دیمەنێک لە درامایەکی تورکی کاردانەوە بەدوای خۆیدا دێنێت

27-10-2025
پەسار فایەق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دیمەنێک لە درامای تورکی (شارە دوورەکە - Uzak Şehir) شەپۆلێکی گەورەی تووڕەیی لە تورکیا ناوەتەوە، ئەمەش دوای دەرکەوتنی ئەکتەر گونجا جیلاسون دێت، لە کاتێکدا جلەکانی فڕێدەدات و دەڵێت "لێرە دەڕۆم"، بینەران بە ئاماژەیەکی مەبەستدار بۆ رەنگەکانی ئاڵای فەلەستینیان لەقەڵەمدا.
 
لە کاردانەوەیەکدا، ئەکتەر محەممەد یاشا، کە یەکێکە لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی دراماکەیە، کشانەوەی خۆی لە کارەکە راگەیاند وەک ناڕەزاییەک بەرامبەر بەو دیمەنە و جەختی لەوە کردەوە، ویژدانی رێگەی پێنادات لە درامایەکدا بەردەوام بێت کە بە بڕوای ئەو "سووکایەتی بە دۆزی فەلەستین" دەکات.
 
یاشا لە پەیامێکدا رایگەیاند: "فەلەستین هێڵی سوورە بۆ ئێمە، دایکان و منداڵان شەهیدن، ویژدانم ئەمە قبووڵ ناکات و دایکیشم لێم خۆش نابێت. دەزانم هەموو دەرگاکان بە روومدا دادەخرێن دوای ئەم کارە، بەڵام ئەگەر خودا دەرگایەک دابخات، یەکێکی دیکە دەکاتەوە. درامای شارە دوورەکە بۆ من کۆتایی هات".
 
ناکۆکییەکە تەنیا لەنێو ئەکتەراندا قەتیس نەما، بەڵکو کاردانەوەی جەماوەریشی لێکەوتەوە و ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی تورک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڵمەتی بایکۆتکردنی دراماکەیان دەستپێکرد.
 
لە بەرامبەردا، ژمارەیەکی زۆر بەرگرییان لە ئەکتەر گونجا جیلاسون کرد و ئاماژەیان بە ڤیدیۆیەکی ناوبراو کرد، تێیدا پشتگیریی خۆی بۆ فەلەستین دەردەبڕێت و جەختیان لەوە کردەوە کە دیمەنەکە بە هەڵە لێکدراوەتەوە.
 
دراماکە پێشتریش لە وەرزی یەکەمیدا رووبەڕووی رەخنە ببووەوە، کاتێک ریکلامکردن بۆ بەرهەمێکی کۆکاکۆلا لە یەکێک لە ئەڵقەکاندا، مشتومڕێکی زۆری دروستکردبوو سەبارەت بە ئاراستەکانی دراماکە لەنێوان سیاسەت و بانگەشەی بازرگانیدا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە