یەکێک لەو بابەتە هەرە گرنگانەی لەنێو فەرهەنگی ماسمیدیادا، بەتایبەتی ماسمیدیای کوردی، تووشی فەرامۆشکردنێکی کوشندە بووە، بریتییە لە قسەکردن و هێنانەبەرباسی مرۆڤی پاڵەوان لەناو دنیای ئەمڕۆماندا. بۆیە پێموایە، قسەکردن لەسەر مۆدێرنەی کوردی بەبێ قسەکردن لەسەر شاردنەوە و نابووتکردنی پاڵەوان مەحاڵە هیچ تێگەیشتنێکمان بخاتە بەردەست.
لێرەوە ئێمە با بپرسین: ئایا ئەم دەردەنیشانەیە لەکوێوە سەرچاوەی گرتووە. ئەی پیواربوونی ئەم تێمایە لەناو فەرهەنگی نوێی کوردیدا چ دەرئەنجامێکی مۆراڵی لێ دەبێتەوە، لەکاتێکدا لەڕێی فەرهەنگی بەرخۆری و مشەخۆرییەوە تادێت مرۆڤەکان زۆرتر و پیستر دەبنە مرۆڤی ئیگۆیست و نارسیست و خودویستی قێزەون، لەکاتیكدا تادێت کۆمەڵگەی کوردی پتر شیرازەی پێکەوەبوونەکەی بەرەو تێکچوون دەچێت و پتر لەبەریەک هەڵدەوەشێتەوە و ئەم لەبەریەکهەڵوەشانەوەیەشیان ناوناوە، کۆمەڵگەی فرەجەمسەری و تاکگەرایی.
کەواتە بابزانین داخۆ مرۆڤی تاک لەو کۆنتێکستە فەرهەنگییە کوردییەدا تا چ قووڵاییەکی فەلسەفی و سۆسیۆلۆگی ڕۆشتووە و چ دووراییەکی بوونگەرانەی بڕیوە. هەروەها با بزانین، ئایا دەکرێت بەو جۆرە مرۆڤە تاکخوازە بگوترێت پاڵەوان، تەنیا لەبەرئەوەی دەیەوێت ژیانی خۆی بژی بەرەنگاری هەموو ئاڵەنگارییە پسایکۆلۆگی و سۆسیۆلۆگییەکان بووەتەوە؟ یان پاڵەوان خودێکە پێشتر گوتارێک و زمانحاڵێکی هەبووە؟
لێرەوە دەمەوێت تیشکێک بخەمە سەر فیگۆری پاڵەوان وەکو سوبیەکتێک لەخۆیدا. واتە لەناو لەبەریەکهەڵوەشانەوەی کۆمەڵگەکەمان بۆ تاک و گروپ و دەستەی جیاجیا، دەپرسین ئایا ئەمانە هەڵگری چ خودگەراییەکی پاڵەوانخوازین؟
سەرەتا دەبێت بزانین کە خودی پاڵەوان بریتییە لەو کەسەی لەنێو هەلومەرجە بەرزونزمەکانی ژیاندا لەدایک دەبێت. واتە هەموو ئەو ڕووداو و تەنگانە و هەڵکشان و داکشان و هەڵنووتن و سەرکەوتنانەی لەکایەی ژیاندا دێنە پێش، بریتین لە ئەتمۆسفێر و لانکەی بنەڕەتییانەی لەدایکبوونی مرۆڤی پاڵەوان.
هەلومەرجی ڕەق و توند، جیهانێکی بە زەبروزەنگ مرۆڤەکان دەهاڕن و جارێکی تر دەیانکەنەوە بە مرۆڤێکی تری پتەو. وەک سیزیف کە ژیانی بە خەباتکردن بۆ بەگژداچوونەوەی ڕەقێتی جیهان لەڕێی بردنەسەرەوەی بەردەکە بۆ سەر شاخەکە بردە سەر. فەرهاد لەعەشقە گەورەکەیدا بۆ شیرین دەستیکرد بە هەڵکۆڵینی بەردە ڕەقەکان، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی خۆشەویستی وەکو هەستێکی ڕەق وایە بەسەر ڕۆحمانەوە و دەبێتە مایەی خۆگۆڕینمان.
ئەم ڕەقێتییەی جیهان وادەکات مرۆڤ وەڵامێکی تری پرسیاری درێژەدان بە ژیان بداتەوە، ئەویش ئەوەیە: بۆئەوەی لە جیهاندا بمێنیتەوە، دەبێت بەرگەی ڕەقێتیی جیهان بگریت. لێرەدا هەناسەیەکی ستۆیکیزم ئامادەیە، کە هانی مرۆڤ دەدات بۆ بەرگەگرتن و ئارامگرتن لەکاتی تەنگژەدا.
لەنێو هەموو داستانە مێژووییەکان و ئەدەبییەکاندا لە ئۆدیسەوە بیگرە تا دەگاتە ڕۆمانی سەردەمی نوێ، هەروەها لەنێوبەندی مێژووییدا هەر لە ئەلێکساندەری مەزنەوە تا دەگاتە سوپەرستارەکانی سینەما، دەبینین پاڵەوان بریتی بووە لەو کەسەی بەناو ئازار و ئاگردا تێدەپەڕێت و لەوسەرەوە وەکو کەسێکی نوێی پتەو، نەبەز، دلێر دێتە دەرەوە. پاڵەوان خودێکی خۆدروستکەرە.
مێژووی مرۆڤ بریتی بووە لە مێژووی ململانێکانی خۆدروستکردن. لەکوێش کۆسپ و تەگەرە هاتبێتە بەردەم مرۆڤ، لەوێدا بازی داوە بەسەریاندا. پاسکال دەیگوت: مرۆڤ بەردەوام خۆی بەسەر مرۆڤدا زاڵ دەکات.
ئێ خۆ ئەگەر دۆخی ئێستای کۆمەڵگەی کوردی وەک کوێرەوەرییەک، وەک جیهانێکی داڕزاو، وەک دنیایەکی پڕ لە کێشە و گرفت و تەنگژە ببینین، کە لەمڕۆدا زۆربەی پەخشانە کوردییەکان، شیعر، ڕۆمان، لێکۆڵینەوەکان، تەنانەت کارە هونەرییەکانیش هەروەکو دنیایەکی پڕ لە کێشە و تەنگژە پێناسی دەکەن، دنیایەک کە نە هۆشیارییەکی دروستی مۆراڵی شک دەبات و نە ڕۆحێکی بەرپرسیارانە بەرانبەر بە جیهانیژیانی خۆی، ئەی کوانێ هێزەکانی تێپەڕاندنی واقیع، لەکوێن ئەو سوبیەکتانەی پڕۆگرامی چاککردنی دەردەکانی جیهانیژیانی ئێمەیان پێیە؟
دیارە شکستی گوتاری ئۆپۆزسیۆنی سیاسی لە گۆڕینی سترەکتوری پێکهاتەی سیاسی ئێمەدا و زەلیلبوونی گوتاری ئەدەبی و فەلسەفیمان لەبەردەم پەروەردەکردنی سوبیەکتی پاڵەواندا، بۆ هەموومان بووەتە بەڵگەنەویست، لەبەرئەوە لێرەدا زۆر ڕەدووی ئەم دوو گوتارە ناکەوین.
لە هەرکوێیەک چاو دەگێڕیت، زۆرتر ئەو جۆرە تاکەکەسانە دەبینی کە بەپێی ستاندارد و پێوەری ماسمیدیا بەرهەم دەهێنرێن. بۆیە زۆرینەی کۆمەڵگەی ئەمڕۆمان کرۆکێکی جەماوەری و میللییانەیان هەیە وەک لەوەی چیەتییەکی ئیندیڤیدوالیزمیان هەڵگرتبێت. تاک بوونەوەرێکە بەدەمامک وەک تاک دەردەکەوێت، بەڵام بە ڕوخساری حەقیقی خۆی بوونەوەرێکی جەماوەرییە.
دۆخی شێواو و پڕ لە ئاشووبی دنیای ئێمە کراوەتە بیانوویەک بۆ مرۆڤە کزەڵەکان کە بیر لە هیچ گۆڕانکارییەکی ئەو دۆخە نەکرێتەوە. لەڕووی سیاسییەوە، بەو واقیعە سیاسییە ڕازین، لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە، بەو کۆمەڵگا پڕ لە ئاشووبە ڕازین، لەڕووی تاکایەتییەوە، بەو تاکە کۆنزومگەر و ڕووکەشخواز و شکستخواردووە ڕازین.
زەلیلکردنی هێزەکانی ژیان لێرەوە دەستپێدەکات کە خواستی گۆڕانکاری دادەمرکێنرێتەوە. هەڵبەت هەموو مێژووی گۆڕانکارییەکانی ناو مێژوو، لەوێوە دەستیپێکردووە کە مرۆڤ سەرەتا وەکو تاک خۆی بگۆڕێت و دواتر لەوێوە جیهان دەگۆڕێت. مرۆڤ بوونەوەرێکە بەخۆدەستکاریکردن دەتوانێت دەستکاریی جیهان بکات.
چیرۆکی هەموو پێغەمبەرەکان و جاویدەکان و وەرزشوانەکان و ئامۆژگاریکاران و داناکان و زاناکانیش ئەوەمان بۆ دەسەلمێنن کە هەموو هەوڵێکی گۆڕینی دونیا بەناو خودگۆڕیندا تێدەپەڕێت. وەک سلۆتەردایک لەجێیەکدا دەڵێت: هەموو مرۆڤێک میتامۆرفۆزەیەکە. هەموو ئەو شۆڕش و ڕاپەڕین و ڕیفۆرم و هەڵگەڕانەوانەی لە مێژوودا ڕوویانداوە، بریتی بوون لە هەوڵی چاکترکردنی بارودۆخی ژیانی مرۆیی.
ئەم ڕووداوانە مرۆڤی پاڵەوان دێننە ئاراوە. چونکە لەهەر شوێنکاتێکدا فشار لەسەر مرۆڤ زیاد بکات، ئەوسا بەرەنگاربوونەوەی مرۆڤیش زیاد دەکات. لە هەر شوێنکاتێکیشدا مرۆڤەکان زەلیلانە دەربکەون، ئەوسا مرۆڤی نەبەرد، مرۆڤی پاڵەوان سەرهەڵدەدات. هوێلدەرلین دەیگوت: لەکوێ مەترسی هەبێت، لەوێ ڕزگارکەر سەرهەڵدەدات. چونکە مرۆڤ بوونەوەرێک نییە لەناو زەلکاوی تەنگژەکانی خۆیدا خۆی بگەوزێنێ، بەڵکو بوونەوەرێکە لە دەرەوەی زەلکاوەکەدا بوون و داهاتووی خۆی دەبینێتەوە.
من تەواو ناکۆکم لەگەڵ ئەو بیرۆکەیەدا کە شەکسپیر دەیگوت: ئەو کوێرەوەرییەی هەمانە، باشترە تێیدا بژین وەک لەوەی بەرەو نادیار هەڵبێین. چونکە هەڵهاتن بەرەو"گۆڕان" یەکێکە لەو تەکنیکە نهێنیدارانەی کە زیندوومانەوەی مرۆڤ مسۆگەر دەکات. بۆیە مرۆڤی زەلیل بریتییە لەو دەمامکەی کە لەژێرەوەیدا پاڵەوانە شکستخواردووەکان خۆیان پەنهان کردووە.
لە تەماشاکردنێکی پانۆرامایی مرۆڤەکانی دنیای ئێمەدا، کە دەبینین زۆرینەیان لەبری ڕەخنەی عەقلانی و لەبری ژیربێژیی هەڵسەنگاندن جنێوفرۆشی و جوێندان بە سەرلەبەری ئەو واقیعەی تێیدا دەژین بریتییە لە گوتاری تاقانەیان، ئەمە دیارترین نیشانەی نهیلیزمبوونی فەرهەنگەکەمانە. کاتێکیش کە کۆمەڵگا دەبێتە کارخانەی بەرهەمهێنانی زۆرخۆری و مشەخۆری و بەرخۆری و، کولتووری بەفیڕۆدانی وزەکانی ژیان زاڵ دەبێت بەسەر ستراتیژی پاراستنی ژیان، مرۆڤی تاک لەبری ئەوەی وەرزشی خۆتۆکمەکردن و مەشقی خۆگۆڕین بکات لەپێناوی چاکترکردنی دنیاکەی، کەچی زۆر فاشیزمانە دەکەوێتە تفکردن لە هەموو ڕوخسارەکانی و لەهەموو ئاوێنە و لە هەموو پەنجەرەکانی ڕوانین.
لەڕاستیدا کە واقیع گەندەڵ دەبێت، مرۆڤی پاڵەوان ئەوەیە واقیعییانە نەژی، بەڵکو دژەواقیعییانە بژی. واتە بەپێی ستانداردی بەهاکانی ئەو شوێنکاتە نەژی، بەڵکو پێچەوانەکەی وەرگرێت. پاڵەوان خودێکی ئەبستراکت و داماڵراو نییە لەو ژینگەیەی تێیدا دروست دەبێت، بەڵکو خودێکە ڕێک لە دۆزەخی واقیعەوە، لە ئازارە قووڵەکانییەوە، لە نائومێدییە بێزارکەرەکەیەوە، لە بێهیوابوونە کوشندەکەیەوە دروست دەبێت.
لێرەدا دەستەواژەیەکی سلۆتەردایک دەهێنمەوە کە لەم ڕووەوە دەڵێت: ژەهر پێویستی بە دژەژەهرە، هەروەکچۆن سیۆران بەبیرۆکەی خۆکوشتن، بەرگەی توندوتیژی ژیانی گرت و بەوەش درێژەی بەژیان دەدا.
لای ئێمە جۆرێک هۆشیاریی باو هەیە، بەئاشکرا لە هەموو سووچێکی ئەو هەرێمەدا، لە هەموو ڕەگەزەکاندا دەبینرێت کە زۆرینەی لاوان پێیانوایە، لەناو ــ کوردستانداــ بوون جۆرێکە لەبەسەربردنی ژیانێکی بەدفەڕ و بەربادانە کە هیچ ئاسۆیەکی گۆڕانکاری تێدا شک نابرێت. وەک ئەوەی بیانەوێت بە زمانێکی فەلسەفی بڵێن: لەناو جیهاندابوون لەوێ بریتییە لە سزایەکی ئۆنتۆلۆگی بۆ مانەوە لەناو زیندانی نیشتماندا.
لێرەوە جۆرێک لە ڕەخنەی تیۆری سەبارەت بە واقیع دروست بووە کە هیچ ئەگەر و شیمانەیەک و ئاسۆیەک نابەخشێت بە مرۆڤ، بەڵکو ئیتر ئەو بەربادییەیان کردووەتە قەدەرێکی وجودی و سۆسیۆلۆگییانەی ئەو هەرێمە. دیارە ئەم تیۆرییە لەگەڵ تێزەکەی شەکسپیردا تەبا دێتەوە، بەوەی قبووڵی دۆخە کوێرەوەرەکە بکەین. هەڵبەتە بەشی هەرە گەورەی ئەدەبیاتی دوای ڕاپەڕینی ئێمە کار لەسەر ئەوە دەکەن ئەکتیڤیتێتی مرۆڤ پاسیڤتر بکەن، کار لەوەدا دەکەن لەناو ئەو ژەهرەدا، لەناو ئەو زەلکاوەدا مرۆڤ گینگڵ بدات و تۆوی هیچ دەرچە و هیچ ڕوانگەیەک و هیچ هیوایەک لە ڕۆحی ئەو هەرێمەدا ناچێنرێت. هەر ئەوەش وای کردووە میدیای جەماوەری پتر چاوببڕێتە ئەو مرۆڤە میللییە بەربڵاوەی لەڕێی فەرهەنگێکی وەها دەردەدارەوە داغان بووە.
هێندەی من ئاگاداری ئەدەبیاتی دنیا بم، تەنانەت بەوەشەوە کە پێیدەگوترێت ئەدەبی بێهوودەگەر، پڕۆژەی دروستکردنی پاڵەوانەکانی بریتی بووە لەوەی درێژە بە ژیان بدەن. کەچی لە دنیای ئێمەدا تا دێت، مرۆڤی بەرخۆر و مشەخۆر و زەلیل و کزەڵ و بەدبین و شکستخۆر پەروەردە دەکرێت، شتێک کە ئەرکی دەسەڵات و ئەرکی گوتاری هیومانیزمی کوردییە کار بۆ پرۆگرامی پەروەردەکردنی مرۆڤ بکات و بەگژ ئەو جۆرە لە مرۆڤدا بچێتەوە کە نیتچە پێی دەگوت: دوا مرۆڤ.
دوامرۆڤ تەنیا لەنێو کۆنتێکستێکی ئەوروپی و مەسیحی و خۆرئاواییدا نابینرێت، بەڵکو ئەمڕۆ بووەتە مۆدێلێکی نموونەیی لەناو کۆمەڵگە بەربڵاوە مشەخۆرەکانی دنیا و تەواوی گرفتەکانی بوون و جیهان و ژینگە گرێدراوی ئەم پارادیگمایەن لە مرۆڤ، دوامرۆڤ.
شتێک کە بتوانێت بەگژ ئەم مۆدێلەدا بێتەوە، خودی ئەو مرۆڤەیە کە لەناو ئەو کایەیەدا دروست دەبێت، بەڵام بەپێچەوانەوە ڕەوت دەکات و تەماشای شوێنی دوورتر دەکات.
لەبری گینگڵدان لە زەلکاوەکەدا، ڕۆحی پاڵەوانێتی لەخۆیدا ئەکتیڤ دەکاتەوە و بەجۆرێک لە جۆرەکان بۆئەوەی بەرەنگاری زۆرخۆری بێتەوە، وەک هونەرمەندە برسییەکەی کافکا، بەڕۆژوو دەبێت، بۆئەوەشی نەکەوێتە نێو باق وبریقی ماسمیدیاوە، وەکو فۆکۆ تەکنیکی خودپەرۆشی دادەهێنێ و بۆئەوەشی واقیع بگۆڕێت و ئاستی باو و ئاسۆییانە تێپەڕێنێت، وەک سلۆتەردایک هەڵکشانی ڤێرتیکاڵ ئەنجام دەدات، ئاوەها وەک نیتچە دەیگوت، نەکەن پاڵەوان لە ڕۆحتاندا بکوژن، چونکە ئەو ڕۆحیەتە تاکە بزوێنەری دەرچوونی مرۆڤە لە مۆدێلی دوامرۆڤ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ