نووری.. لە كەمپی ئاوارەییەوە بۆ بینەری ملیۆنی

29-11-2019
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن میوزیک
A+ A-
رووداو- هەولێر

ناوی خۆی (ڤیڤیان نووری)یە و ئێستا هەر بە (نووری- Nouri) دەناسرێ، ئەم ناوبانگەشی لەماوەی هەشت مانگدا بەدەستهێناوە.
 
گۆرانیی (Where Do We Go From Here) لە ئاداری ئەمساڵ یەك ملیۆن بینەری هەبوو، ئێستا بۆ زیاتر لە ملیۆنێك و 165 هەزار بینەر بەرزبووەتەوە. دواتریش لە ریزبەندەكانی سعودیە، كوەیت، عێراق و فەڵەستین بووە پێشەنگی ئەو گۆرانییانەی زۆرترین بینەر و گوێگریان هەبووە. بەڵام گۆرانییەكەی پێشتری (Favorite Goodbye) هەر تەنیا 260 هەزار بینەری لەسەر یوتیوب تێپەڕاند.
 
نووری ساڵی 1993 لە سووریا و لە ئاوارەییدا لەدایكبووە. دوو ساڵ پێشتر دایك و باوكی لە باشووری كوردستانەوە چووبوونە سووریا. ئەوكاتە تەمەنی سێ ساڵ بووە كە حكومەتی نیوزیلەند رەزامەندی لەسەر وەرگرتنی خێزانەكەی دەربڕی، یەكێك لە خوشكەكانی پێویستی بە چارەسەری پزیشكیی خێرا هەبووە، ئەوەش هۆكار بووە بۆ ئەوەی حكومەتی نیوزیلەند بڕیاری وەرگرتنیان وەك پەنابەر بدات. نووری و خێزانەكەی لە ساڵی 1995 گەیشتنە نیوزیلەند.
 
لە تەمەنی منداڵیدا گوێی بۆ گۆرانییەكانی كریستینا ئەگویلێرا، بریتنی سپێرز، مایكڵ جاكسن و ویتنی هیوستن رادەگرت و ئێستاش ئەوان بە ئیلهامبەخشی یەكەمی خۆی دەزانێ. نووری بە رۆژنامەی  (Arabnews)ی سعودی دەڵێ: "تەمەنم حەوت ساڵ بوو كە گۆرانییەكانی ئەوانم دەگوتەوە، بەڵام هیچكات دڵنیا نەبووم لاساییكردنەوەكەم رێك دەردەچێ یان نا".
 
لە تەمەنی نۆ ساڵیدا لە بەهرەی خۆی دڵنیابووەوە، كاتێك بۆ یەكەمجار لە شۆیەكی تاقیكردنەوەی بەهرەكاندا بەشداری كرد و گۆرانی  (When YOU Blieve)ی گوتەوە. ئەو گۆرانییە یەكەمجار بە دوێت لەلایەن ویتنی هیوستن و ماریا كاری بۆ فیلمی ئەنیمەیشنی "شازادەی میسر" گوترابوو. نووری هەرگیز چەپڵەڕێزانی جەماوەری لەو رۆژەدا بیر ناچێتەوە. 
 
 لە زانكۆ زانستی كۆمپیوتەر دەخوێنێ، بەڵام هەر زوو بۆی دەركەوت ئەوە ئەو بوارە نییە كە ئەو دەیەوێ ژیانی خۆی لەسەر دابمەزرێنێ، بۆیە لە 2017 مۆڵەتی وەرگرت و رووی لە ئەمریكا كرد، سەرەتا دەیویست بەخت و بەهرەی خۆی تاقیبكاتەوە و ئەگەر سەركەوتوو نەبوو بگەڕێتەوە سەر خوێندنەكەی. 
 
سەرەتای ئەمساڵ، بە یەكجاری چووە لۆس ئەنجلس لە ئەمریكا. ئەو لەبارەی كارە هونەرییەكانی دەڵێ: "ئەگەر بە خۆت بێ هیچكات نازانی كارەكەت كەی تەواو دەبێ، بۆیە باشترین كار ئەوەیە بیدەیتە دەست كەسێكی دی و ئەو پێت دەڵێ كەی ئامادەی بڵاوكردنەوەیە. یەكێك لە باشترین شتەكانی لۆس ئەنجلس ئەوەیە دەتوانی لەگەڵ ئەو پرۆدیوسەرانەدا كار بكەی كە خەڵاتی گرامییان بردووەتەوە، هەروەها ئەوانەش كە تازە خەریكە شوێنپێی خۆیان قایم دەكەن".
 
ژیان و كاری هونەری لە شارێكی وەك لۆس ئەنجلس كارێكی ئاسان نییە، لە كاتێكدا ئەو شارە بە مۆڵگەی هونەرمەند و براندە جیهانییەكانی هونەر دادەنرێ. بەڵام گۆرانیبێژە كوردەكە لە خۆی رادەبینێ دەرەقەتی گوشاری ئەو شارە زەبەلاحە بێت و دەڵێ: "لە لۆس ئەنجلس هەموو رۆژێك ئەزموونێكی نوێیە، خەریكم لەبارەی موزیكی نوێیەوە شت فێر دەبم، فێری كۆنسێپتی نوێ دەبم و چاوم بە خەڵكانێكی نوێ دەكەوێ، ئەوە جگە لەوەی لەگەڵ كولتوورێكی نوێش ئاشنا دەبم".
 
پێش گەشتەكەی بۆ لۆس ئەنجلس، ئەزموونی كاركردن لەگەڵ هونەرمەندانی ئەو شارەی هەبووە. لە ساڵی 2017 گۆرانییەكی كۆمیدی (Daddy Home 2) ی گوتووە، لەو كاتەشەوە كە لە لۆس ئەنجلس نیشتەجێ بووە، لە چەند یارییەكی خولی تۆپی باسكەی نیشتمانیی ئەمریكادا گۆرانی گوتووە، بەڵام هەر ئەوەندە بەس نییە بۆ ئەوەی بگاتە نێوبانگ. 
 
نووری بڕوای بە بیرۆكە و گۆڕانكاریی خۆبەخۆیە، ئەوە لە شێوازی كاركردنیشیدا رەنگدانەوەی هەبووە، بۆیە بە رۆژنامە سعودییەكە دەڵێ: "پێش ئەوەی بچمە ستۆدیۆ یان دەست بە نووسین بكەم، كۆنسێپتێك لە مێشكمدایە لەبارەی ئەو شتەی كە دەمەوێ وەك گۆرانی بیڵێم. بەڵام ئەو بیرۆكەیە هەندێكجار گۆڕانی بەسەردا دێ و لەو حاڵەتەدا دەبێ نەرمی بنوێنم. دەكرێ لە ستۆدیۆ بم و گوێم لە نەبرەیەك بێ و ئەو نەبرەیە موزیكەكەم بگۆڕێ. هەندێكجار لە میلۆدییەكەوە دەستپێدەكەین و هەندێكجار لە لیریكەكەوە".
 
پەروەردەی خێزانی كاریگەرییەكی گەورەی لە سەركەوتنی ڤیڤیان نووریدا هەبووە، وەك خۆی دەڵێ: "دایكم دیسیپلینی فێری هەموومان كرد، سەرەتا زۆر سەخت بوو قەناعەت بە دایكم بهێنم كە دەمەوێ ببمە گۆرانیبێژ، بەڵام كاتێك بینی من چەند بە سەختی كار دەكەم بۆ ئەوەی بەو ئاواتەم بگەم، بیركردنەوەی گۆڕا".
 
نووری رۆژگارێكی سەختی بڕیوە هەتا بەو رۆژەی ئێستا گەیشتووە، وەك خۆی دەڵێ خێوەتەكەیان لە كەمپی پەنابەران لە سووریا ئەوەندە بچووك بووە كە دایكی ناچار بووە قاچی بەرێتە دەرەوەی خێوەتەكە.
 
ئێستا هونەرمەندە كوردەكە خەونی گەورەی هەیە و دەڵێ: "دەمەوێ رۆژێك ببمە گەورەترین هونەرمەند. دەمەوێ شتێك لە پاش خۆم جێبهێڵم كە خەڵك لەیادیان بێ. پیشەسازیی موزیك پڕە لە ركابەری، بەڵام من دەمەوێ براوە بم. من پێش هەموو كەسێك لەگەڵ خۆمدا كێبڕكێ دەكەم. چیرۆكی من چیرۆكی چەندین ملیۆن كەسی دیكەیە و دەمەوێ ئەو چیرۆكە ببیسترێ. بێگومان كۆمەڵێك ئامانجی دیاریكراوم هەیە، وەك بردنەوەی گرامی و دواتر بردنەوەی ئۆسكار و ئەوجار دروستكردنی دۆكیۆمێنتارییەك لە نێتفلیكس".
 
ستایلی موزیكی نووری لەو جۆرە ستایلەیە كە جەماوەرێكی زۆری هەیە و هونەرمەندەكەش دەیەوێ هونەرەكەی گوزارشت لە هەست و سۆزی خەڵك بكات. بۆیە بە رۆژنامە سعودیەكە دەڵێ: "دەمەوێ موزیكی من لە یەككاتدا خەڵك بهێنێتە سەما و گریانیش. خۆم كاتێك قسە دەكەم زۆر بە زەحمەت دەتوانم گوزارشت لە خۆم بكەم، بۆیە لە موزیكدا ئەوەندە كراوەم. من لە رێگەی موزیكەوە گوزارشت لە خۆم دەكەم. لە رێگەی لیریكەكانمەوە شتانێك دەڵێم كە خەڵك ناوێرن باسیان بكەن".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فێستیڤاڵەکە لە 9 بۆ 12ی نیسان بەڕێوەدەچێت

دوو دەرهێنەری ئێرانی چارەنووسیان نادیارە؛ فیلمەکانیان لە ئەمریکا نمایش دەکرێن

بەرپرسانی فێستیڤاڵی فیلمی 'نیو بێدفۆرد' لە ئەمریکا نیگەرانییەکی زۆریان لەبارەی چارەنووسی دوو سینەماکاری ئێرانی هەیە، کە بڕیار بوو بەرهەمەکانی ئەم دوو دەرهێنەرە لە مانگی نیسان دا نمایش بکرێن، بەڵام بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێت و بارودۆخی جەنگ هەردووکیان پەیوەندییان لەگەڵ فێستیڤاڵەکە پچڕاوە