سیلین دیۆن 42 کۆنسێرتی هەڵدەوەشێنێتەوە

27-05-2023
پەسار فایەق
نیشانەکردن سیلین دیۆن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سیلین دیۆن، هونەرمەندی کەندی، بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە، کۆنسێرتەکانی گەشتە هونەرییەکەی هەڵوەشاندەوە کە ناوی نابوو 'گەشتی بوێری'.
 
دیۆن، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر، رایگەیاندووە، 42 کۆنسێرت لە گەشتە هونەرییەکەی هەڵوەشاندەوە کە بڕیاربوو لە 2023 و 2024 پێشکێشیان بکات، یەکەم کۆنسێرت لە مانگی ئابی ئەمساڵ لە ئەمستردامی هۆڵەندا دەبوو.
 
ئەو گۆرانیبێژە جیهانییە، خەمباری خۆی بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆنسێرتەکە پێشانداوە و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەو ناتوانێت چیتر گەشتە هونەرییەکەی دوابخات و بەم بڕیارە دڵی دەشکێت، بۆیە بڕیاریداوە گەشتەکە هەڵبوەشێنێتەوە.
 
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، ئەو خۆی بەدەستەوە نادات و بەرگەی چاوەڕوانی ناگرێت بۆ دووبارە شادەبوونەوەی بە جەماوەرەکەی.
 
بەم دواییە دیۆن، ئەلبوومێکی گۆرانی بڵاوکردەوە کە گۆرانییەکانی فیلمی 'Love Again' لەخۆدەگرێت، جگە لە پێنج گۆرانی نوێ، ئەمەش دڵخۆشی هەوادارانی بەدوای خۆیدا هێناوە، چونکە بەشێکیان پێشبینی ئەوەیان دەکرد کە دیۆن چیتر گۆرانی نەڵێتەوە.
 
لە کانوونی یەکەمی 2022، ئەو گۆرانیبێژە رایگەیاند، تووشی نەخۆشییەکی دەگمەن بووە و بەهۆیەوە زنجیرە کۆنسێرتەکانی وەستاند.
 
ئەلبوومەکە بەناوی 'Love Again'ـە و بەهەمان ناوی فیلمەکەیە کە گۆرانییەکانی بۆ گوتووە.
 
لە دوای دوورخستنەوەی سیلین دیۆن، هونەرمەندی کەنەدی لە لیستی باشترین 200 هونەرمەندی هەموو چاخەکان، ناڕەزایی بەشێک لە هەوادارانی لێکەوتەوە.
 
ئەمساڵ گۆڤاری 'رۆلینگ ستۆن'، لیستی نوێی باشترین 200 هونەرمەندی هەموو چاخەکانی بڵاوکردەوە و ناوی دیۆنی لە نێو دەرهێنراوە کە پێشتر لە لیستەکەدا هەبوو، بەهۆیەوە بەشێک لە هەودارانی ئەو گۆرانیبێژە چوونە بەردەم بارەگای ئەو گۆڤارە لە نیویۆرکی ئەمریکا و ناڕەزاییان دەربڕی. 
 
گۆڤارەکە هیچ وەڵامێكی هەوادارانی دیۆنی نەدایەوە، هەروەها سیلین دیۆن تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکی لەمبارەیەوە نەبووە. 
 
دیۆن، لە نیسانی 2022، گەشتە هونەرییەکەی لە ئەوروپا بۆ 2023 دواخست، هۆکارەکەیشی بۆ کێشەی تەندروستیی خۆی گەڕاندەوە.
 
سیلین دیۆن، لە 30ـی ئازاری 1968 لە کەنەدا لەدایکبووە، 200 ملیۆن کۆپی لە بەرهەمەکانی لە سەرتاسەری جیهاندا فرۆشراون، سەرەتا بە فەرەنسی گۆرانی گوتووە و لە 1982 لە دوای خەڵاتکردنی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی یاماها بۆ گۆرانی میللی و پێشبڕکێی یۆرۆڤیژن لە 1988 ناوبانگی پەیداکرد. 
 
لە 1990 یەکەم ئەلبوومی بە زمانی ئینگلیزی بەناوی 'Inison' بڵاوکردەوە و بەهۆیەوە ناوبانگییەکی بەدەستهێنا، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی زمانی فەرمییان ئینگلیزییە.
 
لەرێگەی گۆرانی 'My Heart Will Go On' ناوبانگییەکی زۆری بەدەستهێنا و لە فیلمی سینەمایی 'Titanic' بڵاوکرایەوە، براوەی چەندین خەڵاتە، لەوانە پێنج خەڵاتی گرامی.
 
جگە لە فەرەنسی و ئینگلیزی، بە زمانی ئیسپانی، ئیتاڵی، ئەڵمانی، ژاپۆنی و چینی گۆرانی گوتووە، لە 2009 داهاتی ئەلبووم و کۆنسێرتەکانی 747 ملیۆن دۆلار بووە.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە