رووداو دیجیتال
شەوی رابردوو غازی غەفوور، ئەکتەری بواری شانۆ و دراما کۆچی دواییکرد و هونەرمەندان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هاوخەمی خۆیان بۆ گیانلەدەستدانی ئەو هونەرمەندە دەربڕێوە.
نیاز نووری، سەرۆکی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان، بەناوی ئەنجوومەنی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان، دڵگرانی بۆ کۆچی دوایی ئەو هونەرمەندە کوردە دەربڕیوە و پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی سەرجەم ھونەرمەندان و ھاوڕێیان و ماڵباتی ئەو هونەرمەندە کردووە.
ئەرسەلان دەروێش، هونەرمەندی شانۆکار، لەبارەی کۆچی دوایی غازی غەفوور، لە پۆستێکدا هاوخەمی خۆی بۆ کۆچی دوایی ئەو هونەرمەندە دەربڕیوە و بە هونەرمەندی "دێرین و هەڵکەوتووی بواری شانۆ و درامای کوردی" ناساندووە.
شاخەوام مستەفا، بەڕێوەبەری سینەمای هەولێر، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی: "بەداخەوە هەواڵی کۆچی دوایی هونەرمەندی دیار و بە توانای شاری هەولێرمان پێگەیشت کە بۆ زیاتر لە نیو سەدەیە خزمەتی دنیایی هونەری لە بواری شانۆ، دراما و سینەمادا کردووە، مەخابن بۆ لەدەستدانی ئەم کەلە هونەرمەندە پڕ سەلیقە جوانە".
هونەرمەند دانا عەبدولجەبار، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە فەیسبووک لەبارەی کۆچی دوایی ئەو هونەرمەندە نووسیویەتی: "ماڵئاوا و رۆحت شاد، هونەرمەندە جوانەکەی شار".
هونەرمەند محەممەد عەزیز، پۆستێکی لەمبارەیەوە کردووە و دڵگرانی خۆی بۆ کۆچی دوایی غازی غەفوور دەخاتەڕوو و پرسە و سەرخۆشی خۆی ئاڕاستەی فەرهەنگ غەفوور، هونەرمەند و بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر کردووە کە دەکاتە برای ئەو.
حەیدەر عەبدولڕەحمان، نووسەر و رەخنگەری بواری هونەر، بۆ کۆچی دوایی ئەو ئەکتەرە کوردە نووسیویەتی: "ئەوانەی غازییان وەک ئەکتەر ناسیووە، دەزانن ئەو لە رووی جەستەو دەنگ و ئیلقاوە، پڕە لە توانستی سرووشتی گەرم، دەزانن کە کاراکتەرەکانی، هەمیشە لەخودی خۆی نزیکن، دۆستایەتی و لێکتێگەیشتن و ئاوێزان بوونیان لەگەڵ یەکدا زۆرە".
حەمەد جەمیل، دەرهێنەر و شانۆکار، بۆ کۆچی دوایی هونەرمەند غازی غەفوور نووسیویەتی: "کورد ئەکتەرێکی مەزنی لەدەستدا".
ماوەیەک بوو باری تەندروستی هونەرمەند غازی غەفوور ناجێگیر بووە و لە 08ـی کانوونی دووەمی 2023 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە یاوەری د. دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر و فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، سەردانی ئەو هونەرمەندەی کرد و پارێزگاری هەولێر بۆ چارەسەرکردنی تیمێکی تەندروستیی راسپارد.
لەم هەفتەیە هونەرمەند فەرهەنگ غەفوور، لە پۆستێکدا بۆ براکەی غازی غەفوور نووسیبووی: "كاكی گەورەم تۆ پشوو بدە و من لە خزمەتتدا دەبم، كاكی گەورەم غازی، كە دەمێكە نەخۆشە، دەزانم ئازارەكانی كەم نیین، ئازارە هەرە بە ژارەكەی هی یادی رۆژانی عەوداڵیی كوردایەتی و سەربەخۆییە، یادی رۆژانی شاخ و هەڵوێست و هەڵمەت و جوامێری، یادی رۆژانی قوربانیدان و دەست لەخۆشووشتن، ئێستا كە نەخۆشی و هەزار مەراقت لەدڵدایە، تۆ دانیشە و پشوو بدە، من بەپێوە لەئاست شەهامەتی تۆ دەوەستم و لەپاڵ پشتت دەبم، خوای گەورە شیفای بەخێر و خێرات بۆ بنێرێ، لەگەڵ نەخۆشەكانی هەموو لایەك".
غازی غەفوور، شەوی دوێنێ چوارشەممە 25ـی کانوونی دووەمی 2023 لە هەولێر کۆچی دواییکرد و لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد بەخاکسپێردرا و ئەمڕۆ پێنجشەممە یەکەم رۆژی پرسەکەیەتی لە مزگەوتی جەلیل خەیات.
لە کاتی بە خاکسپاردنی تەرمی غازی غەفوور، د.پشتیوان سادق، وەزیرى ئەوقافی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حیزبی و هونەرمەندان ئامادەبوون.
ئەو هونەرمەندە کوردە لە چەندین بەرهەمی شانۆیی، دراما و سینەمادا رۆڵی گێڕاوە، لەوانە لە فیلمی 'سیمای خۆڵەمێش' لە دەرهێنانی شاخەوان ئیدریس، هەروەها لە فیلمی 'کچی کافرۆش' کە رۆڵی باوکی کچی کافرۆشی گێڕاوە.
لە بواری شانۆدا لە چەند بەرهەمێکدا رۆڵی گێڕاوە، لەوانە شانۆگەریی "راوچی" لە دەرهێنانی سەفوەت جەراح، تێیدا رۆڵی پیرەمێردی گێڕاوە کە باوکی چوار کوڕە، بە هێمای چوار پارچەی کوردستان.
لە بواری دراما و تەلەڤزیۆندا لە چەندین بەرهەمدا رۆڵی گێڕاوە، لەوانە لە زنجیرەی 'ئاسکە' کە رۆڵی خزمەتکاری دەرەبەگێک دەگێڕێت، ئەو کارەکتەرە زوڵم و زۆرداری قەبوڵ ناکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ