پرۆژەیەکی هاوبەشی یونسکۆ 10 نووسەری سلێمانی و ئوسترالیا کۆدەکاتەوە

29-09-2025
بەشار عەزیز
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە هەنگاوێکدا بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە ئەدەبییە نێودەوڵەتییەکان، ئۆفیسی سلێمانیی شاری ئەدەبیی یونسکۆ، بە هاوبەشی لەگەڵ مێڵبۆرن، شاری ئەدەبیی یونسکۆ، پڕۆژەی "ترووکێنەری مەرەکەبی - Ink Incubator" رادەگەیێنێت. ئەم ژوورە نووسینە ئۆنلاینە، 10 نووسەر لە سلێمانی و مێڵبۆرنی ئوسترالیاوە کۆدەکاتەوە بۆ گەشتێکی هاوبەش بەنێو جیهانی داهێنانی ئەدەبیدا. پرۆژەکە کە 10 هەفتە دەخایێنێت، ئامانجی ئاڵوگۆڕی کولتووری و بنیاتنانی پردێکی پتەوە لەنێوان دوو شاردا، کە هەردووکیان لەلایەن یونسکۆوە وەک شاری ئەدەبی ناسراون.
 
پرۆژەکە، لەلایەن شاعیر و شانۆنامەنووسی ئوسترالی ئێمەڵی کاڵییەر سەرپەرشتی دەکرێت، تیشک دەخاتە سەر هونەری دروستکردنی کەسایەتی لە نووسیندا. نووسەرە بەشداربووەکان لە رێگەی کارەکتەرە داهێندراوەکانیانەوە، کولتوور و ژیانی شارەکانیان بۆ یەکدی دەگێڕنەوە، ئەمەش دەبێتە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی ئیلهام بۆ نووسینی دەقی نوێ.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 29-09-2025 کامەران سوبحان، شانۆنامەنووس و یەکێک لە بەشداربووانی پرۆژەکە لە سلێمانییەوە، لە کاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)، وردەکاریی زیاتری لەبارەی پرۆژەکەوە خستەڕوو و رایگەیاند: "ئەمە ژوورێکی مەجازیی ئۆنلاینە لەنێوان پێنج نووسەری سلێمانی و پێنج نووسەری شاری مێڵبۆرن لە ئوسترالیا. پەیوەندییەکە لە نێوان دوو شاردایە کە هەردووکیان وەک شاری ئەدەبیی یونسکۆ ناسراون."
 
سوبحان ئاماژەی بەوە کرد کە پرۆژەکە لەسەر بنەمای هەمەڕەنگی بنیات نراوە، چ لەڕووی رەگەز، چ لەڕووی ئاستی رۆشنبیری و ئەزموونی نووسینەوە، "کەسانی خاوەن ئەزموونی زۆر و نووسەری تازە دەرکەوتوو بەشدارن. ژانرە ئەدەبییەکانیش جیاوازن؛ درامانووس، رۆماننووس، شاعیر و رەخنەگر پێکەوە کار دەکەن."
 
تیمی نووسەرانی سلێمانی بریتییە لە کۆمەڵێک دەنگی دیار و جیاوازی بواری ئەدەب: لۆنا دڵشاد مەریوانی، نووسەر و وەرگێڕ، کامەران سوبحان، شانۆنامەنووس، هیوا ئەمین- سیناریست و دەرهێنەری ئەنیمەیشن، ئەندریا پێشڕەو، یەکەم نووسەری خاوەن پێداویستیی تایبەت لە کوردستان کە یادنامەی خۆی بڵاوکردووەتەوە، لەگەڵ رابەر عومەر حوسێن، نووسەری تازە دەرکەوتوو.
 
هاوتاکانیان لە شاری مێڵبۆرنیش کۆمەڵێک نووسەری خاوەن ئەزموونی جۆراوجۆرن، لەوانە پێنێلەپی بارتلۆ، هونەرمەندی فرەڕەهەند، جەیمس بەکستن، نووسەری گەنج، ڤیرا هاردیمان، نووسەر و پارێزەر کە لەبارەی نەخۆشیی پارکنسنەوە دەنووسێت، تەیلەر نەڤارۆ، رۆژنامەنووس و ئاندرو ستارنەر، هونەرمەندی شانۆ و لێکۆڵەر.
 
میکانیزمی کارکردنی پرۆژەکە بە شێوەیەکە کە هەر نووسەرێک کارەکتەرێک دروست دەکات. کامەران سوبحان لەمبارەیەوە گوتی: "من کارەکتەری مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیسم هەڵبژاردووە و مانشێتی کارەکەشم بریتییە لە 'مودەڕیس لە مێڵبۆرن'. کارەکتەرەکەم تێکەڵەیەکە لە واقیع و خەیاڵ، کە تێیدا مودەڕیس بەشداریی کۆبوونەوەکانمان دەکات و چیرۆکەکەی تێکەڵ بە چیرۆکی کارەکتەرێکی دیکە دەبێت بە ناوی ئەندرۆ لە مێڵبۆرنەوە."
 
ئەم دەستپێشخەرییە دەرفەتێکە بۆ ئاڵوگۆڕی بیر و ئەزموون و پتەوکردنی پەیوەندییە مرۆییەکان لە رێگەی زمان و ئەدەبەوە. "ترووکێنەری مەرەکەبی" لەلایەن کۆمەنوێڵس و ئەنجوومەنی پەیوەندییە ئوسترالی-عەرەبییەکانەوە پاڵپشتی دەکرێت، کە نیشانەی گرنگیپێدانی نێودەوڵەتییە بەم جۆرە پڕۆژە کولتووریانە. چاوەڕوان دەکرێت بەرهەمی ئەم ژوورە ئەدەبییە، ببێتە سەرەتایەک بۆ هاوکاریی زیاتر و ناساندنی ئەدەبی کوردی بە جیهان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە