رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای "ئەمازۆن ئێم جی ئێم" رایگەیاند، دۆنی ڤیلینوڤ، دەرهێنەری کەنەدی کە پێشتر دەرهێنەری هەردوو بەشی زنجیرە فیلمی "Dune"بووە، کاری دەرهێنان بۆ بەشی نوێی زنجیرە فیلمی "James Bond" دەکات.
فیلمەکە هێشتا ناونیشانی بۆ دانەنراوە و یەکەم بەرهەم دەبێت لەدوای ئەوەی "ئەمازۆن ئێم جی ئێم" ئەرکی بەرهەمهێنانی وەرگرتووە کە پێشتر خێزانی برۆکلی ئەو ئەرکەی لە ئەستۆ بوو.
پێشتر بەرهەمهێنەرانی فیلمەکە رایانگەیاندبوو، بەر لە هەڵبژاردنی ئەکتەری نوێی فیلمەکە، سەرەتا کار بۆ سیناریۆ و دۆزینەوەی دەرهێنەرێکی بەتوانا دەکەن.
دۆنی ڤیلینۆڤ، یەکێک لە ناوە درەوشاوەکانی سینەمای هۆڵیوود و جیهانە، بە تایبەتیش لە دوای ئەوەی کاری دەرهێنانی بۆ هەردوو بەشی زنجیرە فیلمی"Dune" کرد و دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، لەلایەن رەخنەگرانەوە ستایشێکی زۆری لێکرا.
ڤیلینۆڤ لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، جەیمس بۆند "خاکێکی پیرۆزە" و بەڵێنی داوە رێز لەو میراتە گەورەیە بگرێت.
دانیال کرەیگ، ئەکتەری بەریتانی، لە پێنج بەشی رابردووی زنجیرە فیلمەکەدا رۆڵی گێڕاوە، لە دوای ئەوەی دەستبەرداری رۆڵەکەی بوو، بەرهەمهێنەرانی بە دوای جێگرەوەی ئەو ئەکتەرەدا دەگەڕێن.
ناوی جیا جیا بۆ گێڕانی ئەو رۆڵە باس کراون، بەهێزترینیان ئێدرێس ئێلبا، ئەکتەری بەریتانی بوو، بەڵام دواتر رەتکرایەوە ئەو ئەکتەرە رۆڵی ئەندامی هەواڵگریی بەریتانیا بگێڕێت کە کۆدەکەی "007"ـە.
چیرۆکی "James Bond" باس لە ئەندامێکی هەواڵگریی بەریتانی دەکات کە نووسەری چیرۆکەکە ئیان فلمینگە و لە 1953 بۆ یەکەمجار لە رۆمانێکدا بەکاری هێنا، دواتر لە چەندین رۆمان و چیرۆکدا بەکارهێنراوە، بەڵام بەناوبانگبوونی ئەو کارەکتەرە لە رێگەی سینەماوە بووە و کۆی داهاتی زنجیرە فیلمەکە زیاتر لە حەوت ملیار دۆلاری ئەمریکییە.
تاوەکو ئێستا 25 بەش لە زنجیرە فیلمەکە بڵاوکراونەتەوە، دوایین بەشی بەناوی "No Time to Die" بوو و لە 2021 بڵاوکرایەوە و داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 774 ملیۆن و 153 هەزار دۆلارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ