نمایشکردنی فیلمی 'خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا' دواخرا

25-03-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کۆمپانیای بەرهەمهێنەری فیلمی 'خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا' دەڵێت، "بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی خەڵک" بڕیاریاندا نمایشی فیلمەکە دوابخەن. 
 
بڕیاربوو فیلمی 'خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا' لە رۆژانی جەژنی رەمەزان لە سینەماکانی هەرێمی کوردستان نمایش بکرێت. 
 
رۆژی دووشەممە، کۆمپانیای سۆ پڕۆدەکشن کە کۆمپانیای بەرهەمهێنەری فیلمەکەیە لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی ئێستای خەڵک و بۆ ئەوەی گونجاو بێت لەگەڵ ژیان و هەستی خەڵک دا، بڕیاری دواخستنی نمایشی فیلمەکەمان دا و لە داهاتوودا وادەی نمایشکردنی لە سینەماکاندا بڵاودەکەینەوە." 
 
 
'خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا' لە سیناریۆ و دەرهێنانی شوان عەتووفە و هەریەک لە ماهیر حەسەن، ئەحمەد جۆڵا، رێشان حەمۆ، سیروان جەمال، سرووشت کامەران، شوان کەریم و ژاڵە رەسوڵ رۆڵی سەرەکییان تێیدا گێڕاوە، ژمارەیەک ئەکتەری دیکەش لە رۆڵی لاوەکیدا دەردەکەون. 
 
تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی فیلمەکەیە و رۆژی 19ـی شوباتی 2024 ترەیلەرەکەی لە رووداو بڵاوکرایەوە. 
 
رووداوەکانی فیلمەکە لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا روودەدەن، تێیدا کوڕەکانی (غورەی قەساب) دەکەونە گەرمە و کێشەی ژنهێنان و چاوەڕێی مردنی باوکیانن؛ بۆ ئەوەی ئەم ململانێیە یەکلایی بکەنەوە. لەسەر شەقامەکانیش کارەکتەری (حەمە حەیوان) و گرووپەکەی لەگەڵ ئەوەی یاخین لە کۆمەڵگە، بەڵام خەریکی پاراستنی سەگ و پشیلەی سەر شەقامەکانن. 
 
کۆرۆنا دێت و کەرەنتینەی گشتی راستییە زۆر شاراوەکەی ئەم چیرۆکەیان بە شێوازێکی هونەری و کۆمیدی بۆ دەردەخات.
 
فیلمەکە لە ژانرەی کۆمێدی، رۆمانسی و دراماییە و لە بەرهەمهێنانی سۆران عوسمان و کۆمپانیای "سۆ پڕۆدەکشەنە"، لە 23 حوزەیرانی 2023 راگەیێندرا و لە 1ـی ئابی 2023 وێنەگرتنی دەستیپێکرد، ئاوات شەریف، بەرپرسی وێنەگرتنیەتی. 
 
پێشتر، سۆران عوسمان، بەرهەمهێنەری فیلمەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ماوەی فیلمەکە یەک کاژێر و 40 خولەکە و لە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی ئەم ساڵدا، لە یەک کاتتدا لە سینەماکانی باشووری کوردستان لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک و کەرکووک پێشاندەدرێت. 
 
'خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا' بە کامێرای "ئەلێکسا 35ـی" کۆمپانیای "Arri" وێنەگیراوە، کە نوێترین ئامێری وێنەگرتنی سینەماییە و بەرهەمهێنەرەکەی، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، یەکەمجارە لە کوردستان و عێراق کامێراکە بەکاردێت و فیلمەکە بە کوالێتیی 4.6K وێنەگیراوە.
 
سۆران عوسمان، بەرهەمهێنەری شانۆگەری 'دوا رۆژەکانی بابلۆ'یە کە لە 2022 نمایشکرا و دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. ئەم بەرهەمە بۆ ماوەی 55 رۆژ لە سلێمانی نمایشکرا و زیاتر لە 26 هەزار و 400 بینەری هەبوو.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە