیلمەکە ئاشکرا نەکراون.
 
جۆنی دێپ، جگە لە ئەکتەری، رووی لە دەرهێنانی سینەمایی کردووە و پێشتر رایگەیاندبوو، دەرهێنەری روانگەی ئەوی بۆ شتەکان گۆڕی، ئەمەش لە دوای ئەوەی کاری دەرهێنانی بۆ فیلمی "Modi" کرد.
 
"Modi - Three Days on the Wings of Madness" فیلمێکی بایۆگرافییە و لەبارەی ژیانی ئەمێدیۆ مۆدلیانی، شێوەکاری ئیتاڵییە و ئال پاچینۆ رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت.
 
جۆنی دێپ، لە 9ـی تەممووزی 1963 لە ئەمریکا لە دایکبووە، ئەکتەر، بەرهەمهێنەر، نیگارکێش و میوزسیانە، یەکێک لە ناسراوترین ئەکتەرەکانی جیهانە، براوەی چەندین خەڵاتە، لەوانە گۆڵدن گڵۆب و خەڵاتی سەندیکای ئەکتەرانی شاشە، هەروەها بۆ سێ خەڵاتی ئۆسکار و دوو خەڵاتی بافتا بەربژێرکراوە.
 
یەکەم دەرکەوتنی ئەو ئەکتەرە لەرێگەی فیلمی "Elm Street" بوو لە 1984، دواتر لە زنجیرەی "21 Jump Street" رۆڵی گێراوە کە لە 1987 تاوەکو 1990 بەردەوام بوو و هۆکاری بەناوبانگبوونی بوو.
 
لە نەوەدەکاندا زیاتر لە فیلمە سەربەخۆکاندا رۆڵی گێڕاوە، لەوانە فیلمی " What's Eating Gilbert Grape" و فیلمی "Benny and Joon" لە 1993، دواتریش لە فیلمی "Dead Man" لە 1995، هەروەها لە فیلمی "Donnie Briscoe" لە 1997 و "Loathing in Las Vegas" لە 1998.
 
فیلمەکانی دێپ پڕداهاتن، کۆی داهاتی فیلمەکانی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور زیاتر لە 3.7 ملیار دۆلارە، بە گشتی لە سینەماکانی جیهانیشدا زیاتر لە 10 ملیار دۆلار بووە، لە 2012 بەهۆی وەرگرتنی زۆرترین کرێ بۆ فیلمەکانی، ناوی لە کتێبی گینس تۆمارکراوە.
 
ناوبانگی جیهانی ئەو ئەکتەرە لە رێگەی کارەکتەری کاپتن جاک سپارۆ بوو لە زنجیرە فیلمی "Pirates of the Caribbean" کە لە چوار بەشیدا رۆڵی سەرەکی گێڕاوە و بە یەکێک لە بەرهەمە پڕداهاتەکان لە مێژووی سینەمادا دەناسرێت، داوای لێکراوە لە بەشێکی نوێدا دووبارە هەمان رۆڵ بگێڕێتەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە