هاونیشتمانییەکی چەمچەماڵ 16 هەزار کتێبی بەخشیوە و بۆ پڕۆژەیەکیش داوای پاڵپشتی دەکات

16-04-2025
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
چاوپێکەوتنی مەبەست عەباس لە رۆژی هیوا جەمال
چاوپێکەوتنی مەبەست عەباس لە رۆژی هیوا جەمال
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتمانییەکی خەڵکی چەمچەماڵ چەند ساڵێکە دەستی کردووە بە پڕۆژەیەکی جیاواز. ئەو هاونیشتمانییە دەیەوێت کولتووری ئاهەنگی لەدایکبوون بگۆڕێت و دەڵێت، "16 هەزار کتێبم بەخشیوە."
 
مەبەست عەباس، مامۆستایەکی خەڵکی چەمچەماڵە و بەخشینی کتێبی کردووەتە کولتووری ساڵانەی رۆژی لەدایکبوونی.
 
چیرۆکی پڕۆژەکەی لە تەمەنی 20 ساڵی دەستپێکردووە و لە ساڵی یەکەمدا 20 کتێبی بەخشیوەتە ئەو کتێبخانەیەی قۆناخی سەرەتایی تێدا خوێندووە، ساڵی دواتر 60 چیرۆکی منداڵانی دابەش کردووە، ساڵی سێیەم و لە سەردەمی کۆرۆنادا کتێبی بردووەتە ماڵەکان و دابەشی کردوون. ئەم ساڵ تەمەنی بووەتە 27 ساڵ و لەگەڵ دابەشکردنی چیرۆکی منداڵان بەسەر قوتابخانەکاندا، ژەمی خواردن دەبەخشێتە ژمارەیەک ماڵە هەژار و دەڵێت، "پێم وایە مرۆڤ ئەگەر شتێک بۆ ژیان زیاد نەکات، زیادەیە."
 
ئەو مامۆستایە دەڵێت، "دەستپێکی ساڵی نوێی تەمەنم بە بەخشین دەستپێدەکەم، ئینجا بەخشینی خەندەیەک یان کتێب یان پارە یان هەر شتێک بێت. دەمەوێت لە رێگەی بەخشینەوە هەستێکی مرۆڤانە بە بەرامبەرەکانم ببەخشم."
 
لەبارەی دابینکردنی کتێبەکانیشەوە، مەبەست عەباس دەڵێت، "بە بەردەوامی لە رێگەی رێکخراوەکان، دامەزراوەکان و نووسەر و رۆشنبیرانەوە کتێبەکان کۆدەکەمەوە؛ بەشێکیشیان خۆم دەیانکڕم و دواتر دەیان بەخشم."
 
ئەو مامۆستایە پڕۆژەیەکی هەیە بۆ دانانی کتێبخانە لە هۆڵی چاوەڕوانیی نەخۆشخانەکان و پێیوایە "زۆربەی جار سەردانیکاران یان هاوەڵانی نەخۆش بێزار دەبن و هیچ ئامرازێک شک نابەن کاتەکانیان پڕ بکەنەوە، بۆیە بیرۆکەی ئەوەم هەبوو کتێبخانەی بچووک لە هۆڵی چاوەڕوانیی نەخۆشخانەکان دابنێم، بەڵام بەهۆی توانای داراییەوە نەمتوانیوە. ئەگەر کەس و دامەزراوەیەک هاوکارم بێت، دەمەوێت ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ بکەم و کتێبخانە لە نەخۆشخانەکان دابنێم."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە