رووداو دیجیتاڵ
ئیسماعیل خویی، شاعیری بەنێوبانگی ئێرانی کە لە سەردەمی هێرشی داعش بۆ سەر کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان شیعری بۆ بەرگری کۆبانێ نووسی، کۆچی دواییکرد.
ئیسماعیل خویی، ئەمڕۆ سێشەممە، لە تەمەنی 83 ساڵی و لە شاری لەندەن کۆچی دواییکرد. ئەو خەڵکی شاری مەشهەد و لە دژبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو، بۆیە سێ دەیەی کۆتایی تەمەن لە ئاوارەییدا ژیا.
ئیسماعیل خویی ساڵی 2014، کاتێک کە داعش هێرشی کردە سەر رۆژئاوای کوردستان و کۆبانێ بووە سیمبوولی بەرەنگاریی دژی داعش، شیعرێکیشی بەناوی کۆبانێ بۆ بەرگریی لەو شارە بڵاوکردەوە.
دەقی وەرگێڕدراوی شیعرەکەی ئیسماعیل خویی
کۆبانێ
ئەم پارچە زەوییە کە ناوی کۆبانێیە
ئەمڕۆ، ئامانجی هێرشی گرووپێکی بکوژە
لەخۆڕا خەمبار مەبە، بەڵام: کە پاراستنی
بە پیاو و ژنی ئازای کوردستانییە
ئیسماعیل خویی ئەندامی کانوونی نووسەرانی ئێران بوو و شیعرەکانی بۆ زمانەکانی ئینگلیزی، رووسی، فەرەنسی، ئەڵمانی، هیندی و ئۆکراینی وەرگێڕدراون. هاوکات خۆیشی زمانی ئینگلیزی بە باشی دەزانی و بەشێکی شیعرە ئینگلیزییەکانی لەژێر ناوی Voice of Exile بڵاوکردووەتەوە.
ئیسماعیل خویی خوێندنی زانکۆی لە دانشسەرای باڵای دەستپێکرد. دواتر لە بەشی فەلسەفە و زانستی پەروەردەدا ماستەری وەرگرت و دوای ئەوەش بۆ درێژەدانی خوێندن لە بەشی فەلسەفە چووە بەریتانیا.
ئەو ساڵی 1965 و دوای وەرگرتنی دکتۆرا، گەڕایەوە ئێران و لە دانشسەرای باڵای تاران دەستی بە وانەگوتنەوە کرد. لە سەردەمی شای ئێراندا لایەنگری رێکخراوی چریکە فیداییەکانی خەلق بوو، کە رێکخراوێکی گەورەی مارکسی بوو.
خویی ساڵی 2009 لە هەڤپەیڤینێکدا لە گەڵ بی بی سی، بە داخبوونی خۆی دەربڕی کە ساڵی 1979 گوێیان بەو هۆشدارییەی شاپوور بەختیار، دوایین سەرۆکوەزیرانی شای پێشووی ئێرانیان نەدا کە باسی مەترسیی هاتنەسەرکاری "دیکتاتۆری مەزهەبی" کردبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ