رووداو دیجیتاڵ
دادگای سەربازیی لە لوبنان، تۆمەتی بەشداریکردن لە کاری تیرۆریستی و پشتگیری گرووپە تیرۆریستییەکانی ئاراستەی فەزڵ شاکر، گۆرانیبێژی دیاری وڵاتەکە کرد و 22 ساڵ بەندکردنی بۆ بڕییەوە.
هەفتەکانی پێشوو، فەزڵ شاکر سەرقاڵی بڵاوکردنەوەی دوو گۆرانی نوێی خۆی بوو، بەناونیشانەکانی 'ئیبقا قابلنی' لەگەڵ 'للحین عایش'، بەڵام دادگای سەربازیی لوبنان بە دوو تۆمەتی جیاواز سزاکانی بەسەردا سەپاند .
دادگا لوبنانییەکە، بە سەرۆکایەتی عەمید مونیر شحادە، سزاکانی بەسەر شاکردا سەپاند لە تۆمەتی یەکەمدا ناوبراوی بە 15 ساڵ بەندکردن سزادا بەهۆی "بەشداریکردن لە کاری تیرۆریستی تاوانکارانە و پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری لۆجیستی لە کارە تیرۆریستییەکاندا، کە تیرۆریستەکان ئەنجامیانداوە".
تۆمەتی دووەمی ئاراستەکراوی فەزڵ شاکر، بەندکردنیەتی بۆ ماوەی 7 ساڵ، لەگەڵ بێبەشکردنی لە مافە مەدەنییەکانی، هەروەها پێبژاردنی 5 ملیۆن لیرەی لوبنانی (3305 دۆلار)، ئەمەش بەتۆمەتی پشتگیریکردنی "گرووپی چەکداریی شێخ ئەحمەد ئەسیر"، لەگەڵ پارە خەرجکردن لە ئەندامانی ئەو گرووپە و دەستەبەرکردنی پارەی چەک و تەقەمەنی بۆیان.
ئەوە یەکەمجار نییە فەزڵ شاکر سزا دەدرێت. پێشتر لە 2016دا، شاکر بە 5 ساڵ بەبەندکردن سزادرا، لەگەڵ پێبژاردنی بڕی 500 هەزار لیرەی لوبنانی، بەتۆمەتی "هێرشکردنە سەر دەوڵەتیکی دراوسێی برا"، دادگاکە ئەوکات رایگەیاند شاکر لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لێدوانیداوە کە، "دەبێتە هۆی تێکدانی پەیوەندییەکانی لوبنان بە دەوڵەتێکی عەرەبی و نانەوەی پشێوی و پەلاماردانی ناوبانگی دامەزراوەی سەربازی".
ساڵی 2017، دادگا سزایەکی دیکەی بۆ شاکر بڕییەوە بە بەندکردنی بۆ ماوەی 15 ساڵ.
فەزڵ شاکر یەکێکە لە بەناوبانگترین گۆرانیبێژانی لوبنانی، لەسەرەتای دوو هەزاردا ئەستێرەی ئەو درەوشایەوە و هەوادارێکی زۆری لەسەر ئاستی دونیا بەدەستهێنا. بەڵام ساڵی 2011 وەرچەرخانی گەورە لە ژیانی ئەودا روویدا، دوای ئەوەی لە گردبوونەوەیەکی رێکخراوی ئەحمەد ئەسیر لە ناوەڕاستی بەیرووت دەرکەوت. دواتر لە ساڵی 2013دا پەیوەندی خۆی بە گرووپەکەوە بەفەرمی راگەیاند و وازهێنانی یەکجاری لە گۆرانیگوتن ئاشکراکرد، ردێنێکی درێژی بەردایەوە و نکوڵی لە رابردووی هونەریی خۆیکرد.
شاکر لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەرکەوت، کە داوای جیهادی دەکرد لە سووریا، لەپێناو بەرگرتن لە میلیشیاکانی حیزبوڵڵا، کە پشتگیری دەسەڵاتی حکومەتی سووریایان دەکرد. فەزڵ شاکر بووە چەکداری رێکخراوەکە و لە نێو خاکی لوبناندا، بەشداری پێکدادانی گرووپەکەی کرد لە دژی حیزبوڵڵا. سەرەتای کێشەکانی لەگەڵ دەسەڵاتی یاسایی لوبناندا سەریهەڵدا، دوای ئەوەی تۆمەتبارکرا بەبەشداریکردن لە پێکدادانی لایەنگرانی ئەسیر و سوپای لوبناندا، کە بووە هۆی کوژرانی 18 سەرباز و 11 چەکدار.
شاکر ساڵی 2018، جارێکی دیکە روویکردەوە گۆڕەپانی هونەری و ردێنی تاشی و دەستیکردەوە بەگۆرانیگوتن. بەڵام دادگای لوبنان سووربوو لەسەر سزادانی بەهۆی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ئەویکردبوو، بەهۆی کارکردن لەگەڵ گرووپە تیرۆریستییەکاندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ