رووداو دیجیتاڵ
جەعفەر پەناهی، دەرهێنەری ناسراوی ئێرانی، هەرچەند بەردەوام کێشەی لەگەڵ دەسەڵات لە وڵاتەکەی هەبووە و بەهۆی فیلمەکانی چەند جارێک دەستگیر کراوە، توانی خەڵاتی چڵەخورمای زێڕینی 78ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کانی لە فەرەنسا بەدەستبێنێت.
فیلمەکەی پەناهی بەناوی "تەنیا رووداوێک بوو"ـە و گرنگترین خەڵاتی فێستیڤاڵی بردەوە، ناوەڕۆکی باس لە هاوسۆزیی رۆژانەی خۆی لەگەڵ هاوڕێ زیندانییەکانی دەکات.
جولیێت بینۆش، سەرۆکی لیژنەی دادوەریی خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵی کان رایگەریاند، خەڵاتەکە کە بەخشرایە جەعفەر پەناهی، هۆکارەکەی سیاسی نەبوو، بەڵکو بۆ توانای لە گێڕانەوە لە دڵەوە و بەدەستهێنانەوە ئازادیەتی.
هەروەها خەڵاتی گەورەی فێستیڤاڵ کە بە دووەم خەڵات لە دوای خەڵاتی چڵەخورمای زێڕین دەناسرێت، بەخشرایە فیلمی "Sentimental Value" لە دەرهێنانی یواکیم تریەر، دەرهێنەری نەرویجی.
خەڵاتی باشترین دەرهێنەری فێستیڤاڵ، بەخشرایە کلێبەر مێندۆنچا دەرهێنەری فیلمی "The Secret Agent"، هەروەها ئەکتەری سەرەکیی فیلمەکە، ڤاگنەر مۆڕا، خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاوی بەدەستهێنا.
هەروەها خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژن بەخشرایە نادیە میلیتی، ئەکتەری فەرەنسی بە رەچەڵەک عەرەب، بۆ رۆڵگێڕانی لە فیلمی "خوشکی بچووک" لە دەرهێنانی حەفیسە حوزری، دەرهێنەری فەرەنسی بە رەچەڵەک تونسی.
یەکێکی دیکە لە خەڵاتەکانی دیکەی فێستیڤاڵ، خەڵاتی کامێرای زێڕینە و بەخشرایە حەسەن هادی، دەرهێنەری عێراقی بۆ فیلمی "کێکی سەرۆک".
خەڵاتی باشترین کورتە فیلم بەخشرایە تەوفیق بەرهوم، دەرهێنەری فەلەستینی بۆ فیلمی "دڵخۆشی کە ئێستا مردی".
78ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان لە 13ـی ئەم مانگە لە شاری کەنار دەریایی کان لە فەرەنسا دەستیپێکرد و شەوی رابردوو چالاکییەکانی کۆتایی هات.
لەلایەکی دیکەوە بەهۆی پچڕانی کارەبا لە باشووری رۆژهەڵاتی فەرەنسا، کارەبای فیستیڤاڵیش لە کان پچرا و بەهۆیەوە دەنگدانەوەیەکی میدیایی دروست بوو.
فێستیڤاڵی فیلمی کان لە 1946 دامەزراوە، تاوەکو 2003 بە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەما دەناسرا و ساڵانە لە مانگی ئایار لە شاری کانی باشووری فەرەنسا سازدەکرێت.
کان، بە یەکێک لە سێ فێستیڤاڵە گرنگەکانی سینەما لە ئەوروپا دەناسرێت، لە پاڵ هەریەک لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤینس لە ئیتاڵیا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لە ئەڵمانیا، هەروەها بە یەکێک لە پێنج گرنگترین فێستیڤاڵی سینەمایی لە جیهاندا دەناسرێت، لەگەڵ هەریەک لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ لە کەنەدا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەندانسی ئەمریکا.
سینەمەکارانی کورد بە فیلمەکانیان لە فێستیڤاڵەکەدا بەشداربوونە، بەڵام تەنیا یڵماز گونەی، دەرهێنەری کورد، لە 1982 توانی ببێتە براوی خەڵاتی چڵەخورمای زێڕین.
هەروەها شەهرام عەلیدی، دەرهێنەری کورد، پێشتر لەرێگەی فیلمی سینەمایی "سرتە لەگەڵ با" لەبارەی کارەساتی ئەنفال، سێ خەڵاتی لە بەشی رەخنەگران لە فێستیڤاڵەکەدا بەدەستهێنا.
.jpg)
.jpg)
.jpg)
.jpg)
.jpg)
.jpg)
.jpg)
.jpg)
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ