ئۆجەلان: ئاپێ موسا هێندەی حیزبێک خەباتی کرد

21-09-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لە پەیامێکدا بۆ رێوڕەسمی خەڵاتی موسا عەنتەر رایگەیاند، "رۆڵی بەرپرسیارانە و بەشداریکردنی کارمەندانی راگەیاندن و رۆژنامەڤانان لەم بوارەدا، بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە."
 
رۆژی 20ی ئەیلوولی 2025 عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە پەیامێکی ئاراستەی 32یەمین رێوڕەسمی خەڵاتی رۆژنامەڤانیی موسا عەنتەر و 'شەهیدان'ی رۆژنامەڤانیی ئازاد کرد. لە نامەکەیدا، ئۆجەلان باسی یەکەم دیداری خۆی لەگەڵ موسا عەنتەر دەکات و دەڵێت، موسا عەنتەر تایبەتمەندیی پێشەنگبوونی دروستکردووە.
 
لە نامەکەیدا ئۆجەلان باسی یەکەم و دوایین بینینی موسا عەنتەر دەکات و دەڵێت، "پێویستە لە دۆخی ساڵانی 1970 بۆ کورد بە باشی تێبگەین. نکۆڵیکردن لە ئاستێکی باڵادا بوو. خۆدزینەوە لە ئاستێکی زۆر باڵادا بوو. خەڵک خۆی دەپاراست لەوەی ناوی کوردیش لە خۆی بنێت، دۆخەکە بە نکۆڵیکردن داپۆشرابوو. ئەگەر تەنیا ناوی خۆشت بهێنایە، بە واتای ئەوە دەهات کە هەموو شتێکت لەدەستداوە. لە سەرەتای ساڵانی 1970ـدا، دەمویست گۆڕانکارییەکی مێژوویی بکەم. لە ئیستەنبووڵ بە چوونم بۆ کۆمەڵەکان، یەکەم هەنگاوم نا. گوتم، با چەمکی کورد بەکاربهێنم و بەکاریشم هێنا. بۆ یەکەمجار لەوێ موسا عەنتەرم بینی. ئەمە یەکەم و کۆتا بینینی من بوو."
 
رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە باسی ناوەڕۆکی دیدارەکەی لەگەڵ ئاپێ موسا دەکات و دەڵێت، "هەرچەندە دیدارەکەمان کورت بوو، بەڵام دەرفەتمان بوو پێکەوە بڕۆین. ئامۆژگارییەکی بۆ ئێمە هەبوو. گوتی، 'خاوەندارێتی لە خۆتان بکەن'. ئێمەش هەوڵماندا ئەوە بکەین و هێشتاش هەوڵدەدەین. لەوێوە گەیشتینە ئەمڕۆ."
 
ئۆجەلان پەسنی موسا عەنتەر دەدات، هەم لە بواری سیاسی و هەم لە بواری ئەدەبی و دەڵێت، "رەنگە لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە، ئاپێ موسا تاکە نیشتمانپەروەری جدی بووبێت. بە تەنیا وەک پارتێک کاری دەکرد. بۆ ماوەی نیو سەدە وەک پارتێک رەفتاری کرد. پارتی دانەمەزراند، بەڵام هەوڵیدا لە رێگەی ئەدەبەوە شتێک بۆ کورد بڵێت. لە بواری ئەدەبدا، یاشار کەمال لە زمانی تورکیدا چی بووبێت، ئەویش لە زمانی کوردیدا هەر ئەوە بووە. ئەمە زۆر بەنرخ بوو. بەم مانایە، تایبەتمەندیی پێشەنگبوونی هەیە. هەر لەبەرئەوەش بوو کە لەلایەن هێزی تاریکەوە کوژرا."
 
موسا عەنتەر کێ بوو؟
 
موسا عەنتەر، نووسەر و رۆشنبیری کورد، ساڵی 1920 لە گوندی زڤنگێی سەر بە قەزای نسێبینی مێردین لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی لە مێردین و ناوەندی و ئامادەیی لە ئادانا تەواوکردووە و دەرچووی کۆلێژی یاسای زانکۆی ئیستەنبووڵ بوو. دایکی، فەسلا خانم، یەکێک بوو لە یەکەمین موختارە ژنەکان لە تورکیا.
 
لە ساڵی 1944 لەگەڵ عایشە هالە، کچی عەبدولڕەحیم رەحمی زاپسوو هاوسەرگیریی کرد. لەم هاوسەرگیرییەدا سێ منداڵیان بوو بە ناوەکانی عەنتەر (1945)، رەهشان (1948) و دیجلە (1950).
 
یەکەمجار لە سەردەمی خوێندکاریدا و لە کاتی راپەڕینی دێرسیمدا دەستبەسەرکرا. بەهۆی سووکایەتیکردن بە زوبەیدە خانم، دایکی مستەفا کەمال، بۆ ماوەی 45 رۆژ دەستگیرکرا.
 
لەگەڵ جانیپ یڵدرم و یوسف عەزیزئۆغڵو رۆژنامەی "ئیلەری یورت"ی دەرکرد. بەهۆی بڵاوکردنەوەی شیعرێکی کوردی بە ناوی "قمل" لە ساڵی 1959 لە چوارچێوەی "دۆزی 49 کەسەکە"دا دادگایی کرا و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو. دوای کودەتای 27ی ئایار، بە لێبووردنێکی گشتی ئازاد کرا.
 
لە ساڵی 1963 بە "دۆزی 23 کەسەکە" جارێکی دیکە خرایە زیندانەوە. لە زیندانەکانی مامەک، سوڵتان ئەحمەد، بالمومجو، سەیرانتەپە و نسێبین زیندانی کرا. دوای کودەتای 12ـی ئەیلوولیش بە تۆمەتی پروپاگەندە بۆ "کوردایەتی" دەستگیرکرا. لە ژیانیدا کۆی گشتی 11 ساڵ و 6 مانگ لە زینداندا بووە.
 
موسا عەنتەر، یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی رێکخراوەکانی وەک "ناوچە کولتوورییەکانی رۆژهەڵاتی شۆڕشگێڕ"، "پارتی رەنجی گەل (HEP)"، "ناوەندی کولتووریی میزۆپۆتامیا" و "ئینستیتوتی کوردیی ئیستەنبووڵ."
 
موسا عەنتەر، رۆژی 20ی ئەیلوولی 1992 لە گەڕەکی سەیرانتەپەی ئامەد، تیرۆرکرا. لە رووداوەکەدا، نووسەر و رۆژنامەڤان ئۆرهان میرئۆغڵو، کە لەگەڵیدا بوو، بریندار بوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە