رووداو دیجیتاڵ
تۆم کروز، ئەکتەری ئەمریکی، بە بەشی نوێی زنجیرە فیلمی "Mission Impossible"، لە 78ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان بەشدار دەبێت.
بەشی نوێی زنجیرە فیلمەکە بەناوی "Mission Impossible – The Final Reckoning"یە، بە ئامادەبوونی ستافی فیلمەکە، لە 14ـی ئایاری 2025 لە دەرەوەی پێشبڕکێی فێستیڤاڵی پێشاندەدرێت.
کروز لە 1992 بە فیلمی "Far and Away" و لە 2022 بە فیلمی "Top Gun: Maverick"، لە فێستیڤاڵەکەدا بەشداربووە، ئەمجارە دەبێتە سێیەم بەشداریی لەو رووداوە گرنگە سینەماییەدا. لە دووەم بەشدارییدا؛ خەڵاتی چڵەخورمای زێڕینی وەک رێزێک لە تەواوی کار و بەرهەمەکانی پێبەخشرا.
"Mission Impossible – The Final Reckoning" هەشتەمین بەشی زنجیرە فیلمەکەیە، بڕیارە لە 21ـی ئایاری 2025 لە سینەماکانی جیهاندا پێشان بدرێت.

"Mission Impossible" زنجیرە فیلمێکی سینەماییە و یەکەم بەشی لە 1996 بەرهەمهێنراوە، دووەم بەشی لە 2000 بەرهەمهاتووە، سێیەم بەشی لە 2006، چوارەم بەشی 2011، پێنجەم بەشی لە 2015، شەشەم بەشی لە 2018 بڵاوکرایەوە، چیرۆکی حەوتەم بەشی "Mission: Impossible - Dead Reckoning"، لە دوو بەش پێکدێت، یەکەمیان لە 2023 بڵاوکرایەوە و دووەمیشیان لە 2025 بڵاوکرایەوە و دەبێتە هەشتەمین بەشی.

"Mission Impossible" لە 1966 تاوەکو 1973 وەک زنجیرەی تەلەڤزیۆنی پێشکێشکراوە.

تۆم کروز، لە 3ـی تەممووزی 1962 لە دایکبووە، ئەکتەر و بەرهەمهێنەری ئەمریکییە، بە یەکێک لە گرانترین ئەکتەرەکانی جیهان دەناسرێت لە رووی وەرگرتنی کرێی بەشداربوونی لە پڕۆژە سینەماییەکاندا.
کروز، براوەی چەندین خەڵاتی سینەماییە، لەوانە سێ خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب و بەربژێری چوار خەڵاتی بافتا و سێ خەڵاتی ئۆسکارە، فیلمەکانی زیاتر لە چوار ملیار دۆلاری لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور و زیاتر لە 10 ملیار و 100 ملیۆن دۆلاری لە سینەماکانی جیهاندا بەدەستهێناوە.
ئەو ئەکتەرە لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوودا، رووی لە سینەما کردووە و رۆڵی پاڵەوانیەتی لە چەندین فیلمدا گێڕاوە، لەوانە فیلمی کۆمێدی "Business" لە 1986، فیلمی "The Color of Money" لە 1986 و فیلمی "Born on the 4th of July" لە 1988.
بەم دواییە رێکخەرانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان، پۆستەری 78ـەمین خولی فێستیڤاڵەکەیان بڵاوکردەوە کە لە دوو پۆستەر پێکدێت و وێنەی فیلمی "A Man and a Woman"ـە لە دەرهێنانی کلود لولوش، دەرهێنەری فەرەنسی لەخۆدەگرێت.
فیلمەکە فەرەنسییە و ناوەڕۆکێکی رۆمانسیی هەیە، لە 1966 خەڵاتی سەرەکی فێستیڤاڵی کانی بردووەتەوە کە خەڵاتی چڵەبەڕووی زێڕینە، دواتریش خەڵاتی ئۆسکاری بەدەستهێناوە.
دوو پۆستەر لە یەک پۆستەردا چاپکراوە، ئەمەش یەکەمجارە لە مێژووی فێستیڤاڵی کاندا روودەدات

بەکارهێنانی وێنەی فیلمەکە لە پۆستەری خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵ، بەبۆنەی تێپەڕبوونی 60 ساڵە بەسەر بەرهەمهێنانیدا، وێنەی دیمەنێکی باوەشی نێوان دوو کارەکتەری سەرەکیی نێو فیلمەکە لەخۆدەگرێت کە 20 چرکەیە، ئەو باوەشە وەک هێمایەکی رۆمانسییەت لە سینەمای جیهاندا دەناسرێت.
لە راگەیێندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی فێستیڤاڵی فیلمی کاندا هاتووە: "ئەم هەڵبژاردنە لە سەردەمی هەڵوەشاندنەوە و دابەشبووندایە، دووبارە بیرخستنەوەی هێزی سینەمایە لە کۆکردنەوەی جەستە، دڵ و رۆحەکان، هەروەها بەرجەستەکردنی ئازادی، جووڵە و یادکردنەوەی ژیانە".
ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە: "لە جیهانێکدا کە هەورەکان چڕتر دەبن، چیتر رووناکی لە ئاسمانەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکو لە درەوشانەوەی مرۆڤایەتییەوە سەرچاوە دەگرێت، لە نێوان دوو مرۆڤ کە ئاشتبوونەتەوە".
فێستیڤاڵی فیلمی کان لە 1946 دامەزراوە، تاوەکو 2003 بە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەما دەناسرا و ساڵانە لە مانگی ئایار لە شاری کانی باشووری فەرەنسا سازدەکرێت.
کان، بە یەکێک لە سێ فێستیڤاڵە گرنگەکانی سینەما لە ئەوروپا دەناسرێت، لە پاڵ هەریەک لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤینس لە ئیتاڵیا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لە ئەڵمانیا، هەروەها بە یەکێک لە پێنج گرنگترین فێستیڤاڵی سینەمایی لە جیهاندا دەناسرێت، لەگەڵ هەریەک لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ لە کەنەدا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەندانسی ئەمریکا.
سینەمەکارانی کورد بە فیلمەکانیان لە فێستیڤاڵەکەدا بەشداربوونە، بەڵام تەنیا یڵماز گونەی، دەرهێنەری کورد، لە 1982 توانی ببێتە براوی خەڵاتی چڵەخورمای زێڕین.
هەروەها شەهرام عەلیدی، دەرهێنەری کورد، پێشتر لەرێگەی فیلمی سینەمایی "سرتە لەگەڵ با" لەبارەی کارەساتی ئەنفال، سێ خەڵاتی لە بەشی رەخنەگران لە فێستیڤاڵەکەدا بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ