رووداو دیجیتاڵ
دیجەی شاڵاو و خیدۆ، دوو گەنجی خاوەن پڕۆژەی چامۆس، توانیویانە میوزیکی کوردی بە شێوازێکی نوێ و مۆدێرن بە جیهان بناسێنن. یەکێکیان کوردە و خەڵکی کەرکووکە و لە هۆڵەندا گەورە بووە، ئەوی دیکەشیان هۆڵەندییە و هاوڕێی شاڵاوە. ئەوان بۆ رووداو، باس لە سەرەتای کارەکانیان و گەشتی هونەری و پلانەکانی داهاتوویان دەکەن.
هەولێر: دووەم ماڵ بۆ خیدۆ و سەرەتایەکی نوێ بۆ چامۆس
خیدۆ فانستڕۆ، دیجەی هۆڵەندی، باس لە سەرسامبوونی خۆی بە شاری هەولێر دەکات. ئەمە دووەم جارە سەردانی پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکات و بە دڵخۆشییەوە دەڵێت: "زۆرم پێخۆشە، راستییەکەی هەست دەکەم لە ماڵی خۆمم، زۆر دڵخۆشم کە گەڕاومەتەوە، پێموایە بێگومان ئەمە دوا جار نابێت، زۆر زیاتر دەگەڕێمەوە." شاڵاو سۆفیش ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم ساڵ دوو جار سەردانی هەولێریان کردووە و هیوادارن لە داهاتوودا زیاتر بتوانن بگەڕێنەوە. ئەم سەردانانە نیشانەی پابەندبوونی ئەم دوو هونەرمەندەیە بە بڵاوکردنەوەی کولتووری کوردی لەسەر ئاستی جیهان.
چامۆس: وشەیەک بۆ هاوڕێیەتی، پڕۆژەیەک بۆ جیهان
شاڵاو سۆفی باس لە سەرەتای دروستبوونی پڕۆژەی چامۆس دەکات. وشەی چامۆس بە واتای "هاوڕێیان" دێت و ئەو هاوڕێیەتییەش لە ساڵی 2005ەوە لە قۆناغی ئامادەیی لە هۆڵەندا لە نێوان شاڵاو و خیدۆ دروست بووە. شاڵاو دەڵێت: "خیدۆ و لەگەڵ من لە 2005ەوە لە فێرس کڵاس لە هایسکول بووینە برادەر." خیدۆ لە ماڵی شاڵاوەوە گوێبیستی میوزیکی کوردی بووەو فێری کولتووری کوردیش بووە. شاڵاو دەڵێت: "ئەو هەموو جارێ دەهات بۆ ماڵی ئێمە، گوێی لە گۆرانیی کوردی دەبوو، زۆر لە ژووری میواندا هەموو جارێکی گۆرانیی کوردی هەبوو، ئیتر ئاوا فێری گۆرانیی کوردی بوو، فێری کولتوورەکەمان بوو."
ساڵی 2008 دەستیان بە کاری دیجەی کردووە بە ناوی چامۆس. سەرەتا گۆرانییەکانیان ڕیمێکس دەکرد، بەڵام ساڵێک پێش ئێستا بڕیاریاندا شێوازەکەی بگۆڕن و زیاتر سەرنج بخەنە سەر ناساندنی کولتووری کوردی. ئەوان دوو ئەلبوومیان بە ناوی "From Erbil to Amsterdam" بڵاوکردووەتەوە، کە تێکەڵەیەک لە میوزیکی کوردی و جیهانییە.
خیدۆیش باسی چۆنیەتی هەڵبژاردنی ناوی چامۆس دەکات: "چامۆس زاراوەیەکە بۆ هاوڕێیان، ئێمەش هەر ئەوەین، لە هۆڵەندا زۆر بەکاریدەهێنین، کاتێک دەڵێین هاوڕێیان، 'چامۆس'یش دەڵێین، هەر بۆیە ئەو ناوەمان هەڵبژارد." خیدۆ ئەوەش دەڵێت کە ئیلهام لە کولتوورە جیاوازەکانەوە وەردەگرن و حەز دەکەن ئەوانە تێکەڵ بکەن، بەتایبەتی لەگەڵ میوزیکی کوردیدا.
میوزیکی کوردی بە ستایلێکی جیهانی: ناساندنی هەڵپەڕکێ بە جیهان
شاڵاو سۆفی باس لە ئامانجی سەرەکی پڕۆژەکەیان دەکات، کە ناساندنی کولتووری کوردییە بە جیهان. ئەو دەڵێت: "زۆر پێم گرنگە بتوانم لە شوێنێکی دیکەدا بم، لە وڵاتێکی دیکەدا بم، بە بۆنەی سۆشیاڵمیدیا لە هەموو جیهان دەتوانم پیشان بدەین کولتووری ئێمە چییە، کولتووری ئێمە زۆر حەز دەکەین هەڵپەڕکێ بکەین، حەزمان لە ئاهەنگە کە هەڵپەڕکێ دەکەین لەگەڵ یەکتر دەستبەدەست، ویستم ئەو گەرمییە پیشان دەین بە خەڵک لە ئەورووپا."
ئەوان میوزیکی فۆلکلۆری کوردی لەگەڵ ئاوازە ئەلیکترۆنییە جیهانییەکان تێکەڵ دەکەن. خیدۆ باس لەوە دەکات کە هەندێکجار گۆرانییەکی کۆنی کوردی هەڵدەبژێرن و ئامێرە ریتمییەکانی دیکەی تێدەکەن، یان تەنیا ئاوازێکی زوڕنایان بەدڵ دەبێت و لەسەری کار دەکەن. گۆرانی "بەرزى بەرزى" کە زیاتر لە پێنج ملیۆن بینەری هەبووە، بە تایبەتترین کاریان دادەنێت. دەشڵێن هونەرمەند ناسری رەزازی زۆر بە دڵی بووە و بەمەش خۆشحاڵن. بۆ هونەرمەندی داهاتووش باسیان لەوە کرد، کار لەسەر گۆرانی بەو بەو بەو باوانمی زەکەریا عەبدوڵلا دەکەن.
شاڵاو ئاماژە بەوە دەکات کە لە ئاهەنگەکانیاندا لە ئەورووپا، خەڵکی ئەورووپی زۆر سەرسام دەبن بە میوزیکی کوردی و وزەی ئاهەنگەکان. ئەو دەڵێت: "خەڵکی ئەورووپیش دێت، سەیری دەموچاویان دەکەم یانی هەرگیز گوێیان لێ نەبووە، شتێکی تازەیە بۆ ئەوان، چونکە شتێکی ئێرەی تێدایە، شتی تازەی تێدایە."
پلانەکانی داهاتوو: گەشت بە جیهاندا و پەرەپێدانی میوزیکی کوردی
خیدۆ و شاڵاو پلانێکی گەورەیان بۆ داهاتوو هەیە. خیدۆ دەڵێت: "ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە میوزیکی خۆمان و بەتایبەتی میوزیکی کوردی بە هەموو جیهاندا بڵاوبکەینەوە و بەم میوزیکەوە گەشت بە هەموو جیهاندا بکەین و بە خەڵکی نیشان بدەین کە کولتوور و میوزیکەکە چەند جوانە."
شاڵاو سۆفی باس لە خشتەی پڕ کاریان دەکات: "تاوەکو سەری ساڵی 2026 هەموو کۆتایی هەفتەیەک لە وڵاتێکیترین، ئێستا لە هەولێرین، دوای ئەوە دەڕۆین بۆ میسر، لە میسرەوە بۆ ئەمستەردام، ئیتر لە ئەمستەردامەوە نازانم بۆ کوێ دەڕۆین، بۆ ئاسیا."
سەبارەت بە هەڵپەڕکێی کوردی، خیدۆ دەڵێت: "پێموایە ئەو جۆرەی کە تەنیا دەچیتە پێشەوە و دواوە، پێموایە فێربوونی زۆر ئاسانە." ئەو حەز دەکات هەموو جۆرەکانی هەڵپەڕکێی کوردی فێر بێت.
میواندۆستی و خواردنی کوردی: خیدۆ عاشقی کەباب و فاسۆلیا و برنجە
خیدۆ باس لە میواندۆستیی کورد و خواردنە کوردییەکان دەکات. ئەو دەڵێت: "پێموایە ئەوەی لە کولتووری کوردیدا زۆر بەدڵمە میواندۆستییەکەیەتی، زۆر وا دەکەن هەست بکەیت لە ماڵی خۆتی، کەواتە ئەوە ئەو شتە بوو کە زۆرم بەدڵ بوو، جگە لەوەش، بێگومان خواردنەکە." خیدۆ بە تایبەتی حەزی لە کەباب و فاسۆلیا و برنجە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ