کان بە میوزیکی "Mission Impossible" پێشوازی لە تۆم کروز دەکات

15-05-2025
پەسار فایەق
تۆم کروز، ئەکتەری ئەمریکی لە فێستیڤاڵی فیلمی کان. وێنە: AFP
تۆم کروز، ئەکتەری ئەمریکی لە فێستیڤاڵی فیلمی کان. وێنە: AFP
نیشانەکردن تۆم کروز 78ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەک چۆن بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی فیلمی کان رووداوێکی گەورەی هونەری و سینەماییە لە جیهاندا، ئامادەبوونی ئەستێرەیەکی وەک تۆم کروز لە فێستیڤاڵەکەدا، رووداوێکی گەورە و شانازییەکی گەورەیە بۆ خودی فێستیڤاڵەکە.
 
تۆم کروز، ئەکتەری ئەمریکی، دیارترین میوانی 78ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کانە و رۆژی چوارشەممە 14ـی ئایاری 2025 بەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵدا تێپەڕی و بە شێوازێکی جیاواز پێشوازی لێکرا و میوزیکی نوێترین فیلمی لەسەر فەرشی سوور بیسترا.
 
ئەو ئەکتەرە سینەماییە بە نوێترین بەشی زنجیرە فیلمی "Mission Impossible" لە دەرەوەی پێشبيڕکێی فێستیڤاڵ، لەگەڵ بەشێک لە ستافی فیلمەکە ئامادەبوو، بڕیارە لە 21ـی ئایاری 2025، ئەم بەرهەمە سینەماییە بەناونیشانی "Mission Impossible – The Final Reckoning" لە سینەماکانی جیهاندا پێشانبدرێت.
 
هەوڵەکانی کروز بۆ ناساندنی فیلمەکەی لە جیهاندا و بەشداریی لە یەکێک لە گرنگترین رووداوە سینەماییەکانی جیهان، هەوڵێکە بۆ تۆمارکردنی شانازییەکی دیکە بۆ ژیانی هونەریی خۆی و بەدەستهێنانی داهاتێکی یەک ملیار دۆلاری.
 
کروز لە 1992 بە فیلمی "Far and Away" و لە 2022 بە فیلمی "Top Gun: Maverick"، لە فێستیڤاڵەکەدا بەشداربووە، ئەمجارە دەبێتە سێیەم بەشداریی لەو رووداوە گرنگە سینەماییەدا. لە دووەم بەشدارییدا؛ خەڵاتی چڵەخورمای زێڕینی وەک رێزێک لە تەواوی کار و بەرهەمەکانی پێبەخشرا و کاتێک بەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵدا رۆیشت؛ حەوت فرۆکەی جەنگیی فەرەنسا بە ئاڵای فەرەنسا نمایشێکیان بۆ ئەنجامدا.
 
"Mission Impossible" زنجیرە فیلمێکی سینەماییە و یەکەم بەشی لە 1996 بەرهەمهێنراوە، دووەم بەشی لە 2000 بەرهەمهاتووە، سێیەم بەشی لە 2006، چوارەم بەشی 2011، پێنجەم بەشی لە 2015، شەشەم بەشی لە 2018 بڵاوکرایەوە، چیرۆکی حەوتەم بەشی "Mission: Impossible - Dead Reckoning"، لە دوو بەش پێکدێت، یەکەمیان لە 2023 بڵاوکرایەوە و دووەمیشیان لە 2025 بڵاوکرایەوە و دەبێتە هەشتەمین بەشی.
 
"Mission Impossible" لە 1966 تاوەکو 1973 وەک زنجیرەی تەلەڤزیۆنی پێشکێشکراوە.
تۆم کروز، لە 3ـی تەممووزی 1962 لە دایکبووە، ئەکتەر و بەرهەمهێنەری ئەمریکییە، بە یەکێک لە گرانترین ئەکتەرەکانی جیهان دەناسرێت لە رووی وەرگرتنی کرێی بەشداربوونی لە پڕۆژە سینەماییەکاندا.
 
کروز، براوەی چەندین خەڵاتی سینەماییە، لەوانە سێ خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب و بەربژێری چوار خەڵاتی بافتا و سێ خەڵاتی ئۆسکارە، فیلمەکانی زیاتر لە چوار ملیار دۆلاری لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور و زیاتر لە 10 ملیار و 100 ملیۆن دۆلاری لە سینەماکانی جیهاندا بەدەستهێناوە.
 
ئەو ئەکتەرە لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوودا، رووی لە سینەما کردووە و رۆڵی پاڵەوانیەتی لە چەندین فیلمدا گێڕاوە، لەوانە فیلمی کۆمێدی "Business" لە 1986، فیلمی "The Color of Money" لە 1986 و فیلمی "Born on the 4th of July" لە 1988.
 
چالاکییەکانی فێستیڤاڵی فیلمی کان شەوی سێشەممە 13ـی ئایاری 2025، بە پێشاندانی فیلمی "Leave One Day" لە شاری کانی فەرەنسا دەستیپێکرد و تاوەکو 24ـی هەمان مان بەردەوام دەبێت.

 

 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ماتیۆ پێری، ئەکتەری ئەمریکی - کەنەدی

پزیشکێک بەهۆی مردنی ئەستێرەیەکی (Friends) زیندانیکرا و سێی دیکەش دادگەیی دەکرێن

پزیشکێکی ویلایەتی کالیفۆرنیا کە ماددەی 'کیتامین'ـی بۆ ماتیۆ پێری، ئەستێرەی زنجیرەی (Friends) دابینکردبوو، سزای 30 مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا؛ بەمەش بووە یەکەم کەس لە دۆسییەی گیانلەدەستدانی ئەو ئەکتەرە سزا بدرێت.