داهاتی ساڵی رابردووی دراماکانی تورکیا زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلار بووە

19-01-2025
دیار سلێمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ساڵی رابردوو، تورکیا زیاتر لە 300 زنجیرە درامای بە کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکانی وڵاتانی دیکە فرۆشتووە و لەو رێگەیەوە زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلار داهاتی هەبووە.
 
میدیای فەرمیی تورکیا بڵاویکردەوە، پار زیاتر لە 300 زنجیرە دراما بە کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکانی نزیکەی 200 وڵات فرۆشراون.
 
بە گوێرەی بڵاوکراوەکە ''زنجیرە دراما تورکییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەمریکا، ئوسترالیا و ئەورووپا بینەری بەردەوامیان هەیە، لە سەرووی هەموویانەوە وڵاتانی ئەمریکای لاتین و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.'' 
 
میدیای فەرمیی تورکیا دەڵێت، لە رێگەی تەلەڤیزیۆن و پلاتفۆڕمە دیجیتاڵییەکانەوە نزیکەی ملیارێک کەس بینەری زنجیرە تورکییەکانن.
 
وەک میدیاکە دەڵێت، زیاتر لە 300 زنجیرە دراما بە کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکانی دیکەی دەرەوە فرۆشراون و داهاتیان زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلار بووە.
 
تورکیا پێرار بە بەهای 986 ملیۆن دۆلار زنجیرە درامای بە کەناڵی وڵاتانی دیکە فرۆشتبوو. 
 
یەکەم زنجیرە درامای تورکیا لە ساڵی 1975 بەناوی عەشقی قەدەخە لە کەناڵی تەرەتەی تورکیا پەخشکرا. ئەو زنجیرەیە لە ساڵی 1981 وەک یەکەمین بەرهەمی وڵاتەکە بە کەناڵی تەلەڤزیۆنی فەرەنسا فرۆشرا.
 
لە تورکیا 63 کۆمپانیای بەرهەمهێنانی زنجیرە دراما هەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە