سەیدا گۆیان: 20 بەڵگەفیلمم لەسەر کەلەپووری کورد دروست کردووە

27-12-2019
ئایدن بایرام
نیشانەکردن ئینستتیوتى کەلەپوورى کورد باکووری کوردستان
A+ A-
رووداو- هەولێر
 
ساڵانێکى زۆرە کار لەسەر پاراستنى کەلەپوورى گەلەکەى دەکات، بە تایبەتى دواى ساڵی 1993 کە زۆربەى گوندەکانى باکوورى کوردستان بەهۆى شەڕى پەکەکە و سوپاى تورکیاوە چۆڵ بوون.
 
 سەیدا گۆیان، نوێنەرى ئینستتیوتى کەلەپوورى کوردییە لە باکوورى کوردستان کە بنکەى سەرەکى لە شارى سلێمانییە. گۆیان گرنگییەکى زۆر بە دەنگبێژى دەدات و ئەرشیفێکى دەوڵەمەندى لەبارەى دەنگبێژییەوە کۆکردووەتەوە. لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) باسى کارەکانى خۆى و ئینستتیوتى کەلەپوورى کوردى دەکات.
 
رووداو: رۆڵی ئینستتیوتی کەلەپووری کوردی لە ناساندنی هونەر و کولتووری کوردیدا چۆن دەبینی؟
 
سەیدا گۆیان: ئینستتیوتی کەلەپووری کوردی بۆ پاراستنی کەلەپووری رەسەنی کوردی دامەزراوە کە بەشێوەیەکی زانستی و ئەکادیمی کارەکانی خۆی دەکات. هەروەها دەزگایەکی کۆمەڵایەتییە لە شاری سلێمانی کە بە سەرپەرشتی مامۆستا مەزهەری خالقی بەڕێوەدەچێت. لە ناوەند چەندین لێکۆڵینەوەی هونەری و کەلەپووری دەکرێن، کار لەسەر ئەو میلۆدیانە دەکرێ کە خەریکە لەنێودەچن و ئێمە دووبارە زیندوویان دەکەینەوە. هەروەها کار لەسەر پاراستنی کاری دەستی دەکەین. ئەو کەلوپەلانەی لە بۆنەکاندا لە کۆندا بەکارهێنراون. جلوبەرگ و خواردنی کۆنى کوردی ئەرشیف دەکەین. گۆرانی و شایی و جۆرەکانی مەقامی کوردی دەنووسینەوە. کار لەسەر کەلەپووری هەر چوار پارچەی کوردستان دەکەین بەبێ جیاوازی، هەروەها دەنگبێژی تایبەتمەندییەکی زۆری لەنێو ئینستتیوتی کەلەپووری کوردی هەیە، چونکە ئەوەی نەتوانراوە تاوەکو ئێستا دەستکاری بکرێت دەنگبێژییە، کە نەوە بۆ نەوە گواستراوەتەوە.
 
رووداو: سەرەتا تۆ فەرمانبەر بوویت، بەڵام دواتر رووت لە دەنگبێژی کرد، چی وایکرد روو بکەیتە کاری هونەری؟
 
سەیدا گۆیان: لە ساڵی 1993 زۆربەی گوندنشینەکان کۆچیان کرد بۆ شارەکان و تێکەڵی کولتوورێکی جیاواز بوون. ئەوەش کاریگەری لەسەر کولتووری کوردی دانا، چونکە وەک ئاشکرایە کولتوور و هونەری رەسەن لەنێو ژینگەی خۆیدا مابوو، بەڵام دوای چۆڵکردنی گوندەکان ئەم گرنگیدانە بە هونەری کوردی کەمبووەوە، بۆیە من وەکو دڵسۆزییەک بۆ کەلەپووری کوردی، دەستم بە کۆکردنەوەی کەلەپوور و هونەری کوردی کرد، بۆ ئەوەی لە فەوتان بیانپارێزم. تاوەکو ئێستا ئەوە پیشەی منە، کاری دەنگبێژیش هەر لەسەر ئەم بنچینەیە بووە.
 
رووداو: ئەرشیفەکەى تۆ چى تێدایە؟
 
سەیدا گۆیان: من لە بوارەکانی چیرۆک، وتەکانی باب و باپیران، یارییە کوردییەکان، جلوبەرگی رەسەنی ناوچەکانی کوردستان، دەنگبێژی، شیعر و کاری دەستی کارم کردووە. زیاتر لە 20 فیلمی دۆکیۆمێنتاریم لەسەر هونەر و رۆشنبیری و کەلەپووری کوردی هەیە. 2008 بەڵگەفیلمێکم لەسەر دروێنە، گەنمەکوتاو و ساوەر لە شرناخ ئامادە کرد، ئەم بەڵگەفیلمە لە ساڵی 2011 لە پێشبڕکێی فێستیڤاڵی فیلمی دۆکیۆمێنتاری خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی وەرگرت، ئەم خەڵاتە لەبەر من نییە، بەڵکو لەبەر دەوڵەمەندیی کەلەپووری کوردییە، لە ساڵی 2018 پێنج وێنەی من بوونە بەرگی ساڵنامەی " Apec " لە ستۆکهۆڵم، ئەمەش دەستکەوتێکی زۆر باشە بۆ کەلەپووری کوردی.
 
رووداو: وەک لێکۆڵەرێک دواڕۆژی هونەری دەنگبێژی چۆن دەبینی؟
 
سەیدا گۆیان: بەداخەوە، من هیچ رووناکییەک لە دواڕۆژی دەنگبێژی نابینم، تەکنەلۆژیا و ئینتەرنێت کاریگەری لەسەر دەنگبێژی هەبووە. دەبێت دەوڵەت لەڕێگەی دامەزراوەکانی خۆیەوە هەوڵ بۆ پاراستنی کولتوور و فەرهەنگ بدات. نەوەی ئێستاش هیچ گرنگی بە کەلەپووری خۆی نادات، ئەمەش مەترسییەکی مەزنە.
 
رووداو: بۆ ئەوەی هونەری دەنگبێژی لە نێو کوردا بەردەوام بێت چ بکرێ باشە؟
 
سەیدا گۆیان: بەڕای من دەرمان و چارەسەری ئەم کێشەیە ئەوەیە کە سیاسییەکان و دەسەڵاتدارانی کوردستان نرخی زمان و کەلەپووری خۆیان بزانن و گرنگی بە کولتوور و فەرهەنگ بدەن. دەبێت لە زانکۆ و پەیمانگاکان بەشێک بە ناوی دەنگبێژی و کەلەپووری کوردی بکرێتەوە. زیاتر گرنگی بەو دەنگبێژانە بدرێت کە لە ژیاندا ماون.
 
رووداو: دەنگبێژی چییە؟ مژارەکەى چییە و چەند جۆرى هەیە؟
 
سەیدا گۆیان: دەنگبێژی مێژووە، مێژووی نەتەوەیەک لە نەوەیەک بۆ نەوەیەکی دیکە دەگوازێتەوە. مژاری دەنگبێژی زیاتر گێڕانەوەی چیرۆکی مێژووییە، نیشاندانی نەبەردی و قارەمانییە، بوێری و ئازایەتی ژن نیشاندەدات، ئەمانە هەموویان لە نێو دەنگبێژیدا کاریان لەسەر کراوە، سێ جۆری دەنگبێژی هەیە، یەکەم ئەڤیندارییە، دووەم مێرخاسییە و سێیەمیش شینە.
 
رووداو: جۆرەکانی شایی و هەڵپەڕکێ لە ناوچەکانی گۆیان چۆنە و جیاوازییان لەگەڵ ناوچەکانی دیکە چییە؟
 
سەیدا گۆیان: تایبەتمەندی هەڵپەڕکێی ناوچەی گۆیان ئەوەیە کە هەڵپەڕکێى رەشبەڵەک دەکەن. ژن ئازادە بکەوێتە دەستی کامە پیاو، بەڵام پیاوەکان وەکو ژنان ناتوانن بکەونە دەست هەموو ژنێک، بەڵکو تەنیا دەتوانن لەگەڵ ئەو ژنانە شایی بکەن کە خزمی نزیکی خۆیانن. هەڵپەڕکێی گوندەکان تاوەکو دونیا تاریک دەبێت بەردەوامە، بەڵام ناتوانن بە ژنەکان بڵێن هەڵپەڕکێیەکە رابگرن، بەڵکو دەبێت شاییەکە خاو بکەنەوە، چەپڕاست شایی دەکەن و کۆتایی بە هەڵپەڕکێ دێت.
 
رووداو: دوای ئەو هەموو ساڵەی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەرهەمی کەلەپووری، بۆ تۆ چ دەستکەوتێکى هەبووە؟
 
سەیدا گۆیان: لە ئەنجامی ئەم هەموو خەباتەی من لە پێناو کەلەپووری کوردی کردوومە، پێنج پەرتووکی فۆلکلۆریم بڵاوکردووەتەوە، کە سێ لەم پەرتووکانە تابیەت بوون بە گۆرانی فۆلکلۆری کوردی، یەکێکیان تایبەتە بە دەنگبێژان و ئەوەی دیکەشم تایبەتە بە داستان و چیرۆکی کوردی کە ئەم پەرتووکەم لە سێ بەش پێکدێت: داستانی ئاینی، مێرخاسی و خۆشەویستی کە هەموویان چاپکراون، لەگەڵ ئەوەشدا 20 فیلمی دۆکیۆمێنتاریم دەربارەی کولتوور و کەلەپوورى کورد دروستکردووە. ئەمانەش هەموویان دەستکەوتن بۆ ئەرشیفی هونەری کوردی. 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە