رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی منداڵان شەش مەرجی گرنگ بۆ بەڕؤژووبوونی منداڵ باس دەکات و دەڵێ، ئەو منداڵانەی نەخۆشیی شەکرە یاخود جگەر و گورچیلە یانیش دواکەوتنی گەشەیان هەیە، نابێت بەڕۆژوو بن.
د. سۆران سابیر، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان رایدەگەیێنێت، ئەگەر منداڵی بەڕۆژوو هەستی بە نیشانەکانی وشکبوونەوەی جەستە کرد، پێویستە دەستبەجێ رۆژووەکەی بشکێنێت و شلەمەنی پێبدرێت.
شەش مەرجی سەرەکیش بۆ بەڕۆژووبوونی منداڵ باس دەکات؛
1- منداڵی سەروو 10 ساڵان دەتوانێت رۆژوو بگرێت، بەڵام ئەگەر هیچ نەخۆشی و کێشەیەکی تەندروستی نەبێت.
2- باشتر وایە منداڵی خوار 10 ساڵ رۆژوو نەگرێت، چونکە ئەگەری دابەزینی شەکری خوێنی هەیە، ئەگەریش هەر ویستیان، ئەوا بۆ فێرکردن و راهێنان با چەند کاژێرێک بەڕۆژوو ببێت، یانیش تەنیا خۆراک نەخۆن بەڵکو شلەمەنی و ئاو بخۆنەوە.
3- ئەو منداڵانەی نەخۆشیی شەکرە یاخود جگەر و گورچیلە یانیش دواکەوتنی گەشەیان هەیە، نابێت بەڕۆژوو بن.
4- ئەو منداڵانەی بەڕۆژوو دەبن پێویستە خۆراکی باش و تەندروست بخۆن و ئاو و شلەمەنی تەواویش بخۆنەوە ئەمەش باشترە دایک و باوک چاودێریی تەواویان بکەن.
5- منداڵی بەڕۆژوو نابێت خۆی ماندوو بکات و بچێتە بەر خۆر، یاخود یاریی زۆر بکات.
6- کاتێک منداڵی بەڕۆژوو هەستی بە بێهێزی، سەرسووڕان، گێژبوون یانیش وشکبوونەوەی تووند کرد... راستەوخۆ رۆژووەکەی بشکێنێت و شلەمەنی پێبدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ