رووداو دیجیتاڵ
بەڵگەفیلمی 'منداڵیی عیماد' لە دەرهێنانی زەهاوی سنجاوی، دەرهێنەری کورد، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی نۆیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک بەشدارە.
ئەم بەرهەمە لە بەشی 'سپێشەڵ سکرین' پێشاندەدرێت کە لە دەرەوەی پێشبڕکێی فێستیڤاڵە و دەرهێنەری فیلم لە کاتی پێشاندانی فیلمەکە ئامادە دەبێت.
تۆڕی میدیایی رووداو لەگەڵ ژمارەیەک کەناڵ و دەزگای سوێد و ئەوروپا لە بەرهەمهێنانی ئەم بەرهەمەدا بەشداربووە، تاوەکو ئێستا لە چەندین فیستیڤاڵدا بەشداربووە و خەڵاتی بەدەستهێناوە و لە 2020-2021 خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی سوێدی وەرگرتووە.
زەهاوی سنجاوی، بە رووداوی راگەیاند، هەرچەند فیلمەکەی لە زیاتر لە 30 فێستیڤاڵی سینەمایی بەشداربووە، بەڵام بۆ ئەو فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆک گرنگترە چونکە شارێکە کە 13 مانگ فیلمەکەی تێیدا وێنەگرتووە. گوتیشی "بەشێکی زۆری هەست و بیرم لێرەیە و لێرە لەم نمایشەدا زیندوو دەبێتەوە".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، رووداو هاوکار و پاڵپشتی فلمەکە بووە و بەرهەمهێنەری هاوبەش بووە و ئەوانەی بینەران دەتوانن لە پۆرتاڵی رووداو بیبینن.
ئەم بەرهەمە لە 2016 تاوەکو 2017 وێنەگیراوە و دەرهێنەری فیلم بۆ ماوەی یەکە ساڵ بە بەردەوام سەرقاڵی وێنەگرتنی فیلم بووە و پۆست برۆدەکشنەکەی ماوەی سێ ساڵی خایاندووە.
ماوەی فیلمەکە 78 خولەکە و بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبییە، باس لە منداڵێکی کوردی ئێزدی دەکات کە بۆ ماوەی پێنج ساڵ و نێو لە نێو داعشدا ژیاوە، ئەو لەسەر توندوتیژی راهێنراوە، لە دوای گەڕانەوەی دەبێتە کەسێکی شەڕانگێز و هەست دەکات یەکێک لە چەکدارانی داعشە و رقی لە دایکیەتی.
ئەم بەرهەمە لە 18ـی حوزەیرانی 2022، لە سینەما سالم لە سلێمانی پێشاندرا و دواتر بە ئامادەبوونی دەرهێنەری فیلم، گفتوگۆیەکی کراوە لەسەر فیلمەکە کرا.
زەهاوی سنجاوی، لە هەولێر لە دایکبووە، لە 1975ـەوە لەگەڵ ماڵباتەکەیان پەنابەری ئێران بووە، لەو وڵاتە خوێندنی قوتابخانەی تەواوکردوە، دوای نزیکەی سێ ساڵ پێشمەرگایەتی چووەتە رووسیا بۆ خوێندنی سینەما، هەشت ساڵ لە بواری نووسینی سیناریۆ و دەرهێنان خوێندوویەتی، 25 ساڵە وەک دەرهێنەر و بەرهەمهێنەر لە بواری سینەما کار دەکات، خاوەنی کۆمەڵێک کورتە فیلم، فیلمی درێژ ی درامی و بەڵگەفیلمە لەوانە 'سنوور'، 'دایکانی من' به هاوبەشیی لەگەڵ ئیبراهیم سەعیدی، دەرهێنەری رۆژهەڵاتی کوردستان، 'گەڕانەوە'، 'گەڕان بە دوای باوک'، 'منداڵیی عیماد' و 'پێکەوە ژیان' چەند بەرهەمێکی دیکە.
چالاکییەکانی فێستیڤاڵی فیلمی دهۆک، رۆژی پێنجشەممە 1ـی کانوونی یەکەمی 2022 بە فیلمی 'بووکا بارانێ' دەستیپێکرد و تاوەکو 8 ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
بۆ خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵ، 570 فیلم نێردرابوون و لەو ژمارەیە تەنیا 98 فیلم بۆ بەشداربوون لە فێستیڤاڵەکەدا هەڵبژێردران، 51 فیلمی بیانی و 47 فیلمی کوردی.
کێبڕکێی فێستیڤاڵ لە نێو 55 فیلمدا دەبێت، 27 فیلم کوردی و 28 فیلمی بیانین کە لە بەشی فیلمی بڵند، بەڵگەفیلمی درێژ، کورتەفیلم و چەند بەشێکی دیکەی بۆ فیلمی کوردی و بیانی کێبڕکێ دەکەن.
مژاری سەرەکی خولی ئەمساڵ فێستیڤاڵ 'کۆچبەری'یە و جگە لە پێشاندانی فیلم لە سینەماکاندا، بڕیارە لە کەمپی دۆمیزیش پێشانبدرێن کە تایبەتە بە پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان.
بۆ خولی ئەمساڵ، ژمارەیەکی بەرچاو لە سینەماکارانی کورد و بیانی ئامادە دەبن، جگە لە چەند میوانێکی دیکە، لەوانە خەتەر، راپەری رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ئەڵمانیا دەژی و ناوبانگییەکی زۆری هەیە و لە فیلمێکدا بەشداربووە و فیلمەکە لە فێستیڤاڵ پێشاندەدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ