رووداو دیجیتاڵ
ماریا ریڤا، ئەکتەری سەردەمی زێڕینی تەلەڤزیۆنی ئەمریکی و تاکە منداڵی مارلین دیتریش، ئەستێرەی ئەفسانەیی، لە تەمەنی 100 ساڵیدا کۆچی دواییکرد. بەگوێرەی میدیاکانی ئەمریکا، ماریا ریڤا رۆژی چوارشەممە 29ـی تشرینی یەکەمی 2025 (بە کاتی ئەمریکا)، لە ماڵی کوڕەکەی لە ویلایەتی نیو مێکسیکۆ و لەکاتی خەودا گیانی لەدەستداوە.
ماریا ریڤا لە پەنجاکانی سەتەی رابردوودا، یەکێک لە دیارترین ئەکتەرەکانی سەردەمی سەرەتای تەلەڤزیۆن بوو. لە چەندین زنجیرەی بەناوبانگی ئەو سەردەمەدا رۆڵی سەرەکی گێڕاوە و دووجار بەربژێری خەڵاتی ئیمی بووە.
سەرەڕای سەرکەوتنەکانی، لە کۆتاییەکانی پەنجاکان وازی لە نواندن هێنا و بۆ ماوەی چەندین ساڵ بووە بەڕێوەبەری کارەکانی مارلین دیتریشی دایکی، کە نمایشە تاکەکەسییەکانی لە لاس ڤێگاس و گەشتە جیهانییەکانی رێک دەخست.
دوای مردنی دایکی لە 1992، کتێبێکی ژیاننامەیی مشتومڕاوی لەبارەی دایکییەوە بڵاوکردەوە، تێیدا نووسیبووی: "من خۆم وەک ژیاننامەنووسێک دەبینم، نەک کچەکەی".
ماریا ئێلیزابێس سیبەر لە 13ی کانوونی یەکەمی 1924 لە بەرلینی ئەڵمانیا لەدایکبووە. بەردەوام دەیگوت لە منداڵییەوە وەک "ماریا، کچەکەی مارلین دیتریش" ناسراوە، نەک بە ناوی خۆی. لە تەمەنی منداڵیدا لەگەڵ دایکی لە دوو فیلمی سینەماییدا دەرکەوت، لەوانە فیلمی (ئیمپراتۆری سوور - The Scarlet Empress) لە 1934.
ماریا ریڤا هۆکاری وازهێنانی لە نواندن بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە نەیویستووە بگەڕێتەوە بۆ لۆس ئەنجلس، چونکە لە جیهانێکدا گەورە بووە کە "هەمووان جوان و دەوڵەمەند بوون، بەڵام کەس بەڕاستی دڵخۆش نەبوو".
ئەو ئەکتەرە ژیانی خۆی لەنێوان پیشەیەکی سەرکەوتووی خۆی وەک ئەکتەرێک و بەڕێوەبردنی میراتی ئاڵۆزی دایکە ئەستێرەکەیدا بەسەربرد.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ