رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند لەیلا فەریقی، لەبارەی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی خەمباری خۆی پێشانداوە و دەڵێت، بە پێکەوە بوون دەتوانن بە ئامانجەکانیان بگەن.
ئەو هونەرمەدە کوردەی رۆژهەڵاتی کوردستان کە ئێستا لە سوێد دەژی، لە پەیامێکیدا بۆ گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی کە کۆپییەکی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە و پەیامەکە لە 23-9-2022 نووسراوە و بڵاوکراوەتەوە، رایگەیاندووە "بۆ ژنانی ئازا و شۆڕشگێڕی ئێران به تایبه‌ت ژنانی کورد، منیش وه‌کو هه‌ر مرۆڤێکی ئازادیخواز به مردنی دڵته‌زێنی مه‌هسا (ژینا ئەمینی) خه‌مبار بووم".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە "له‌م چه‌ند روژه‌دا به‌رده‌وام هه‌واڵی ناخۆش ده‌بیستم، ده‌بینم چه‌ند بێ بەزەییانە ژن و گه‌نجه‌کانمان ده‌بن به قوربانی له پێناوی مافی مرۆڤایەتی و ئازدیخوازی".
روونیشیکردووەتەوە "منیش له‌گەڵتانم، پێکه‌وەبوون و هاوخه‌میمان ده‌توانێت به هێزترمان بکات بۆ ئەوەی بگه‌ین به ئامانجه‌کانمان، واته ئازادی، یه‌کسانی و سه‌ربه‌ستی".
لەیلا فەریقی، بە یەکێک لە هونەرمەندە ناسراوەکانی کورد دەناسرێت، لە مەریوانی رۆژھەڵاتی کوردستان لە دایک بووە و خوشکی مەرزییە فەریقی، هونەرمەندی کۆچکردووە، لە 1991 چووەتە سوێد، دەستپێکی کاری هونەریی گوتنەوەی گۆرانییەکانی هونەرمەند تاهیر تۆفیق بووە.
یەکەم ئەلبوومی بەناوی 'ئەستێرە' لە 1997 و دووەم ئەلبوومی بەناوی 'سیاچەمانە' لە 2000 بڵاوکردووەتەوە، دوو ساڵ دواتر ئەلبوومێکی دیکەی بەناوی 'ئەوین و ئازار' بڵاوکردەوە.
لە 2007 ئەلبوومی 'گوێم لێگرن'ـی لە 2007 بڵاوکردەوە، یەکێک لە تراکەکانی گۆرانییەکی دوێت بوو بە زمانی کوردی و عەرەبی لەگەڵ عەلی حەجار، گۆرانیبێژی ناسراوی میسری.
لەیلا فەریقی، لە دوای دابڕانێک لە کاری هونەری، لە 2017 ئەلبوومێکی نوێی بەناوی 'Echoes of the past' بڵاوکردەوە کە یەکێک لە تراکەکانی بەناوی 'منیش لێرەم' بوو و پاڵپشتییەک بوو بۆ ژنانی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ