رووداو دیجیتاڵ
دوای نزیکەی سێ ساڵ وەستانی چالاکییە ئەدەبییەکان لە شاری بانە، هۆڵی فەرهەنگی هونەری شارەکە جارێکی دیکە لەژێر ناوی (پاییزانەی وشە و گەڵا) پێشوازی لە کۆڕێکی شیعری گەرموگوڕ کرد. لەو ئێوارە شیعرییەدا، شاعیران و دۆستانی شیعر و ئەدەبی کوردی کۆبوونەوە بۆ گوێگرتن لە بەرهەمی شاعیرانی شارەکە.
فەریدون تەوکولی، ئەکتەری شانۆ، خۆشحاڵی خۆی بە بەڕێوەچوونی ئەم کۆڕە دەربڕی و رایگەیاند: "زۆر خۆشحاڵم کە هۆڵی شانۆییەکەمان لەدوای نزیکەی سێ ساڵ، شەوی شیعری تێدا بەڕێوەدەچێت. چەند خۆشە کە شەوی شیعری لە شارەکەمان بەڕێوەدەچێت، شارەکەمان پێویستی بەم کۆڕانە هەیە."
ئەو کۆڕە لەلایەن بنکەی ئەدەبی و فەرهەنگی بەڕۆژەی بانە رێکخرابوو. تایبەتمەندی دیاری کۆڕەکە تێکەڵبوونی شیعری کلاسیک و هاوچەرخ بوو، کە لەلایەن هەردوو شاعیرانی بەتەمەن و گەنجەوە پێشکێش کران.
هەستیار رۆستەمی، نووسەر و شاعیر، ئاماژەی بەوە کرد: "ساڵانێکی زۆر بوو کۆمەڵگەی ئەدەبی بانە کۆڕی شیعری بەڕێوە نەبردبوو. کۆڕێکی شیعری تایبەت بوو، ئەوەی جێی سەرنج بوو لە خوێندنەوەی شیعرەکان، تێکەڵی شیعری کلاسیک لەگەڵ شیعری مۆدێرن و پۆست مۆدێرن هەبوو، لەلایەن گەنجەکان و بەساڵاچووانەوە خوێندرانەوە."
لە کۆڕەکەدا 21 شاعیر بەشدار بوون، وێڕای خوێندنەوەی شیعر، چەند گۆرانییەکیش لەلایەن هونەرمەندانەوە پێشکێش کران کە کەشێکی تایبەتی بە کۆڕەکە بەخشی.
شێوە عەبدوڵڵاهی، ئەندامی بەڕێوەبەری بنکەی ئەدەبی بەڕۆژە، هۆکاری رێکخستنی کۆڕەکەی روونکردەوە: "ماوەیەک نسکۆیەک لە کاروچالاکییەکانمان هەبوو، یەک دوو ساڵ بوو هیچ چالاکییەکمان نەبوو. لەدوای هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی بنکەکەمان بڕیارمان دا شەوە شیعرێک لەژێر ناوی خەرمانەی وشە و گەڵا بەڕێوە ببەین."
ئەو شیعرانەی لە کۆڕەکەدا خوێندرانەوە، پێشتر لەلایەن لیژنەیەکی هەڵسەنگاندنی بنکەی ئەدەبیی بەڕۆژەوە هەڵبژێردرابوون بۆ ئەوەی شاعیرەکانیان بتوانن بەشداری لە کۆڕەکەدا بکەن و بەرهەمەکانیان بۆ ئامادەبووان بخوێننەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ