ڤاکسینەکان هیوای دەربازبوونی مرۆڤایەتین

01-04-2021
دکتۆر عارف گۆران
نیشانەکردن ڤاکسین کۆرۆنا
A+ A-
تا ئەو چرکەساتە، کە نزیکەی شەش سەد ملیۆن ژەمی ڤاکسین لە سەرانسەری جیھان بەكارهاتووە، ھیچ لێکۆڵینەکی زانستی نیشانی نەداوە، کە ڤاکسینەکان رێژەی مردن زیاد دەکەن. بۆیە بۆ دەربازبوون لەو پەتایە جگە لە بەکارھێنانی ڤاکسینەکان، مرۆڤایەتی ھیچ بژاردەیەكی دیکەی لەژێردەستدا نیییە.
 
ساڵێکی رێکە رۆژانە لە قاوشەکانی نەخۆشخانەکەم بەھۆی ئەو ڤایرۆسە نەگریسەوە بۆنی مردن دەکەم، خۆشبەختانە زانست توانی لە ماوەیەكی زۆر كورتدا کۆمەڵێک ڤاکسینی کاریگەر و سەلامەت بخاتە ژێردەست مرۆڤایەتی . ئەوەی جێگەی داخە خەڵکانێک تەنانەت ھەندێک دەزگە و ناوەندیش پڕوپاگەندەی نازانستی بەرامبەر ڤاکسینەکان بڵاودەکەنەوە و خەڵك لە وەرگرتنی ڤاکسینەکان سارد دەکەنەوە، لە کاتێکدا ھیچ بژاردەیەكی دیکە ناخەنە بەردەست بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا کە مرۆڤایەتی تووشی گەورەترین کێشە کردووەتەوە.
 
لە راستیدا جگە لە رێکارەکانی خۆپارستن، ڤاکسینەکان تاکە ھیوای مرۆڤایەتین بۆ دەربازبوون لەو پەتایە . دیارە ئێستا کۆمەڵێک ڤاکسین بەکاردەھێنرێن، کاریگەری ڤاکسینەکان وەک لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن لە 65٪ بۆ 95٪ی بە گوێرەی جۆری ڤاکسینەکان دەگۆڕێت، بەڵام خاڵی گرنگ ئەوەیە، ھەموو ڤاکسینەکان نەخۆش لە ئەگەری تووشبوون بە ڤایرۆسەکە بە شێوەیەکی تووند دەپارێزن، واتە ھەر کەسێک کە ڤاکسین وەردەگرێت، تەنانەت ئەگەر تووشی ڤایرۆسەکەش بێت بە سووکی دەیگرێت و پێویستی بە چارەسەری نەخۆشخانە نابێت! بەڕای من ئەوە سەرکەوتنێکی زۆر گەورەیە بۆ ناوەندە زانستییەکان، هەرچەندە رەنگ بێت دوای ھەر ڤاکسینێک ئەگەری ھەندێک کێشەی لاوەکی لای هەندێك كەس لە ئارادا بێت، وەک تاو و لەرز و ئازاری لەش و سەرئێشە و لەش داھێزران. ئەم نیشانانە شتێکی کاتییە و تەنھا دوو یان سێ رۆژ دەخایێنێت.  ئەو کاریگەرە لاوەکیانە لە بەشێک لە ڤاکسینەکان زیاترە لە بەشێكی دیکەیان، بەڵام ئەمە شتێكی ئاساییە و زۆربەی ڤاکسینەکان و دەرمانەكان كاریگەریی لاوەكیان هەیە.
 
تا ئەو چرکەساتە، کە نزیکەی شەش سەد ملیۆن ژەمی ڤاکسین لە سەرانسەری جیھان بەكارهاتووە، ھیچ لێکۆڵینەکی زانستی نیشانی نەداوە، کە ڤاکسینەکان رێژەی مردن زیاد دەکەن. بۆیە بۆ دەربازبوون لەو پەتایە جگە لە بەکارھێنانی ڤاکسینەکان، مرۆڤایەتی ھیچ بژاردەیەكی دیکەی لەژێردەستدا نییە!.
 
ئێستا بڕێکی زۆر کەم لە ڤاکسین گەیشتووەتە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەڵام لە چەند مانگی داھاتوو ئەو رێژەیە بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەبێت، بۆیە ئێمەی کوردیش وەک سەرجەم دانیشتووانی جیھان دەبێت دڵخۆش بین بە گەیشتنی ڤاکسین و پێشوازیی لێبکەین. 
 
تکایە ئەگەر بە باشی دەزانیت، ئەو بابەتەی من لای خۆت شەیربکە، بۆ ئەوەی دڵنەوایی بدەینە ئەو کەسانەی ترسیان بەرامبەر وەرگرتنی ڤاکسینەكان هەیە، چونکە گەلێک جار خودی دوودڵی دەبێتە کێشە بۆ کەسەکان نەك ڤاکسینەكان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە