لە سلێمانی پزیشکانی خولاو بایکۆتی کاریان راگەیاند

01-06-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

لە سلێمانی پزیشکانی خولاوی ساڵی دووەم و دەرچووانی پزیشکیی گشتیی دانەمەزراو گردبوونەوە و سەرجەم پزیشکانی خولاوی ساڵی دووەم بایکۆتی کاریان راگەیاند 'تاوەکو وەڵامی داواکارییەکانیان دەدرێتەوە'.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 1-6-2025 نوێنەرێکی پزیشکانی خولاو لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، لە مانگی یانزەوە دەبوایە ئێمە پلەمان بەرز بکرێتەوە، بەڵام دواکەوتووین و ئێستاش وەزارەتی تەندروستی دەیەوێت جگە لە دەوامی خۆمان، دەوامی پزیشکانی پلەبەندیش بکەین.
 
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا پزیشکانی خولاوی ساڵی دووەم لە سلێمانی رایانگەیاند، ژمارەی پزیشکانی خولاوی ساڵی یەکەم و دووەم 550 پزیشکە و پزیشکانی ساڵی دووەم نزیکەی 240 کەس پێکدەهێنن کە هەموویان دەستیان بە بایکۆت کردووە.
 
ئەمڕۆ نوێنەرانی پزیشکانی خولاوی ساڵی دووەم و بەشێک لە پزیشکانی گشتیی دانەمەزراو لە سلێمانی گردبوونەوە و لە راگەیێندراوێکی پزیشکانی خولاودا هاتووە، ماوەی یاسایی کارکردنیان وەکو پزیشکی خولاو تەواو بووە و چیدیکە لە نەخۆشخانەکان کار ناکەن.
 
بەگوتەی خۆیان، زیاتر لە دوو ساڵە لەنێو نەخۆشخانەکان خزمەت دەکەن، ئێستاش دەبێت ناونیشانی کاریان لە پزیشکی خولاوەوە بەرز بکرێتەوە بۆ پزیشکی پلەبەند، بەڵام بەهۆی دانەمەزراندنی پزیشکانی 2024، ئەوانیش هەر لە شوێنی خۆیان ماونەتەوە.
 
پزیشکی خولاو ئەوانەن کە کۆلێژی پزیشکیی گشتی تەواو دەکەن و لە نەخۆشخانە گشتی و فریاکەوتنەکان دەوام دەکەن، دوای ئەو دوو ساڵە دەبنە پزیشکی پلەبەند کە ماوەکەی یەک ساڵە و لە بنکە و مەڵبەندە تەندروستییەکان دەوام دەکەن، پاشانیش دەبنە پزیشکی شارەزای گشتی یاخود پسپۆڕییەکی دیاریکراو دەخوێنن و دەبنە پزیشکی پایەبڵند و دوای تەواو بوونی پڕۆسەی خوێندنەکەش، دەبنە پسپۆڕ.
 
بەڵام ئێستا پزیشکی خولاو ناتوانن ببنە پزیشکی پلەبەند، چونکە پزیشکی نوێ دانەمەزراون بۆ ئەوەی شوێنیان بگرنەوە.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو، حەوت زانکۆ بەشی پزیشکیی گشتییان هەیە و ساڵی رابردوو، 778 پزیشکیان پێگەیاندووە کە تاوەکو ئێستا هیچیان دانەمەزراون.
 
ژمارەی پزیشکانی گشتیی دەرچووی ساڵی 2024 بەپێی زانکۆکان بەم شێوەیەیە؛
 
- زانکۆی هەولێری پزیشكی؛ 273 پزیشک
- زانکۆی سلێمانی؛ 288 پزیشک
- زانکۆی دهۆک؛ 102 پزیشک
- زانکۆی زاخۆ؛ 21 پزیشک
- زانکۆی کۆیە؛ 43 پزیشک
- زانکۆی  گەرمیان؛ 15 پزیشک
- زانکۆی کوردستان - هەولێر؛ 36 پزیشک
 
دواین هەواڵ لەسەر دامەزراندنیان ئەوە بوو کە لە کۆبوونەوەیەکی مانگی رابردووی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان راگەیێندرا، پێویستە دەرچووانی کۆلێژە پزیشکییەکان هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، لەسەر میلاکی تەندروستیی عێراق دابمەزرێن و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق هاوئاهەنگی بکرێت، بەڵام تائێستا پرسەکە بە بێدەنگی ماوەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە