لوقمان باپیر: بەکارهێنانی وشەی وەرگێڕ هەڵەیە

01-05-2024
محەممەد عزەدین
لوقمان باپیر، نووسەر و وەرگێڕ
لوقمان باپیر، نووسەر و وەرگێڕ
نیشانەکردن لوقمان باپیر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بە بڕوای لوقمان باپیر، وەرگێڕی کورد، بەکارهێنانی وشەی وەرگێڕ هەڵەیە و "موتەرجم"ـی عەرەبی بە دروستتر دەبینێت. بە بڕوای ئەو، دەبێت لە بری وەریگێڕاوەتە کوردی' بگوترێت کردوویەتی بە کوردی. 
 
لە میانەی بەڕێوەچوونی 16یەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب، رووداو هەڤپەیڤینێکی لەبارەی وەرگێڕان لەگەڵ لوقمان باپیر کرد، ئەو تێڕوانینی خۆی بۆ وەرگێڕان خستەڕوو. بە بڕوای ئەو وەرگێڕان دووبارە نووسینەوەی دەقە، بەڵام لە زمانێکەوە بۆ زمانێک نییە، بەڵکو لە کولتوورێکەوە بۆ کولتوورێکی دیکەیە.
 
گوتیشی: زۆربەی زۆری تایبەتمەندییەکانی هەر زمانێک، کولتووری ئەو زمانە دروستی کردووە. ئەگەر دەقێک لە زمانێکەوە بکەیتە زمانێکی دیکە، دەبینی مانا نادات. 
 
لەبارەی کێشەی رێنووس و خاڵبەندی لە کتێبە کوردییەکان،  لوقمان باپیر دەڵێت، بەشێک لە نووسەرەکان پێویستیان بەوە نییە کەس بە نووسینەکانیاندا بچێتەوە، بۆ نموونە نووسینەکانی عەزیز گەردی. گوتیشی: ئەو کتێبەکانی بۆ پێداچوونەوە بە کەس نادات. خەڵكێکی دیکە لە بوارەکەدا کار دەکەن، شارەزاییان لە دارشتنی کوردیدا نییە، چونکە دارشتن لە کوردییدا لە خاڵەبەندی گرنگترە، ئەگەر داڕشتنەکەت کوردی نەبێت، زمانەکە دەشێوێنیت، ئەو تام و چێژە نادات کە باب و باپیرانمان قسەیان پێیکردووە.
 
رۆمانی "پەردووی دووەمین ئەزەل"ـی سەلیم بەرەکات، لەلایەن لوقمان باپیر لە عەرەبییەوە کراوەتە کوردی، وەرگێڕ لەبارەی ئەو رۆمانووسە کوردە گوتی: سەلیم بەرەکات شێوازێکی زۆر خۆشی نووسینی هەیە، بەڵام خەڵک بە شێوازێکی قوڕسی دەبینێت، بە تایبەت لە زمانی عەرەبیدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە