رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 50 ئەکتەر، نووسەر و بەرهەمهێنەری فەرەنسی وتارێکیان بڵاوکردەوە کە بەرگری لە جێرارد دوپاردیۆ، ئەستێرەی سینەمایی دەکەن، لەکاتێکدا لێکۆڵینەوە لە هەڵسوکەوتەکانی بەرامبەر بە ژنان لە ماوەی پێنج دەیەی کارکردنی هونەریی لە زیادبووندایە.
لە بەرامبەر بڵاوکردنەوەی وتارەکەدا کە رۆژی سێشەممە 25ـی کانوونی یەکەمی 2023 بڵاوکرایەوە، داکۆکیکاران لە قوربانیانی دەستدرێژی سێکسی ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر پشتیوانیکردن لەو ئەکتەرە دەربڕیوە.
دوپاردیۆ، بۆ یەکەمجار لە 2020 تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسیی خرایە پاڵ، دواتر دەیان ژنی دیکە هەمان تۆمەتیان خستە پاڵ، بەڵام دیپاردیۆ رەتیدەکاتەوە کارێکی هەڵەی کردبێت و وتارەکەی لەبارەی پشتیوانیکردنی، بە "جوان" ناوبردووە.
یەکێک لەو ئەستێرانەی لە نووسینی وتارەکەدا بەشدار و پاڵپشت بووە، کارلا برۆنی، ئەکتەر و گۆرانیبێژ و خانمی یەکەمی پێشووتری فەرەنسایە، بەڵام لە کۆی 56 ئەستێرەی فەرەنسا تەنیا دووانیان ژنن.
بەم دواییە بەڵگەفیلمێک بڵاوکرایەوە کە 16 ژن تێیدا دوپاردیۆ بە دەستدرێژی سێکسی تۆمەتبار دەکەن.
جێرارد دوپاردیۆ، بە یەکێک لە ئەکتەرە ناسراوەکانی فەرەنسا هەژمار دەکرێت و براوەی دوو خەڵاتی سیزاری فەرەنسییە وەک باشترین ئەکتەر، جگە لە کاری ئەکتەری، دەرهێنەری چەند فیلمێکیشە، هەروەها خەڵاتی گۆڵدن گڵۆبی بەدەستهێناوە و بەربژێری خەڵاتی ئۆسکار بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ