رووداو دیجیتاڵ
هەواڵێکی تۆڕی میدیایی رووداو بووە هۆی ئیلهامبەخشی دروستکردنی بەڵگەفیلمێکی سینەمایی، کە لە ئێستادا لە قۆناخەکانی کۆتاییدایە و چاوەڕێ دەکرێت بەم زووانە بڵاوبکرێتەوە. دەرهێنەرێکی رۆژهەڵاتی کوردستان لێکۆڵینەوە کردووە و ئێستا بووەتە پرۆژەیەکی سینەمایی گەورە.
تۆڕی میدیایی رووداو رۆژی 24-04-2025 لە هەواڵێکدا باسی لە دەستگرتن بەسەر 200 سمۆرە دا کرد لە شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتێکدا دەیانویست بیگوازنەوە شارەکانی نێوەڕاستی ئێران و بازرگانییان پێوە بکەن.
دەرهێنەر خەلیل سەحراگەر، دانیشتووی شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستانە و ئەزموونێکی زۆری لە بواری فۆتۆگرافی دۆکیومێنتاریدا هەیە. ئەو لە رووداوەوە هەواڵەکەی بینیوە و لێکۆڵینەوەی لە بابەتەکە دەستپێکردووە.
لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا لەگەڵ رووداو، خەلیل سەحراگەر باسی لە پڕۆسەی دروستکردنی فیلمەکەی کرد و ئاشکرای کرد، بۆ فیلمەکە ناوی " گەڕانەوە بۆ زاگرۆس" لە مێشکیدا جێگیر بووە، بەڵام رەنگە گۆڕانکاری بەسەر ناونیشانەکەدا بێت.
ئەو باس لەوە دەکات، بە مەبەستی کۆکردنەوەی داتای پێویست بۆ فیلمەکە، چوار جار سەردانی شاری بانەی کردووە. لایەنێکی سەرەکی چیرۆکی فیلمەکە پەیوەستە بە سمۆرە و ئەو ژیانەی لە سرووشتدا دەیگوزەرێنێت.
لە فیلمەکە دیمەنی بووڵتەنی رۆژهەڵاتی کوردستانی رووداو پێشاندراوە و دەرهێنەر باسی ئەوە دەکات کە دوای هەواڵەکە دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە.
سەحراگەر روونیکردەوە، "ئەوەی راستی بێت، چۆن سمۆرە کە دێتە دوونیاوە نزیکەی دوو مانگ بە کەڵکی ئەوە دێت لە دایکی جیابێتەوە و بچێتە ناو سرووشت. ئەوەی راستی بێت، ئەو کارەی من نزیکەی چەند رۆژێکی پێچوو، واتە زۆربەی ئەو سمۆرانەی لەدایک بوون بچکۆلە بوون." ئەو زیاتر گوتی، "لە ماوەی فیلمەکە دوو رۆژ و من چوار جار چووم بۆ بانە. ژینگەپارێزانی بانە گوتیان، مادام لەوێوە دەچوو، ئێمە گەڕاندمانەوە بۆ سرووشتی بانە، بۆیە نامەوێت ناوەڕۆکی فیلمەکە باس بکەم، حەز دەکەم خۆتان سەیری بکەن."
سەبارەت بە کاتی تەواوبوونی فیلمەکە، سەحراگەر ئاماژەی بەوەدا کە فیلمەکە ئامادەیە و ئەگەر شوێنێک هەبێت کە وەری بگرێت، دەتوانێت لە ماوەی دوو هەفتەدا بیداتێ. هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە یەکەم جارە باسی ئەم پڕۆژەیە دەکات و بەتایبەتی ویستوویەتی لەگەڵ رووداو قسەی لەسەر بکات.
فیلمی "دارتاش" و ئەزموونە سینەماییەکانی پێشوو
لەم گفتوگۆیەدا، سەحراگەر باسی لە فیلمی پێشووی خۆی بە ناوی "دارتاش"یش کرد، کە پێشتر هەر رووداو هەواڵەکەی بڵاوکردبووەوە. "دارتاش" فیلمێکی دۆکیومێنتاریی کورتە، 14 خولەکە و یەکەمین بەرهەمی سینەمایی خەلیل سەحراگەرە و خاوەنی ژمارەیەکی بەرچاو خەڵاتی نێوخۆیی و نێودەوڵەتییە.
ئەو گوتی: "فیلمی دارتاش، کە پێشتریش هەر خۆتان بیستووتانە و لە 23 فێستیڤاڵدا وەرگیرابوو، گرینگترینیان لە ئەمریکا بوو بە ناوی بیگیسکەی. هەر رووداو باسی کرد و دۆکیومێنتاری ئەویشم هەر لایە." سەحراگەر ئاماژەی بەوەدا کە "دارتاش" لە زیاتر لە 300 فێستیڤاڵدا وەرگیراوە و لە نزیکەی 180 بۆ 200 فێستیڤاڵدا هەڵبژێردراوە بۆ پێشبڕکێ و سەرووی 30 خەڵاتی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە.
خەلیل سەحراگەر ساڵی 1980 لە شاری مەریوان لەدایکووە. پێشتر 10 بۆ 12 ساڵ کاری فۆتۆگرافیی دۆکیومێنتاری کردووە و چەندین خەڵات و پێشانگای فۆتۆگرافی هەبووە. خاوەنی ئەزموونێکی دەوڵەمەندە لە بواری هونەریی و ئەکادیمیایی سینەمادا.
ئەو دەرهێنەرە، لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانیدا ئامادە بوو، کە فیلمی "دارتاش"یش لەو فێستیڤاڵەدا نمایش دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ